سەرەکی » زانست » شەمەندەفەرەكەی هەولێر وەك بەشێك لە مێژووی شارەكە سەیر دەكرێت

دوای تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر لەكاركەوتنی

شەمەندەفەرەكەی هەولێر وەك بەشێك لە مێژووی شارەكە سەیر دەكرێت

راپۆرتی، تەها عەبدوڵڵا، هەولێر

وێستگەی شەمەندەفەر یان مەحەتەی قیتارەكەی هەولێر كە لە چلەكانی سەدەی رابردوو تا سەرەتای هەشتاكان لەكاركردن بەردەوامبووە، بۆتە بەشێك لە مێژووی شارەكە‌و لەهزرو بیرەوەری دانیشتوانەكەی بەزیندوویی ماوەتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی باوك و باپیرانیان وەك كارمەند كاریان تێدا كردووە، ئەوان كە بە خەڵكی مەحەتە ناسراون، پەیوەندیەكی بەهێزیان لەگەڵ یەكتر هەیەو هەمیشە هەوڵددەن ئەو مێژووە وەك خۆی بپارێزن كە لەسەر هیڵی شەمەندەفەری هەولێر هەیە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی باس دەكرێت، شەمەندەفەری هەولێر سەر بە دەستەی هێلی ئاسنینی عیراقی بووە، لەلایەن دوو كۆمپانیای بەریتانی و هیندی لە ساڵی 1943 دروستكراوە و لە ساڵی 1949 تەواوبوو.

شەمەمەندەفەرەكە كە تایبەت بووە بەهاتوچۆی نێوان شارەكانی بەغدا و كەركوك‌و هەولێر، بەخەڵوزی بەردی كاریكردووە، بەسێ سەعات لە هەولێرەوە بۆ كەركوك‌ و بە دوازدە سەعاتیش دەگەیشتە شاری بەغدا، رۆژانە سەعات دەی بەیانی خەڵكی شاری هەولێر گوێیان لە زەنگی ئاگاداركردنەوەی هاتنی شەمەندەفەرەكە دەبوو، دوای دابەزینی گەشتیاران‌و دانانی كەلوپەل‌و عەمبارە سوتەمەنییەكانی، كاری نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی ئاو و سوتەمەنی بۆ ئەنجامدەدراوە، پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژیش بەرەو شاری كەركوك بەرێ دەكەوتەوە.

وەك دەڵێن پێكهاتەی شەمەندەفەرەكە جگە لەشوێنی گواستنەوەی كەلوپەل، دوو شوێنی دانیشتنی هەبوو، یەكێکیان گشتی بووە و لەدار دروستكراو بوو، ئەویتریان لەشێوەی ژووری تایبەت بووە، كە تاڕادەیە نرخی بلیتەكەی گرانتر بووە لە شوێنە گشتییەكە.

شەمەندەفەرەكە لەكاتی گەیشتنی بەناو شار بەتەنیشت یاریگای كۆنی هەولێر تێپەڕیووە، دواتر بەرەو شوێنی پێشوازی و كۆگای سوتەمەنی، تا وێستگەی كۆتایی كە پاركی شاندەری ئێستایە، وەك دەڵێن ئەوانەی ئەوكاتە شەمەندەفەریان بەكارهێناوە زیاتر فەرمانبەر‌و خەڵكی موچەخۆرو سەربازەكان بوون، چونكە نرخەكەی بەراورد بە ئۆتۆمبێل كەمتربووە.

دوای زیاتر لە سی ساڵ كاركردن لەسەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو شەمەندەفەرەكەی هەولێر لەكاركەوت، كە بەشێك لەهۆكارەكەی بۆ دەستپێكردنی جەنگی عیراق- ئێران دەگێڕنەوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی هێلی شەمەندەفەرەكەی هەولێر هاوشێوەی هێلی شارەكانی عیراق رێكنەخرایەوە، بەو جۆرە ئیتر بوو بە مێژوو و جارێكی تر هەولێر شەمەندەفەری بەخۆیەوە نەبینیەوە.

ئێستاش دوای تێپەڕبوونی چڵ ساڵ بەسەر لەكاركەوتنی، بەشێكی زۆر لە خەڵكی هەولێر بەتایبەتی ئەوانەی یادو یادگاریان لەگەڵی هەبووە، داوای پاراستنی شوێنەوارەكەی و زیندوو هێشتنەوەی ئەو مێژووە دەكەن.
كەیفی جەمیل ئیسماعیل كوڕی سەرۆكی سەندیكای كارمەندانی ئەو كاتەی كارمەندانی شەمەندەفەری هەولێر بووەو بەیەكێك لەدامەزرێنەرانی وێستگەكە دادەنرێ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ پاراستنی شوێنی شەمەندەفەرەكەی هەولێر و زیندوو هێشتنەوەی لەناو خەڵكی شارەكە، چەندین جار پێشنیارمان بۆلایەنی پەیوەندار کردووە شەمەندەفەرەکە بكرێتە مۆزەخانەو شوێنێکی كەلتوری، تاكو خەڵكی بۆ زانینی میژووی شەمەندەفەر سەردانی بكەن.

نموونەش بەوەش هێنایەوە كە ئێستاش لە دیمەشق هێلی (ئەستەنبوول حیجاز سعودیە) ماوە وەك شوێنێكی كلتوری كۆن خەڵك سەردانی دەكەن، ئەمەش وادەكات جگە لە هێشتنەوەی مێژووی ئەو شارە، هاوكات دەبێتە داهاتێك بۆ حكومەت، بۆیە بە پێویستی دەزانی لە كوردستانیش بەتایبەتی لە شارێكی وەك هەولێر پارێزگاری لەمێژووی شەمەندەفەر بكرێت، كە یادو یادگاری بەشێك زۆر لە خەڵكی بە تەمەنی دانیشتوانەكەیەتی .

حەسەن مەلا عەبدولرەحمان كەسایەتییەكی دیكەی خەڵكی مەحەتەی هەولێرە دەڵێ: لەیادمانە ئەو كاتە شەمەندەفەرەكەی هەولێر خۆشی و ئاوەدانیەكی زۆری بە دانیشتوانەكەی بەخشی بوو، بەجۆرێك بەر لەگەیشتنی بۆ ناوشار خەڵكی لەسەر رێگا چاوەڕوانی گەیشتنیان دەكرد، بە نەهاتنی دڵتەنگ و بێ تاقەت دەبوون.

وتیشی: ئەوەی لەیادمە لەكاتی گەیشتنی بۆ ناوشار، دوو شەمەندەفەر بەیەكەوە دەهاتن، یەكێكیان بۆ پشكنینی رێگا ئاسنینەكە بوو، تاكو دڵنیابێت هیچ شتێكی نامۆ یان بەربەست لەسەر هێلەكە نیە، دوای ئەو ئینجا بارهەڵگرەكە دەهات، ئەویش لە دوو بەش پێكدەهات، یەكیان تایبەت بوو بە كەلوپەل، ئەوەی تریان سەرنشینی هەڵدەگرت.

باسی لەوەشكرد ئەوانەی وەك شوفێرو كارمەند لەمەحەتەكەی هەولێر كاریان كردووە لەسەرجەم نەتەوەكان پێكهایبوون، لەوانە كوردو عەرب و توركمان و ئاشووری(مەسیحی).

نوسەرو رۆژنامەنوس نازم دڵبەند یەكێكە لەو كەسانەی لەو سەردەمە بە شەمەندەفەركەی هەولێر هاتوچۆی كردووە پێیوتین: من بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1972 بە شەمەندەفەر چوم بۆ بەغدا، ئیوارەكەی سەركەوتین شەشی بەیانی گەیشتین، ئەو كات شەمەندەفەر سیمایكی شارستانی مۆدێرنی هەبوو ، زیاتر تایبەتمەندی ئینگلیزی پێوە دیاربوو، هەولێریش تاكە شار بوو لە كوردستان هێلی شەمەندەفەری هەبێت.

وتیشی: لەكاتی گەشتەكەیدا بۆ بەغداو كەركوك شەمندەفەركە لەچەندن وێستگە دەوەستا، لەلایەك بۆسەركەوتن و دابەزینی سەرنشینەكانی، لەلایەكی تر بۆ خواردن و خواردنەوە، كە لەلایەن فرۆشیاران و دەستگێرەكان دەیان هێنا ناو شەمەندفەرەكە، بۆ ئەمەش ئەو فرۆشیارانە لە وێستگەیەك سەر دەكەوتن لە یەكێكی تر دادەبەزین.

باسی لەوەشكرد: جگە لەوەی بۆ گواستنەوەی گەشتیار و هێنان و بردنی كەلوپەل سوود لەشەمەندەفەرەكە وەردەگیرا، لە هەمانكات وێستگەی وەستانی كە لەناو هەولێر بەمەحەتە ناسراوە، ببووە شوێنی گەشت و سەیرانی خێزانەكانی هەولێر، چونكە جیا لەوەی دیمەنێكی جوانی هەبوو خەڵكی چێژیان لەسەیركردن و بینینی شەمەندەفەرەكە وەردەگرت.

هەروەها وتیشی: دەبوو دوای نەمانی شەمەندەفەرەكە ئەو شوێنە پارێزگاری لێبكرێت، بەهەمان شێوەی پێشوو ببێتە شوێنی كات بەسەربردنی خەڵكی شارەكە و میوانان، كەچی نەك هەر گرنگی پێنەدرا ، بەڵكو باڵەخانەی وێستگەی شەمەندەفەرەكە كرایە زیندانی و گرتووخانە، بەجۆرێك هیچ ئاسەوارێكی وێستگەی شەمەندەفەری تێدا نەماوە.

باسكردن و گێرانەوەی مێژووی شەمەندەفەر لە شاری هەولێر لەكاتێكدایە ماوەیەكە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم باس دامەزراندنی هێلی ئاسنی شەمەندەفەر لە كوردستان دەكات ، وەك وەزیری ناوبراو رایگەیاند ئەوان لە هەوڵدان هێلی ئاسنی بۆ دانانی شەمەندەفەر لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان دابمەزرێنن، ئەویش بە رێکكەوتن لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەكرێت.

لەگەڵ ئەو هەواڵە كەسانی شارەزا و كەسوكاری ئەوانەی رۆژێك لەرۆژان لە هێلی شەمەندەفەری هەولێر كاریان كردووە، دەخوازن لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆژەی لەو جۆرە پرسوڕا بەوان بكرێت، هاوكات سوود لەو شوێنانە وەربگرن كە پێشتر بۆ ئەو مەبەستە بەكارهاتووە.

ئەوان پێیانوایە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی زیندووكردنەوەی مێژووی شەمەندەفەر لە شارەكان و پێشخستنی كەرتی گواستنەوە، ئەمەش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر خێراكرنی جموجوڵی ئابووری و بازرگانی، هاوكات وادەكات شارەكان بەیەكەوە ببەسترێتەوە و كوردستانیش سوود لە پێشكەوتنەكانی جیهان لەبواری گواستنەوە وەربگرێت.

 186 جار بینراوە