سەرەکی » وەرزش » تا چه‌ند مباپی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ریاڵ مه‌درید ده‌كات؟

تا چه‌ند مباپی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ریاڵ مه‌درید ده‌كات؟

ئا:ئارۆ سەنگەر

ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ كه‌ باس له‌ میركاتۆی یاریزانان له‌ یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌درید ده‌كرێت له‌گه‌ڵیدا باس له‌ كیلیان مباپی ئه‌ستێره‌ی فه‌ره‌نسی یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمان ده‌كرێت كه‌ ئیداره‌ی ئه‌و یانه‌یه‌ خه‌ون به‌ ئیمزا كردنی بۆند له‌گه‌ڵیدا ده‌بینێت.

له‌م میركاتۆیه‌شدا كه‌ زۆرێك له‌ یانه‌كان به‌هۆی قه‌یرانی دارایی توانای خه‌رج كردنی پاره‌ی زۆریان نییه‌، له‌ ریاڵ مه‌درید گه‌رمترین باس باسی گواستنه‌وه‌ی‌ مباپێیه‌ و نوێ نه‌كردنه‌وه‌ی‌ بۆندی ئه‌و یاریزانه‌ش له‌لایه‌ن یانه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌و باسه‌ی گه‌رمتر كردوه‌و هیوایه‌كی زۆری به‌ هانده‌رانی یانه‌ی‌ شاهانه‌ به‌خشیوه‌.

مباپی هه‌رچه‌نده‌ هێشتا یاریزانی یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمانه‌ له‌لایه‌ن هانده‌رانی ریاڵ مه‌درید هیوایه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه‌ و پێیان وایه‌ ئه‌و باشترین جێگره‌یه‌وه‌ بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆ كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ یانه‌كه‌ رۆیشتووه‌و ئه‌و ده‌بێته‌ بناغه‌ی دروستكردنی پێكهاته‌یه‌كی تری گالاكتیكۆس.

پێگه‌ی‌ گۆڵ كه‌ باشترین و گه‌وره‌ترین پێگه‌ی‌ تایبه‌ته‌ به‌ تۆپی پێ له‌ جیهاندا راپۆرتێكی له‌سه‌ر دۆخی ریاڵ مه‌درید بڵاوكردۆته‌وه‌و باسی له‌وه‌ كردوه‌ ئایا ئیمزاكردنی بۆند له‌گه‌ڵ مباپی به‌سه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كیشه‌كانی ریاڵ مه‌درید یاخود یانه‌كه‌ پێویستی به‌ به‌هێزكردنی ریزه‌كانی له‌ شوێنی جیاوازی یاریگا هه‌یه‌.

مباپی له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی له‌ مۆناكۆ ناوی به‌ ریاڵ مه‌دریده‌وه‌ گرێ دراوه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و كات یاریزانه‌كه‌ سه‌رسامی خۆی به‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ دوپات كرده‌وه‌، به‌ڵام به‌ به‌رچاوی ریاڵ مه‌درید یانه‌ پاریسیه‌كه‌ توانی مباپی بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی.

به‌ڵام مباپی ئێستا نزیكه‌ له‌وه‌ی‌ ریزی یانه‌كه‌ی‌ شاری پاریس جێبهێڵێت كه‌ بۆنده‌كه‌ی‌ ته‌نها وه‌رزێكی ماوه‌و هێشتاش نوێی نه‌كردۆته‌وه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و بۆندانه‌شی كه‌ پێشكه‌شی كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ پاریس بمێنێته‌وه‌ ره‌تیكردۆته‌وه‌و چه‌ندین سه‌رچاوه‌ش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن مباپی له‌ دوو هه‌فته‌ی كۆتایی میركاتۆ په‌یوه‌ندی به‌ ریاڵ مه‌دریده‌وه‌ ده‌كات.

ریاڵ مه‌درید وه‌رزی رابردوو كێشه‌ی زۆری بۆ دروست بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ش به‌بێ بردنه‌وه‌ی‌ هیچ نازناوێك كۆتایی به‌ وه‌رز هێنا.

كێشه‌كانی ریاڵ مه‌درید به‌شێكی زۆری به‌هۆی پێكانی یاریزانه‌كانی بوو له‌پاڵ ئه‌وه‌ش كێشه‌ی هێڵی هێرشبه‌ری كه‌ له‌دوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ دروست بووه‌ درێژه‌ی هه‌بوو، ئیدین هازاردیش كه‌ گرانترین یاریزانه‌ له‌ مێژوی یانه‌كه‌ به‌هۆی پێكانه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی نه‌یتوانیوه‌ هیچ پێشكه‌شی یانه‌كه‌ بكات.

گومانیش له‌وه‌دا نییه‌ مباپی چاره‌سه‌ری زۆر پێشكه‌ش به‌ ریاڵ مه‌درید ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی‌ له‌ ته‌مه‌نی 22 ساڵی پێشكه‌شی ده‌كات و كاتی زۆریشی له‌ پێشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌ره‌ به‌ تواناكانی بدات.

مباپی ته‌نها له‌ رووی هێرشبه‌رییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر پێشكه‌ش به‌ ریاڵ مه‌درید ده‌كات به‌تایبه‌ت كه‌ لێكتێگه‌یشتنی باشی له‌گه‌ڵ كه‌ریم بنزیمه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئایا مباپی به‌ته‌نها ده‌توانێت كێشه‌كانی ریاڵ مه‌درید چاره‌سه‌ر بكات.

ریاڵ مه‌درید ته‌نها یه‌ك یاریزانی گواستۆته‌وه‌ ئه‌ویش داڤید ئالابای نه‌مساییه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا سێرجیۆ رامۆسی له‌ده‌ستداوه‌ و رافائێل ڤارانیش بووه‌ته‌ یاریزانی مان یونایتد.

دۆخه‌كه‌ له‌ هێڵی به‌رگری ریاڵ مه‌درید زۆر ئاڵۆزه‌، چونكه‌ یانه‌كه‌ دوو باشترین چه‌قی به‌رگریكاری له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا ریاڵ مه‌درید له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند وه‌رزی پێشوو پێویستی زۆری به‌ یاریزانێك بووه‌ له‌و شوێنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌كاتی به‌شداری نه‌كردنی یه‌كێك له‌ رامۆس و ڤاران شوێنیان بگرێته‌وه‌، ئێستاش كه‌ هه‌ردووكیان رۆیشتون ئالابا ناتوانێت به‌ ته‌نها شوێنیان بگرێته‌وه‌.

هێڵی ناوه‌ندیش له‌ ریاڵ مه‌درید پێویستی به‌ یاریزانی نوێیه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ته‌مه‌نی لوكا مۆدریچ به‌ره‌و هه‌ڵكشان رۆیشتووه‌ و كروسیش ئاستی وه‌كو پێشووتر نییه‌، بۆیه‌ ریاڵ مه‌درید پێویستی به‌وه‌یه‌ پێش هێنانی مباپی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی تری بكات.

هێنانی مباپی ره‌نگه‌ وه‌رزه‌ بێ نازناوه‌كه‌ی‌ رابردوو له‌بیر هانده‌ران بباته‌وه‌، به‌ڵام تۆپی پێ یارییه‌كی به‌ كۆمه‌ڵه‌ و هێنان مباپی وه‌كو گه‌وهه‌رێك وایه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی تاجێك كه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ چوارده‌وری چه‌ندین گه‌وهه‌ری تر بوونی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌شێته‌وه‌ و جوانتر ده‌ربكه‌وێت، به‌ واتایه‌كی تر پێش مباپی ریاڵ مه‌درید پێویستی به‌ هێنانی چه‌ند یاریزانێكی تر هه‌یه‌، چونكه‌ مباپی به‌ ته‌نها كێشه‌كانی ریاڵ مه‌درید چاره‌سه‌ر ناكات.

 151 جار بینراوە