سەرەکی » هەواڵ » سەعدی پیرە: لە كەمپی ئاوارە ئێزدییەکان لە دهۆك رێگریی لە بەشێكی كاندیدەكان دەكرێت

سەعدی پیرە: لە كەمپی ئاوارە ئێزدییەکان لە دهۆك رێگریی لە بەشێكی كاندیدەكان دەكرێت

دوێنێ لە مەكتەبی سیاسی لە هەولێر، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك، پێشوازیكرد لە ریكاردۆ رۆدریگێز بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە هەرێمی كوردستان و گفتوگۆیان كرد دەربارەی پێشێلكاری و رێگرییەكانی بەردەم بەشێكی كاندیدەكان لە كەمپی ئاوارە ئێزدییەکان لە سنووری دهۆك.

لە سەرەتای دیدارەكەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئاماژەی بە رەوشی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن كرد و وتی: بەداخەوە لە هەندێك لە كەمپەكانی ئاوارە ئێزدییەکان لە سنووری پارێزگای دهۆك، بەناوی ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رێگریی دەكرێت لە بەشێك لە كاندیدەكان بۆ بانگەشەكردن، لەكاتێكدا هەر بەناوی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رێگەدەدرێت بە بەشێكی تر لە كاندیدەكان تا بە ئازادیی بچنە ناو كەمپەكان و بانگەشە بكەن. لەبەرامبەریشدا ریكاردۆ رۆدریگێز نیگەرانیی لەسەر ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە نیشاندا و تەئكیدیكردەوە كە بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن بانگەشەكردن لە كەمپەكاندا ئازادە بۆ هەموو لایەنەكان، بە كاندیدە سەربەخۆكانیشەوە، بێئاگایی خۆیشی لەو شێوازی مامەڵەكردنە نیشاندا و نیگەران بوو كە ناوی ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بەكاربهێندرێت بۆ بەرژەوەندیی هەر لایەنێك.

بەرپرسی نووسینگەی یۆنامی، تەئكیدیشیكردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسەكانی بەشێك نین لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵكو تەنها لایەنی چاودێر و هەماهەنگیكارن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی سەركەوتووانە و دەوڵەمەند بە پرەنسیپەكانی ئازادیی بیروڕا و دەنگدان.

هەر لە دیدارەكەدا، سەعدی پیرە، ستایشی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە لە رابردوودا لە هەرێمی كوردستان لایەنێكی گرنگی بەرەوپێشچوونی دامودەزگاكان بوون لە سەرجەم بوارەكاندا و تەئكیدیشیكردەوە كە «هاوكاری و كۆمەكە مرۆییەكانیان لە رووداوەكاندا بەشێكی سەرەكیی چارەسەری كێشەكان بوون و لە رووی سیاسی و داڕشتنی یاساكانیشەوە پاڵپشتێكی بەهێزی هەرێمی كوردستان بوون.

كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەرێم
هەر دوێنێ لە مەكتەبی سیاسیی لە هەولێر، سەعدی پیرە، پێشوازیكرد لە ئیڤ دوڤال بەرپرسی نوێی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان و تاوتوێی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانیان كرد، بەتایبەتی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

سەعدی پیرە، سوپاسی حكومەت و گەلی كەنەدای كرد كە لە قۆناغە جیاوازەكاندا پشتیوانی گەلی كورد بوون و لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشدا لە روبەڕوبوونەوەی داعشدا، رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە.

لای خۆیشییەوە، ئیڤ دوڤال، وتی: «حكومەتی وڵاتەكەم، خوازیاری هەڵبژاردنێكی سەركەوتووە بۆ عیراقییەكان و هەمیشە پشتگیریی لە عیراق دەكەین و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگی و هاوكارییەكانمان بۆ هێزە عیراقییەكان و هێزی پێشمەرگە، لەپێناوی كۆتایهێنان بە مەترسیی گروپە تیرۆریستییەكان».

 55 جار بینراوە