سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » هەژدە ساڵە کێشەی زەوییەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک چارەسەر نەکراوە

هەژدە ساڵە کێشەی زەوییەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک چارەسەر نەکراوە

ماوەی هەژدە ساڵە زیاتر لە شازدە هەزار پارچە زەوی لەلایەن حكومەتەوە بەسەر چین و توێژەكان شاری هەولێر دابەشكراوە، كەچی تاوەكو ئێستا ئەو زەویانە کە بە(کەرتی هەشتی حەسارۆك) ناسراوە، بە چۆڵەوانی ماونەتەوە و وەک شوێنی نیشتەجێبوون سوودی لێ وەرنەگیراوە، بەو هۆیەوە لە ماوەی ئەو ساڵانەی دواییدا چەندین گردبوونەوەی ناڕەزایی لەلایەن خاوەنی ئەو زەویانە کراوە و داواكاربوون رێگایان پێبدرێت خانوو لەسەر زەوییەكانی خۆیان دروست بكەن، كەچی بەچەندین هۆكار جێبەجێكردنی داواكارییەكان دواكەوت.

ئێستاش دوای ئەو ماوەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری گەیاندنی خزمەتگوزاریی‌ و رێگاپێدان بۆ دروستكردنی خانوو لەلایەن خاوەنەكانیانەوە دراوە، كەچی بەشێكی زۆر لە خاوەنی ئەو زەویانە ناڕازیین و پێیانوایە تەنیا بەو بڕیارەی حكومەت كێشەی هەشتی حەسارۆك چارەسەر ناكرێت، بەڵکو پێویستی بەچەند هەنگاوێکە، بەتایبەتی دەستنیشانکردنی كاتێكی دیاریكراو و بوودجەیەکی پێویست کە لە ئاست قەبارەی زەویەکانی ئەو کەرتەدا بێت.

رێناس سەعدی وەك یەكێك لە خاوەنی ئەو زەویانە لە زۆربەی گردبوونەوە ناڕەزاییەكاندا بەشداریكردووە بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەهۆی زۆری ژمارەی پارچە زەوییەكان و چارەسەرنەكردنی بۆ ماوەیەكی زۆر، كەرتی هەشتی حەسارۆك بۆتە داواكارییەكی سەرەكی و لە زۆربەی كۆڕوكۆبوونەوە رەسمیەكان پرسیار لە لێپسراوانی حكومەت و پەرلەمان دەكرێت، بەتایبەتی ئەو زەویانە بەسەر خاوەنەكانیان تاپۆكراوە و ساڵانە لەكاتی مامەڵەی كڕین و فرۆشتندا باج و رسوماتی خۆیان دەدەن، هەر ئەمەش وایكرد لە مانگی پێنجی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم بڕیاری رێگاپێدان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو زەوییانە دەربكات.

وتیشی: راستە بڕیارەكە بووە مایەی دڵخۆشی ئێمە وەك خاوەنی زەوییەكان و خەڵكی هەولێر بە گشتی، بەڵام بۆ ماوەی سێ مانگە جگە لە بڕیارەكەی حكومەت و کردنەوەی نووسینگەیەکی شارەوانی بۆ تۆمارکردنی ناوی خاوەن زەوییەکان، هیچ هەنگاوێكی كرداریمان نەبینی، ئەمەش وایكرد خاوەنی ئەو زەویانە جارێكی تر بێ ئومێدبن و دەست بە گردبوونەوەی ناڕەزایی و گەیاندنی داواكارییەكانیان لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەکانەوە بكەنەوە، تا ناوەڕاستی مانگی هەشتی ئەمساڵ جارێكی تر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی حكومەت زیندووكرایەوە و ژمارەیەك ئامێری ئاوەدانكردنەوە و رێگەوبان گەیەنرایە سەر زەوییەكە.

چاوەڕوانی بڕیاری دروستکردنی خانووە
کەریم مەحەمەد پیاوێکی تەمەن شەست ساڵە ماوەی دەساڵە چاوەڕوانی بڕیارێکە بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەویەکەی، ئەو پێی وتین: ئەمجارەش کە بڕیار دراوە رێگاپێدانمان پێبدەن لەکرێچێتی رزگارمان بێت و خانوو لەسەر زەویە تاپۆکراوەکەم دروست بکەم، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک بە کرداری دیار نییە، کارەکانی شارەوانی بە خاوی دەڕوات، بەجۆرێک وای نەکردوە خەڵکی هانبدەن تاوەکو دەست بەمامەڵەی دروستکردنی خانووکانیان بکەن.

دەبێت حکومەت دڵنیایی بدات
ئەو باسی لەوەشکرد گرنگترین خزمەتگوزاری بۆ هەر شوێنێک، ئاو و کارەبایە، بۆیە پێویستە حکومەت بەر لەهەموو شتێک دڵنیایی بداتە ئەو خەڵکە کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەو خزمەتگوزاریە دەگەیەنێتە سەر زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک، جگە لەوەش بوودجە نەکرێتە پاساو بۆ وەستانی کارەکانی شارەوانی و رێگاوبان، چونکە ئێمە وەک خاوەن ئەو زەوییانە لەکاتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتندا باج و رسوماتمان داوەتە حکومەت.

ئەو وتیشی: ئێمە پێشتر ئامادەیی خۆمان نیشاندابوو ئەگەر حکومەت توانای گەیاندنی خزمەتگوزاری نییە، دەتوانین خاوەنی هەر زەوییەک بڕێک پارە بدات، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە دروستکردنی خانووەکانیان بکەن، بۆیە ئێستا هیچ بیانویەک بۆ حکومەت نەماوە کەچی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکان تەواو نەکات کە لەبارەی ئەو زەوییانە دەریکردووە.

مەترسی لێسەندنەوەی زەویەکان هەبوو
لای خۆشیەوە كارزان رەسوڵ وتەبێژی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: زەویەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆك شوێنێكی ستراتیژی شاری هەولێرە، پێشتر ترسی ئەوە هەبوو لەلایەن هەندێك كەسی دەست رۆیشتوو زەویەكان لە خاوەنەكانیان وەربگیرێتەوە و بكرێت بە پڕۆژەی بازرگانی، هەر ئەمەش وایكرد خەڵكێکی زۆر بەهۆی دابەزینی نرخی ئەو زەویانە زەرەرمەندبن.
وتیشی: بڕیاری حكومەت بۆ رێگا پێدان و گەیاندنی خزمەتگوزاری هەنگاوێكی زۆرباشە، ئەمەش گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنەكانیان، نەوەك بەخشینی ئیمتیاز، چونكە لە ماوەی هەژدە ساڵی رابردوودا چواردەوەری ئەو زەویە بۆتە خانوو و هیچ گرفتێكیان نییە تەنیا هەشتی حەسارۆك نەبێت، ئێستاش بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی حكومەت، هەشتی حەسارۆك دەبێتە گەورەترین گەڕەك لە شارەکە و كاریگەریی باشی دەبێت لەسەر كەمكردنەوە رێژەی كرێنشینان.

پێویستە هەنگاوی جدی بنرێت
ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ ئەوەی متمانەی خەڵك بە چارەسەركردنی كێشەی زەویەكانی هەشت حەسارۆك زیاتر بێت، چەند هەنگاوێك ماوە پێویستە حكومەت جێبەجێیان بكات، لەوانە بەگوێرەی بڕیارەكە حكومەت رێگا بەو زەویانە نادرێت بكرێتە خانوو، كە رووبەكەی 125 مەترە، ئەمەش گرفتێكی گەورەیە، چونكە زۆربەی ئەوانەی داوای ئاوەدانكردنەوەی هەشتی حەسارۆك دەكەن ئەوانەن كە نیو پارچە زەوییان هەیە و بەڕاستی كەمدەرامەت و كرێنشینن .

لەبارەی وەڵامی حكومەت بۆ چارەسەكردنی گرفتی هەشتی حەسارۆك، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا كە لە چەند رۆژی رابردوو کرا شێوازی گەیاندنی خزمەتگوزاریەکانیان بۆ سەر ئەو زەوییانە خستەروو.

گەیاندنی خزمەتگوزاری
سەرەتا وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەكرد: لەمڕۆوە دەست دەكرێت بە گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی وەک ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و رێگاوبان و دروستكردنی شۆستەكان، بۆ ئەمەش600ملیۆن دیناری لەسەر بوودجەی شارەوانی بۆ تەرخانكراوە .

وتیشی: دەستپێكردن‌ و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بەمانای ئەوە نییە لە ماوەیەكی كەم تەواوی كارەكان تەواو بێت، بەڵكو ئەمڕۆ دەستپێكی ئەو قۆناغەیە، لە داهاتووش لەگەڵ تەرخانكردنی بوودجەی زیاتر هەنگاوەكانی گەیاندنی ئەو خزمەتگوزاریانە خێراتر دەكرێت.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر روونیكردەوە: لەگەڵ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ زەوییەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆك، خاوەنی ئەو زەویانە دەتوانن دەست بە مامەڵەی وەرگرتنی مۆڵەتی دروستكردن بكەن، تەئكیدیشكردەوە ئەو زەویانە موڵكی خاوەنەكانیانە و بە هیچ شێوەیەك بۆ مەبەستی تر و پڕۆژەی تایبەت بەكارناهێنرێن.

لەبارەی بڕیاری دابەشكردنی زەوییەكان پارێزگاری هەولێر وتی: تاكو ئێستا بڕیار لەسەر دابەشكردنی ئەو زەوییانە نەدراوە، ئەوەی هەیە تەنیا زەویەكانی 250 مەتری دەتوانن مۆڵەتی دروستكردنی خانوو وەربگرن.

 166 جار بینراوە