سەرەکی » ئابووری » خزمەتگوزارییەكی نوێ بۆ بەشەخۆراكی مانگانە

خزمەتگوزارییەكی نوێ بۆ بەشەخۆراكی مانگانە

وەزارەتی بازرگانیی عیراق خزمەتگوزاریی «چاودێریم بكە»ی راگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جۆر و كوالێتی ماددە نوێیەكانی ناو بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان.

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایگەیاندووە، خزمەتگوزاریی «چاودێریم بكە» مامەڵە لەگەڵ داواكاری و سكاڵاكانی هاووڵاتیان دەكات سەبارەت بە ماددەكانی بەشەخۆراك و بەدواداچوون بۆ شێوازی ئامادەكردنی ئەو ماددانە دەكات بۆ بریكارەكان لە بەغدا و تەواوی پارێزگاكانی تر.

پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایگەیاندبوو، دووەم سەبەتەی خۆراك گەیشتۆتە كۆگاكان و ئامادەكارییەكان تەواو بوون و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

ئەوەشی خستبووەڕوو، نیسك و لەتكە نۆك لەگەڵ بڕە خۆراكی ئەم مانگەدا دابەش دەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو فاسۆلیا و دۆشاو و چەند مادەیەكی تر زیادكران.

 118 جار بینراوە