سەرەکی » ئابووری » نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە سێ ساڵدا تۆمارکرد

نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە سێ ساڵدا تۆمارکرد

نرخی نەوت دوێنێ سێشەممە لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە سەروو 80 دۆلار و ئەوەش یەکەمجارە لەدوای ساڵی 2018ەوە بگاتە ئەو نرخە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەخێرایی و پێچەوانەی لەدەستدانی بەشێکی زۆری نرخەکەی لەماوەی رابردوودا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەگەرەکان لەبارەی زیادبوونی خواست لەسەر وزە دوای کەمبوونەوەی تەواوەتیی رێکارەکانی کۆرۆنا لەبەرامبەردا مانەوەی خستنەڕووی نەوت لەئاستێکی نزمدا.

دوێنێ 28ی9ی 2021 نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 80.14 دۆلار و بەبڕی 61 سەنت و رێژەی 0.77 % نرخەکەی بەرزبۆوە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی 2018ەوە پێیگەیشتووە.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس گەیشتە 76.6 دۆلار و نرخەکەی بەبڕی 63 سەنت و رێژەی 0.82 % بەرزبۆوە.

هاوکات، وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایانگەیاندووە: ئەگەری زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت قورس دەبێت ئەگەر زیانەکانی پەتای کۆرۆنا چارەسەر نەکرێت.

 197 جار بینراوە