سەرەکی » راپۆرت » ئەوە كاتی نییە هەڵوەستەیەك لەسەر بەکارهێنانی مۆبایلەکانمان بكەین؟

ئەوە كاتی نییە هەڵوەستەیەك لەسەر بەکارهێنانی مۆبایلەکانمان بكەین؟

راپۆرتی: کەنار قاسم

مۆبایل تەنها بۆ تەلەفۆنكردن نییە بەڵكو بۆتە رێكخەری زۆربەی كاروبارەكانی رۆژانەی مرۆڤ، زیرەكی دەستكرد داهێنانێكی گرنگی تەكنەلۆژیایە بۆ رێكخستنەوەی ژیانی مرۆڤەكان، هەر لە تەلەفونكردنەوە تا دەگاتە وەرزش و داواكردنی خواردن و جزدانی پارە و ئاودانی باخەكەت… رەنگە لە ئایندەیەكی نزیكیشدا لە رێگەی زیرەكی دەستكردەوە لە جێگەی مرۆڤەكانیش بڕیار بدات، هاوكاریت بكات لە هەڵبژاردنی جلوبەرگ و سێرڤسی ئۆتۆمبیلەكەت.

کێشەی کۆمەڵایەتی لە لووتکەدایە
سەرەڕای سوودە زۆرەكانی مۆبایل و تەكنەلۆژیا بە تایبەتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام زیانی گەورەی بە لایەنی تەندروستی وكۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان كەسەكان گەیاندووە. هاتوچۆ و سەردان و بۆنە كۆمەڵایەتییەكانی بەرەو كەمبوونەوە ئاراستە كردووە، لەو چوارچێوەیەشدا بۆتە هۆكاری سەرەكی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بە تایبەتی لە نێوان ژن و پیاو و پەیوەندیی نێوان گەنجان و هەرزەكارانی كوڕ و كچ. تەنانەت مۆبایل و تەكنەلۆژیا بۆتە یەكێك لە هۆكارە بەردەوامەكانی جیابوونەوەی ژن و مێرد و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان.

ئایا كاتی ئەوە نییە هەڵوەستەیەك بكەین و بە خۆماندا بچینەوە؟ لە سوود و زیانەكانی مۆبایل و ئامێر و ئامرازەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری بە شێوەیەكی گشتی، بكۆڵینەوە؟ سوودەكانی بۆ مرۆڤایەتی كامانەن؟ زیانەكانی لە رووی ئابووری و تەندروستییەوە بۆ سەر مرۆڤ كامانەن؟

زیانە تەندروستییەکانی مۆبایل
ئێستا مۆبایل بە پلەی یەکەم و ئامێرە زیرەکەکانی دیکە، کاریگەرییەکانی بەتەواوی بەسەر توێژی گەنجانەوە دیارە، دکتۆر سوارە عەلی، دەڵێت: لە مۆبایلەوە دوو تیشک کاریگەری لەسەر مرۆڤ جێ دەهێڵێت، ئەوانیش تیشکی ئایۆنی و نائایۆنیە، تیشکە ئایۆنیەکانی وەکو تیشکی xray کە لە خەستەخانەکان بەکاردێت و پێی دەڵیین ئەشیعە، دەرکەوتووە دەبێتە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە، تووشبوون لەو کەسەدا زیاترە کە ژەمی زۆری تیشکەکەی بەردەکەوێت جا ئەشیعەی تەنووری وەربگرێت یان ئەشیعەی سادە، هەرچی تیشکی نا ئایۆنیشە لە نێویاندا تیشکی رادیۆ فریکوێنسی واتە کارۆموگناتیشی کاریگەریەکەی وەکو تیشکی ئایۆنی نییە رەنگە هەستی پێ نەکرێت، بەڵام دەبێتە هۆی لەرزینی گەردیلەی خانەکانی لەش. بەریەکەوتنی زۆر لەگەڵ تیشکی کارۆ موگناتیسی لەرینەوەی گەردیلەکانی خانەکانی لەش دروستدەکات و گەرمی لێ پەیدا دەبێت، مۆبایل کە قسەی پێ دەکەیت و لە گوێ نزیک دەبێتەوە خانەکانی دەوروبەری گوێ گەرم دەکات و کاریگەری لەسەر چالاکی ئەو بەشانە دادەنێت کە لێوەی نزیکە، بۆ نموونە تووشی گێژبوون و سەر ئێشەمان دەکات یان جاری وا هەیە مۆبایلەکە لەسەر سنگ دادەنرێت دیسان زیانی هەیە، هەروەها ئەگەری هەیە نەزۆکی دروستبکات.

زیانە ئابوورییەکانی مۆبایل
لە رووە ئابورییەکەیەوە شارەزایەکی بوارەکە، د. خالید حەیدەر دەڵێت: بەکارهێنەرانی مۆبایل بۆ دوو کۆمەڵە بەش دەکرێت، بەشێکیان خەڵکی ئاسایی کە پێیان دەوترێ بەکاربەر، بەشی دووەمیان بازرگانان یان ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و سەرمایەدارن بەو شێوەیە دەتوانیین بابەتەکە شی بکەینەوە کە ئەو گرووپەی بەکاربەرن مۆبایل بەکاردەهێنن بۆ سەربردنی کاتێکی خۆش کە یاریکردن و چێککردنی وێب سایتەکانە لەسەر ئەمانە زیانی زیاتر هەیە، هەر لە خەرجکردنی پارە بۆ شەبەکەی نێت و کڕینی سمارت فۆنی گرانبەها ئەمە وای لێ دەکات کە زیانی ماددی پیبگەیەنێت، دوکاندارەکان باس لەوە دەکەن خەڵک قەرز دەکات بۆ ئەوەی مۆبایلێکی گرانبەها بکڕێت کە ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە.

ئالوودەی بەکارهێنانی مۆبایلەکان مەبن
شارەزایەکی بواری ئایتیش، بەرزی بەهزاد، دەڵێت مۆبایل خەڵکی ئالوودە دەکات و وتیشی سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیا گەورەکان ئەم ئەپلیکەیشنانەو بە خۆڕایی ئەداتێ و تەنها ئەکاوەنتێک ئەکەیتەوە و پێویست ناکات هیچ پارەیەک بدەیت، کار لەسەر ئالوودەبوونی تۆ دەکات و مەبەستێکی تری لە پشتە، ئەو کاتە تۆ بەکاربەرنیت تۆ پرۆدەکتی کار لەسەر ئەوە دەکەن زیاتر تۆ لەسەر ئەو مۆبایلە بهێڵنەوە و لە ئەنجامدا بەهەر شتێکیش ئالوودەبی زیانی خۆی هەیە ئەمە جگە لە زیانە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەروونیەکەی.

سەبارەت بە زیانە فیزیکیەکانی مۆبایل بۆ تەندروستی مرۆڤ دکتۆر سوارە دەشڵێت: زیانە فیزیکیەکانی بەکارهێنانی مۆبایل ئەوەیە کاتێک تەرکیز دەخرێتە سەر مۆبایل لەش بۆ ماوەیەک لە یەک حاڵەتدا دەمێنێتەوە کە لەوانەیە ناتەندروست بێت، نا رێکی بڕبرەی پشت و مل وا دەکات تووشی گرفتی شان و مل و فەقەرات بین.

رێنمایی تایبەت بە بەکارهێنانی مۆبایل
ئەو زەرەر و زیانە زۆرانەی مۆبایل، وای لە پزیشكان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی كردووە رێنمایی و رێنوێنیی تایبەت دەربكەن و بۆ هەمووانی روون بكەنەوە كە چۆن و كەی دەبێت مۆبایل بەكاربهێنن، دکتۆر سوارە عەلی دەشڵێت: بەکارهێنانی زۆری مۆبایل و تەرکیز خستننەسەر سکرینەکەی بە بەردەوامی و یەک دووری چاو هیلاک و تەمەڵ دەکات، بۆیە گرنگە ماوەیەکی کەم و دایاریکراو مۆبایل بەکاربهێنرێت و پشوو بە چاوەکان بدرێت. ئەبێ بەپێی تەمەنە جیاوازەکان کاتی بەکارهێنانی مۆبایل جیاواز بێ بەتایبەتی لەکاتی گەشەی منداڵ زۆر وریابین چونکە دەبێتە هۆی تەمەڵی چاو ، رێنمایی هاووڵاتیان دەکەین کە رووناکی شاشەی مۆبایلەکانیان مام ناوەند بێت نە زۆر تاریک و نە زۆر رووناک. هاوکات دوو جۆر شێرپەنجە هەیە لە مێشکدا بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایلەوە دروست دەبن خۆشبەختانە ئەم شێرپەنجانە حەمیدن بڵاونابنەوە، بەڵام هەر کەسێک هەیبێت رێنمایی دەکرێت مۆبایل بەکارنەهێنێت.

لە بەرامبەر ئەو زیان و زەرەرانەی بە هۆی مۆبایل و تەكنەلۆژیاوە لێمان دەكەوێت، بەڵام سوود و قازانجێكی زۆری پێگەیاندووین و رۆژ لە دوای رۆژیش داهێنانی زیاتر دەكرێت كە دواجار هەموویان دەچنە چوارچێوەی خزمەتكردنی مرۆڤ و پێشكەوتن و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی، بەڵام وەك زۆر بوار و بابەتی تر، دەبێت مرۆڤەكان لە چۆنێتی مامەڵەكردن و بەكارهێنانی مۆبایل و تەكنەلۆژیا و ئامراز و ئامێرە جیاوازەكان وریابن، چونكە هەموو بەكارهێنانێكی زیاد لە پێویست زیان و زەرەری زیاترە لە سوود و قازانجەكانی.

 87 جار بینراوە