سەرەکی » دۆسێ » زیادەی ساڵانەی داهاتی نەوتی عیراق دەگاتە 20 ملیار دۆلار

داهاتی حەوت مانگی رابردوو ئاشكرادەكرێت

زیادەی ساڵانەی داهاتی نەوتی عیراق دەگاتە 20 ملیار دۆلار

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پێشبینی دەكات، زیادەی دارایی عیراق بگاتە 20 ملیار دۆلار لە كۆتایی ئەمساڵ، هۆشداریش دەدات لە پەنابردنە بەر قەرزی دەرەكی كە بە وتەی ئەو «بۆ مەبەستی تر بەكاردەهێنرێت».

محەمەد شیاع سودان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»بەپێی زانیارییەكانی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقی (سۆمۆ)، كۆی گشتی داهاتی نەوت بۆ حەوت مانگی رابردوو (لە كانوونی یەكەوە بۆ كۆتایی تەمموز)، گەیشتۆتە نزیكەی 40 ملیار دۆلار، ئەمەش بەراورد بە داهاتی خەمڵێنراوی نەوت (بۆ حەوت مانگی یەكەم بەپێی بودجەی پەسەندكراو) كە دەگاتە 28.6 ملیار دۆلار، لەسەر بنەمای هەناردەكردنی 3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا (بەو پێیەی 250.000 بەرمیل نەوتەكەی كوردستان لە هەڵسەنگاندنی داهاتی مانگانەی سۆمۆدا ئەژمارناكرێت)، و بە بەهای 45 دۆلار بۆ بەرمیلێك».

بە وتەی سودانی»بەمشێوەیە زیادەی دارایی لانی كەم 11 ملیار دۆلار بووە، بە هەڵسەنگاندنی داهاتەكانی پاشماوەی پێنج مانگی داهاتوو و بە حوكمی بوژانەوەی ئابورییە گەورەكان كە پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت بە بەرزی بهێڵێتەوە، گەر زیاتر روو لە بەرزبوونەوە نەكات، لەگەڵ پێشبینی فرۆشتنی زیاتر، ئەوا دەكرێت زیادەی ساڵانەی داهاتی نەوت بگاتە نزیكەی 20 ملیار دۆلار، گەر ئەم ژمارەیە تێنەپەڕێنێت، ئەمەش هەمان بڕی كەلێنی داراییە (كورتهێنانی پلان بۆداڕێژراو) كە دەگاتە كەمتر لە 20 ملیار دۆلار، جگە لە سەرچاوەكانی تری داهات».

لەلایەكی ترەوە سودانی رایگەیاند»لەڕێی ئەزمونمان لە بودجەكانی پێشوو، كورتهێنان تێیاندا بەردەوام كورتهێنانێكی پلان بۆداڕێژراو بووە، واتا تەنیا ژمارەیەكی پێشبینیكراو بووە بۆ ساڵی دارایی و كاریگەریی نەبووە، لەمساڵیشدا بە تایبەت كە بودجە لە كۆتایی مانگی نیساندا پەسەندكرا، خەرجی 1/12 بوو بۆ چوار مانگەكە، ئەم خەرجییە نزمەش تا مانگی تەمموز ئەژمار دەكرێت، بەو واتایەی كە رێژەی خەرجی لەمساڵدا لە باشترین حاڵەتدا 70% تێناپەڕێنێت، بۆیە كورتهێنانێكی راستەقینە لەم بودجەیەدا نابێت، ئەمەش بیانوو بۆ قەرزی بیانی ناهێڵێت، گەر بۆ مەبەستی تر نەبێت، جیاوازیی نێوان داهاتەكانی نەوت كە لە بودجەدا خەمڵێنراون بۆ حەوت مانگ و زیادەی بەدەستهاتوو تا كۆتایی مانگی تەمموز كە باسمان كرد دەگەنە 11 ملیار دۆلار، بەشی قەرەبووكردنەوەی ئەو قەرزە بیانیانە دەكەن كە وابەستەی گرێبەستەكانن و دەگەنە نزیكەی 10 ملیار دۆلار بۆ گرێبەستی پرۆژەكان و وابەستەی پارەداركردنی گرێبەستە بیانییەكان و وابەستەی كۆمپانیا جێبەجێكارەكانن، لەگەڵ تەئكیدكردنەوەش لەسەر هەندێك پرۆژەی پێشنیازكراو كە لە قەرزەكان پارەداردەكرێن و پرۆژەی گەشەپێدان یان خزمەتگوزاریی نیین، بەڵكو هەندێكیان دەكرێت لەڕێی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ‌ بكرێن، وەك فڕۆكەخانەی موسڵ كە 300 ملیۆن یورۆی بۆ تەرخان كراوە، پرۆژەی شەمەندۆفێری هەڵواسراو لە بەغدا كە 150 ملیۆن یورۆی قەرزی فەرەنسای بۆ تەرخان كراوە».

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێیوایە»زۆرێك لە پرۆژەكان لەوانە، نەخۆشخانەكان دەكرێت بە نیوەی تێچوو پارەداربكرێن و بە باشترین كوالێتی جێبەجێ‌ بكرێن، گەر لایەنە رەسەنەكان توێژینەوەی ئابوری و تەكنیكی بەسودی بۆ بكەن، بە ئەژماركردنی مانگەكانی دهاتووش، داهاتی زیاتر پاشەكەوت دەكرێت و نیوەی كورتهێنان تێدەپەڕێنین و خۆمان هەموو پرۆژەكان پارەدار دەكەین و لە قەرزە بیانییەكانیش قوتارمان دەبێت كە تێچووی لەسەر وڵات چەندان ملیار دۆلارە بە سودەكانی، لەكاتێكدا باسی ماددەی تایبەت بە قەرزەكانیش دەكەین لە بودجەی 2021 كە جێگەی مشتومڕێكی گەورە بوو لەكاتی پەسەندكردنی بودجەدا،ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگیانیان لەسەردا، بە ژمارەیەكی كەم جیاوازییان هەبوو لەگەڵ ئەوانەی قەرزەكانیان رەتكردەوە».

سودانی داوای لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە تایبەت وەزیری داریی كرد»پەلە بكەن لە ئامادەكردنی بودجەیەكی تەواوكەر، بۆ قەرەبووكردنەوەی قەرزە بازگانییەكانی تایبەت بە پرۆژەكان و پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە، لە پارەی زیادەی نرخی نەوت و هەندێك لە پرۆژەكانیش بكەنە هەل بۆ وەبەرهێنان و تەنیا پشت بە قەرزی ناوخۆیی و ئەو قەرزانە ببەستن كە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە پێشكەش دەكرێن و سودی كەمییان دەخرێتەسەر، لەپێناو جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزاریی و ستراتیژییەكان، ئەمە وەك یەكەم پێشنیاز و پێشنیازەكەی تر ئەوەیە كە هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان پێشنیازیی بەپەلە پێشكەش بكەن بۆ سودوەرگرتن لە زیادەی فرۆشتنی نەوت لەڕێی زیادەی نرخەوە، بۆ قەرەبووكردنەوەی قەرزە بازرگانییەكان و پشتبەستن بە قەرزی ناوخۆیی و ئەو قەرزانەی لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە پێشكەش دەكرێن سودی كەمترییان دەخرێتەسەر، لەپێناو جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزاریی و ستراتیژییەكان».

لە 1ی ئابی 2021، وەزارەتی نەوتی عیراق، ئاماری سەرەتایی بڕی هەناردەكردنی نەوت و داهاتی بەدەستهاتووی مانگی تەمموزی راگەیاند.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتەكەوە بڵاوكرایەوە»بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لەو مانگەدا گەیشتە (90) ملیۆن و (467) هەزار و (794) بەرمیل، داهاتی بەدەستهاتووش گەیشتە (6) ملیار و (513) ملیۆن و (792) هەزار دۆلار، تێكڕای فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوتیش (72.01) دۆلار بووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشبینی دەكرێت، بەهۆی كەمبوونەوەی عەمباری نەوتی ئەمریكایی و كەمی ئاستی خستنەڕوو لە بازاڕەكان و بوژانەوەی ئاستی داواكاریی و بەگەڕكەوتنەوەی پیشەسازییە گەورەكان، نرخی نەوت زیاتر روو لە بەرزبوونەوە بكات و رێكخراوی (ئۆپیك) و هاوپەیمانەكانیشی بڕیار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەم بدەن، بۆیە دوور نییە داهاتی نەوتی عیراق لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا روو لە بەرزبوونەوە بكات و ئابوری وڵات بوژانەوەی بەرچاو بەخۆوە ببینێت.

 204 جار بینراوە