سەرەکی » وتار » لە ئابڕوچوونەكەی وۆتەرگێت-ەوە بۆ سەرۆك ترەمپ!

پیرە رۆژنامەنووسەكەی (واشنتۆن پۆست)

لە ئابڕوچوونەكەی وۆتەرگێت-ەوە بۆ سەرۆك ترەمپ!

مەریوان مەسعود

گەورەترین و بەناوبانگترین ئابڕوچوونی سیاسیی لە ئەمریكا بە درێژایی دامەرزاندنی ئەم وڵاتە زلهێزە، (ئابڕوچوونەكەی وۆترگێت)ە، كە بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی ئەمریكادا سەرۆكێك ناچار بكرێت ئیستیقالە بكات.

لەوانەیە، رووداوەكە زۆربەتان لە رووە سیاسییەكەی بیستبێتتان، بەڵام ئەوەی من لە ئەڵقەی ئەمجارەی گۆشەكەم تیشكی دەخەمە سەر، رۆڵ و پێگەو كاریگەریی رۆژنامەیەكی سەنگینی وەكو (واشنتۆن پۆست)ە، ئەگەر ئەو رۆژنامەیەو رۆژنامەنووسە بوێرەكانی نەبوونایە، هەرگیز ئەم ئابڕووچوونە گەورەیە ئاشكرا نەدەكرا.

ئابڕوچوونەكە چی بوو؟
لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەساڵی 1972 كە ریچارد نیكسۆن تێیدا بووەوە بە سەرۆك و شكستی بە ركابەرە دیموكراتییەكەی هێنا (هێبرت هێمفری)، دوای سوێندخواردنی وەكو سەرۆك، رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)، راپۆرتێكی مەترسیداری لەسەر سەرۆك نیكسۆن بڵاوكردەوە، كە بە بەڵگەوە سەلماندی لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان، نیسكۆن و تاقمەكەی چەندین ئامێری چاودێریكردن و تۆماركردنی نهێنیان داناوە لە تەلاری (وۆترگێت) كە بارەگای سەرەكی ركابەرە دیموكراتەكەی بوو بۆ هەڵمەتەكە… بەمەش كێشەكە ئەوەندە گەورەبوو، وای لە سەرۆك كرد بەیانیەكی زوو دەستلەكاربكێشێتەوەو ببێتە یەكەم سەرۆكی ئەمریكا دەستلەكاربكێشێتەوە. واشنتۆن پۆست بەمەش نەوەستا بەڵگەی زیاتر و زیاتری ئاشكراكرد تا نیكسۆن و تاقمەكەی و چەندین بەرپرسی كۆشكی سپی خرانە زیندانەوە، تا دواجار سەرۆكی دوای ئەو (گیرارد فۆرد)، لێبوردنی تایبەتی بۆ نیكسۆن دەركرد بە بیانوی تەندروستیی.

وۆترگێت، ئابڕوچوونێكی ئەوەندە گەورەیە، نە بە هاژوهوشەكانی سەرۆك ترەمپ و نە بە ئابڕوچوونە سێكسییەكەی سەرۆك كلینتۆن و نە بە هیچ كام لە سەرۆكەكانی تری ئەمریكا لە بیرناچێتەوە، ئەم رووداوەش وەكو دەڵێن بوو بە خێروبەرەكەت بۆ (واشنتۆن پۆست) كە بە ئێستاشەوە شانازیی پێوە دەكات، بۆیە بەیانییەكەی بە مانشێـتی گەورە نووسیبووی (نیكسۆن ئیستیقالەی كرد)..

بەمدواییەو بە دیاریكراویی لە 11ی سێبتێمبەری 2018، ئەو رۆژنامەنووسە ناودارەی كە ئابڕوچوونەكەی ئاشكرا كرد (بۆب وۆدورد)، كتێبێكی نوێی بڵاوكردەوە بەناونیشانی (ترسی ترەمپ لە كۆشكی سپی) تێیدا كۆشكی سپی لەسەردەمی دۆناڵد ترامپ بە (جیهانی شێتەكان) وەسف دەكات و چەندین نهێنی ناو كۆشكی سپی و خودی ترامپی كەشف كرد، كە پێی وایە زۆربەی فەرمانبەرەكانی كۆشكی سپی بە دەست ترەمپ-ەوە تووشی داڕمانی دەروونی بوون!، هەندێ‌ شیكەرەوەی سیاسیی پێیان وایە ئەم كتێبەی (بۆب وۆدورد) كاریگەریی سلبیی زۆری هەبووە لەسەر دەرنەچوونەوەی ترەمپ، چونكە قەڵەمی ئەم پیرە رۆژنامەنووسە لەسەردەمی (ئابڕوچوونەكەی وۆترگێت)ەوە كاریگەری هەیەو حیسابی زۆر بۆ دەكرێت.

بۆب وۆدورد، لە یەكێك لە نهێنییەكانی ترەمپ لە كتێبەكەی دەڵێت: دوای ئەو هێرشەی بە چەكی كیمیایی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا كردییە سەر خەڵكی سڤیلی وڵاتەكەی لە نیسانی 2017، ترەمپ لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا داوا لە وەزیری بەرگری دەكات بەشار ئەسەد بكوژێت، و بە وەزیرەكەی دەڵێت:» با بیكوژین با بچین بۆ ئەوێ‌ و زۆربەیان بكوژین». كاتێك تەلەفۆنەكە دادەخاتەوە، وەزیری بەرگری بە یەكێك لە یاریدەدەرەكانی دەڵێت: من بە سەرۆكم وت بەسەرچاو ئەنجامی دەدەین، بەڵام لە راستیدا من ئەو كارە ناكەم و دەبێت دیراسەو پلانی زیاترو وردترمان هەبێت، نەك كوشتن و تەواو». لەسەر ئەرزی واقیعیش هەر وابوو وەزیری بەرگری تەنیا فەرمانیدا چەند هێرشێكی ئاسمانی بكرێت بۆ سەر بنكە سەرەكییەكانی بەشار ئەسەدو زیانی زۆری پێگەیاندن، نەك وەكو سەرۆك ترەمپ وتبووی بڕۆن بیانكوژن.

لە نموونەیەكی تر بە بەڵگەوە بۆب وۆدورد لە كتێبەكەی باسی دەكات، لەسەر زاری گەورە راوێژكاری كۆشكی سپی (جۆن كیلی)، كە دەڵێت: «ترەمپ زۆر گەمژەو بێ‌ عەقڵە، هیچ شتێك ناچێت بە گوێیداو هەرگیز ئیقناع نابێت ، بەڵكو تەنیا ئەوە دەكات كە خۆی لە مێشكیدایە.. بۆیە من نازانم چۆن لەم جیهانە شێتانەیە دەوام دەكەم».

 241 جار بینراوە