سەرەکی » ئابووری » ״داهاتی نەوت بۆ مانگێك شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە״

״داهاتی نەوت بۆ مانگێك شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە״

وەزارەتی نەوتی عیراق رایدەگەیەنێت، مانگی رابردوو زیاتر لە 90 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ناوەڕاست و باشوور و كەركوكەوە هەناردەی دەرەوە كراوە و هەر بەرمیلێكیش بە زیاتر لە 72 دۆلار فرۆشراوە و كۆی داهاتەكەشی زیاتر لە شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوتی عیراق بڕی نەوتی هەناردەكراو و داهاتەكەی بۆ مانگی (7)ی رابردوو بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق(سۆمۆ) مانگی 7ی رابردوو بڕی ئەو نەوتەی هەناردەكراوە 90 ملیۆن و 467 هەزار و 794 بەرمیل بووە.

رونیشیكردۆتەوە، داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی رابردوو شەش ملیار و 513 ملیۆن و 792 هەزار دۆلار بووە و هەر بەرمیلێك نەوتیش بەتێكڕا لەو مانگەدا بە زیاتر لە 72 دۆلار فۆرشراوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی نەوتی عیراق، لە مانگی رابردوودا كۆی ئەو نەوتی هەناردەكراوە لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقدا، بڕەكەی 87 ملیۆن و 455 هەزار و 359 بەرمیل بووە، لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكیشەوە كە رەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا كراوە سێ ملیۆن و 12 هەزار و 435 بەرمیل بووە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ماوەی مانگی رابردوودا تێكڕای رۆژانەی نەوتی هەناردەكراو دوو ملیۆن و 918 هەزار بەرمیل بووە.

 185 جار بینراوە