سەرەکی » وتار » ئاوات كۆكه‌یی » له‌ یادی 33ساڵه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ ئازاد هه‌ورامی-دا

له‌ یادی 33ساڵه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ ئازاد هه‌ورامی-دا

رۆژگار چه‌ند ئاڵۆزبێت و ساڵان به‌ژماره‌ی زۆر چه‌ند تێپه‌ڕن، یادو یاده‌وه‌رییه‌كانی كاك ئازاد هه‌ورامی هه‌ر له‌به‌ر چاون و بیرچوونه‌وه‌یان ئەستەمە، یادو یاده‌وه‌رییه‌كانی شه‌هیدێك كه‌ دنیایه‌ك خه‌سڵه‌ت و ره‌فتاری جوانی وه‌های له‌ خۆگرتووه‌، ئه‌وه‌ی نه‌شیبینوه‌ ده‌زانێ چ مرۆڤێكی ناخ جوان و ئازیزو له‌ دڵا شیرین بووه‌.

كاك ئازاد هه‌ورامی، پیاوێكه‌ له‌ دیرۆكی تێكۆشاندا جێگه‌یه‌كی به‌رزتری له‌ لوتكه‌ هه‌یه‌،

ئه‌و یه‌ك له‌ هه‌زاران شه‌هیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ و یه‌ك له‌ ده‌یان شه‌هیدی فه‌رمانده‌و سه‌ركرده‌ی شۆڕشی نوێیه‌.

شه‌هیدان هه‌ر شه‌هیدن و ته‌واویان هه‌ر تاجی سه‌رن، به‌ڵام ئازاد هه‌ورامی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌، هه‌ركه‌سێكیش خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی خۆیه‌تی، شه‌هید ئازادیش هه‌ر وایه‌و زۆر جاریش هه‌ست به‌ جیاوازییه‌كی زۆر ده‌كرێ له‌ بونیادی ئه‌و شه‌هیده‌ سه‌ركرده‌یه‌دا.

ئه‌وه‌تا مێژوو بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌ ئه‌و سه‌كرده‌یه‌ له‌ دنیای ئاڵۆزی ئه‌وسای سیاسه‌ت و خه‌باتی پڕ له‌ مملانێدا، مرۆڤێكی دڵساف و خۆنه‌ویست و میهره‌بان بووه‌، مرخی له‌ جێگه‌ی به‌رزتر خۆشنه‌كردووه‌ و جێگه‌ی به‌رزی خۆی بۆ كه‌سێكی دیكه‌ چۆڵكردووه‌، ئه‌وه‌ی پێویست بووه‌ بۆ جۆشدانی خه‌باتی چه‌كداری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و … هتد، ئه‌و كردووه‌یه‌تی، به‌ هه‌موو باوه‌ڕی خۆیه‌وه‌ توانای خۆی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌ركه‌كان چڕكردۆته‌وه‌، به‌لای ململانێ و پێگه‌و ده‌سه‌ڵات و هه‌ر شتێكدا نه‌چووه‌ كه‌ له‌ راسته‌ڕێی تێكۆشان لایبدات، یان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌ما شۆڕشگێڕییه‌ بێت كه‌ ساڵانێكی زۆر به‌ خۆ په‌روه‌رده‌كردنییه‌وه‌ ماندو ببوو.

له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ و زۆر هۆكاری دیكه‌ كه‌ ده‌رفه‌تی باسكردنیان نییه‌، كاك ئازاد به‌ ئازادیی له‌ بیروئه‌ندێشه‌ی هاوڕێیان و نه‌وه‌كانی دوای خۆشیدا دێت و ده‌چێت و ره‌مزێكه‌ بۆ خۆشه‌ویستی و خۆنه‌ویستی، پاكی و ناسكی، ئازایه‌تی و خۆڕاگری.

بنه‌ماڵه‌یه‌ك نمونه‌ی فیداكاری و قوربانیدانه‌
به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رابردووی دوورتر، ده‌بیندرێت بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكاره‌كه‌یشی هه‌میشه‌ بەڕووی زوڵم و سته‌می داگیركه‌راندا وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ قوربانی و ده‌ربه‌ده‌ریی زۆریان تووشهاتووه‌.

ساڵی 1929 جافه‌ر سوڵتانی باپیره‌ گه‌وره‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ره‌زا شای په‌هله‌ویدا رووبه‌ڕووی یه‌كتری بوونه‌ته‌وه‌، شای ئێران هێزێكی گه‌وره‌ی ناردۆته‌ هه‌ورامان بۆئه‌وه‌ی چه‌كیان بكات، ئه‌ویش ملی بۆ ئه‌و بڕیاره‌ نه‌داوه ‌و نه‌یهێشتووه‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی چه‌ك فڕێبده‌ن و شه‌ڕ له‌ناوچه‌ی ره‌وانسه‌ر له‌نێوانیاندا به‌رپابووه‌، به‌ڵام به‌هۆی نابه‌رامبه‌ری، هێزه‌كانی شا سه‌ركه‌وتوون، جافه‌ر سوڵتان و كوڕو كچه‌كانی و چه‌ند كه‌سێك له‌ خزم و كه‌سوكاره‌كه‌ی ته‌سلیم به ‌عیراق بوون، وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسی له‌شاری رومادی به ‌ده‌ستبه‌سه‌ری مانه‌ونه‌ته‌وه‌.

ئه‌و كاته‌ دایكی شه‌هید ئازاد كه‌ منداڵ بووه‌ له‌گه‌ڵ خاڵه‌كانی و كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌ستگیركراون و گواسترانه‌وه‌ بۆ زیندانه‌كانی تاران، دوای ئازادكردنیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ورامان، ساڵی1953یش خانه‌واده‌كه‌ی شه‌هید ئازاد له‌ هه‌ورامانه‌وه‌ چوونه‌ته‌ كه‌ركوك و له‌گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم نیشته‌جێبوون.

ساڵی 1963باوكی شه‌هید ئازادو هۆشمه‌ندی برای كه‌ خوێندكاری پێنجه‌می زانستی بووه‌، له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌وسای عیراقه‌وه‌ زیندانی كراون، دوای هه‌فته‌یه‌ك هۆشمه‌ند ئازادكراوه ‌و باوكیشی دوای چوار مانگ زیندانیكردن، له‌ كاره‌كه‌ی ده‌ركرا كه‌ نووسه‌ری تابیعه‌ی به‌شی زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بوو له‌ كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركوك.

دوای ماوه‌یه‌كیش له‌ وه‌ی ئازاد هه‌ورامی ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، باوكی و شه‌ونمی خوشكی و كاك سامی برای له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ده‌ستگیركران و بردویانن بۆ زیندانه‌كانی به‌سره‌، پاشتر خوشكه‌كه‌ی دیكه‌شی (شه‌وبۆ) ده‌ستگیركراو برایە لای ئه‌ندامانی خێزانه‌ی له‌ زیندندا كه‌ كاك سامی برای شه‌هید ئازادو باوكی له‌ زیندانی (گزیزه‌) بوون و خوشكه‌كانیشی (شه‌ونم و شه‌وبۆ) له‌ زیندانی گشتی بوون، سه‌ره‌ڕای جۆره‌كانی ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ی زیندان، تووشی جۆره‌ها نه‌خۆشیش بوونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت كاك سامی نه‌خۆشبووه ‌و شه‌وبۆی خوشكیشی تووشی نه‌خۆشیی ته‌نگه‌ نه‌فه‌سیی ببوو، بۆیه‌ زیندانه‌وانه‌كان ناچاربوون بیبه‌نه‌ هۆڵی نه‌خۆشخانه‌ی ژنان بووه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی له‌ زینداندا توشیان ده‌بوو كه‌چی ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌ گاداری یه‌كتری رووداوه‌كانی یه‌كتر نه‌بوون.

له‌ ئه‌نجامدا، دوای بینینی چه‌ندین ئازاو ناخۆشی و بینینی چه‌ندین دیمه‌نی تراژیدایای كه‌س و كاری پیشمه‌رگه‌و تێكۆشه‌ران له‌ زیندانه‌كانی به‌عسدا، ساڵی 1978 براوباوك و خوشكه‌كانی شه‌هید ئازاد له‌ زیندان ئازادكران، به‌ڵام دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان عیراق- ئێران، جارێكی تر هه‌موو خانه‌واده‌كه‌ی شه‌هید ئازاد ده‌ستگیركرانه‌وه‌، شه‌وبۆی كچیان ( خوشكی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی) له‌ زینداندا دووچاری نه‌خۆشییه‌كی ترسناك ده‌بێته‌وه‌، به‌ناچاری پیشانی پزیشك ده‌درێت، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ قۆناغی كۆتایی و دكتۆره‌كان ئیداره‌ی زیندان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی شه‌وبۆ له‌ چاره‌سه‌ر ده‌رچووه‌ و چیتر ده‌رفه‌تی ژیانی نه‌ماوه‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ناوی ئازادكردنه‌وه‌، شه‌وبۆ ئیزن ده‌درێته‌وه‌ تا له‌ماڵه‌وه‌ بمرێت، هه‌رواش بوو دوای سێ مانگ له‌ ئازادبوونی، شه‌وبۆی خێر له‌خۆ نه‌دیو جوانه‌مه‌رگ ده‌بێت و چاوه‌كانی لێكده‌نێ.

باوكیشی كه‌ ته‌مه‌نێكی زۆری هه‌بوو ئازادكرا و دوای ساڵێكیش هه‌ریه‌ك له‌ خوشك و براكانی دیكه‌ی كاك ئازاد (سامی و شیرین و ژیان و فه‌رهاد) گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ی (به‌صیه‌) له‌ سنووری سعودیه‌.

ژیاننامه‌كه‌ی شه‌هید ئازاد
شه‌هیدی سه‌ركرده‌ ئازاد عه‌بدولمه‌جید غه‌فار ناسراو به‌ئازاد هه‌ورامی، رۆژی 31/12/1954 له‌ گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسمی شاری كه‌ركوك له‌ دایكبووه‌، له‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا چۆته‌ به‌رخوێندن و له‌ ته‌مه‌نی لاوێتیدا تێكه‌ڵاوی خه‌باتی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌، ساڵی 1972 ئه‌ندامی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووه‌ و له‌ كۆتایی هه‌مان ساڵدا په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینی كوردستان- كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رنی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی 1974 بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ و به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلولی كردووه‌.

دوای ده‌ستگیركردنی خاڵه‌ شیهاب و هاوڕێكانی و له‌ ساڵی 1976دا كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی سه‌ختی بێ سه‌ركردایه‌تی بۆ‌وه‌، شه‌هید ئازاد وه‌ك كادرێكی هۆشیار و لێوه‌شاوه‌ سه‌رپه‌رشتی كۆمیته‌ی شاری كه‌ركوكی كردووه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ شه‌هید ئارام و هاوڕێكانیدا سه‌ركردایه‌تی ناوخۆی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانی كردووه‌.

له‌ ته‌مه‌نی 21 ساڵی و له‌ ساڵی 1976دا بووه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كانی كۆمه‌ڵه‌، كاتێكیش شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵگیرسا، شه‌هید ئازاد روویكرده‌ شاخ و شانی دایه‌ به‌ر خه‌باتی سه‌خت و گرانی پێشمه‌رگایه‌تی.

له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیشیدا نموونه‌ی پیاوی ئازاو به‌بیرو باوه‌ڕ و خۆڕاگر بووه‌.

ساڵی 1978 له‌ كاره‌ساتی هه‌كاریدا به‌دیل گیراوه ‌و له‌به‌ر كه‌می ته‌مه‌نی نه‌یانناسیووه‌ كه‌ ئازاد هه‌ورامییه‌و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌، دوای نۆ مانگ زیندانیكران، له‌گه‌ڵ شێخ عه‌لی هاوڕێیدا هه‌لیان بۆ رێكه‌وتووه‌و له‌ زیندان هه‌ڵاتوون.

به‌شداری هه‌موو كۆنفرانسه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی كردووه‌ و له‌ هه‌مووشیاندا به‌ ئه‌ندامی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ساڵانی 1981-1982 دا لێپرسراوی لقی سێی سلێمانی- كه‌ركوك بووه‌، ساڵانی 1982-1984 ئه‌ندامی ده‌زگای رێكخستن بووه‌، ساڵانی 1985-1986 لێپرسراوی ده‌زگای رۆشنبیری كۆمه‌ڵه‌ بووه‌، ساڵانی 1986-1988 لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی بادینانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه‌.

له‌ ئه‌نفاله‌كاندا سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕی باڵه‌ییانی قه‌ندیلی كردووه‌، هه‌ر له‌ مه‌یدانی تێكۆشاندا ئێواره‌ی رۆژی 30/8/1988 به ‌سه‌ختی برینداركرا، دوای رۆژێك و له‌ 31/8/1988 به‌هۆی ئه‌و برینه‌وه‌ شه‌هیدبوو.

*بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ سود له‌ ئه‌رشیفی كوردستانی نوێ، وه‌رگیراوه‌

 

 134 جار بینراوە