سەرەکی » ئابووری » بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دانابەزێنرێتەوە

«لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 جێگیر دەكرێتەوە»

بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دانابەزێنرێتەوە

یەکەی ئابووری

هەرچەندە بەشێك لە پەرلەمانتارانی عیراق و بەتایبەت ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەگەری دەستكاریكردنی نرخی دۆلاریان بۆ ساڵی داهاتوو راگەیاند، بەڵام وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئاشكرایكرد، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2022 جێگیرە و هیچ گۆڕانكارییەكی تیادا ناكرێت.

״حكومەتەكانی پێشوو بوێری ئەوەیان نەبووە״
حەسەن نازم، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە رۆژنامەی (سەباح)ی راگەیاندووە، بیرۆكەی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار چەندین ساڵە پێشنیازكراوە، بەڵام حكومەتەكانی پێشوو بوێری ئەوەیان نەبووە جێبەجێی بكەن، چونكە چەندین كێشە و گفتوگۆ بەدوای خۆدا دەهێنێت.

روونیشیكردەوە، حكومەتی عیراق چەند هەنگاوێك دەگرێتەبەر و دواتر بڕیاری لەبارەوە دەدات، لەو باوەڕەشدا نیم ئەم حكومەتە نرخی دۆلار دابەزێنێت و لە بودجەی 2022شدا كە هەر ئەم حكومەتە ئامادەی دەكات، پاشەكەشەی لێ ناكات و نرخی دۆلار دانابەزێنێت.

وتەبێژەكەی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی رابردوودا حكومەت دڵنیانەبوو لەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، بەڵام دواتر نرخی نەوت بەرزبووەوە، ئێستاش هەرچەندە نرخی نەوت بەرزە، بەڵام ئەگەر بە باشی ئیدارەی نەوتی خاو نەدرێت، ئەوە گرفتی بۆ دروست دەبێت.

نەتوانراوە بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بكرێت
چەند رۆژێك لەمەوبەر، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرایكرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و كەمكردنەوەی گەندەڵی و بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، یەدەكی دراوی عیراق گەیشتۆتە بڕی 61 ملیار دۆلار.

ساڵی رابردوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی رادەبەدەری نرخی نەوت، عیراق بە ناچاری بۆ دابینكردنی بەشێكی زۆری مووچە، دەستی بۆ یەدەكی دراو برد. بەشێوەیەك ئەوكات لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هۆشدارییان دا، كە بڕی یەدەكی دراوی عیراق بۆ 50 ملیار دۆلار كەمبۆتەوە.

لەوبارەیەوە، حەسەن نازم باس لەوە دەكات، جۆرێك لە بەرزبوونەوەی یەدەكی بیانیی عیراق هەیە، بەڵام بەهۆی كورتهێنانی كەڵەكەبووەوە نەتوانراوە بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بكرێت.
كورتهێنانەكانی پێ پڕ دەكاتەوە

وتیشی: «هەر زیادەیەكیش لەو پارە یەدەكە هەبێت، ئەوا حكومەت لە یەكەم هەنگاویدا كورتهێنانەكانی پێ پڕ دەكاتەوە».

لە مانگی (1)ی 2021، وەكو هەنگاوێكی خێرا بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، بانكی ناوەندیی عیراق بڕیاریدا نرخی یەك دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دینار بۆ هەزار و 460 دینار بەرزبكاتەوە و تائێستاش هیچ هەوڵێك نییە بۆ كەمكردنەوەی بەهای ئەو دراوە.

 217 جار بینراوە