سەرەکی » ئاراستە » لەبارەی كتێبی ״نەخۆشییەكانی ئاژەڵە كاوێژكەرەكان״ ەوە

لەبارەی كتێبی ״نەخۆشییەكانی ئاژەڵە كاوێژكەرەكان״ ەوە

گوندستانی نوێ

بەپێی جۆر و گرنگی و جوانی و بەرهەمەكانیان، لە جیهاندا ئاژەڵەكان دابەشكراون بۆ چەندان گروپ و كۆمەڵ، ئاژەڵە كاوێژكەرەكان ئەو جۆرەی ئاژەڵەكانن كە بەهۆی بەرهەم و گرنگیانەوە لە ژیانی مرۆڤدا زیاتر و زۆرتر بەلای هاووڵاتیانەوە گرنگیان پێدەدرێت و بەخێو دەكرێن، ئەمەش پێچەوانەی بەشێكی دیكەی ئەو ئاژەڵانەیە كە كاوێژناكەن و بۆ جوانی و زینەت بەكار دەهێنرێن و رادەگیرێن لە ماڵان و شوێنە گشتییەكاندا و گرنگییەكی ئەوتۆشیان لە بازاڕی كوردستان و بەرهەمی خۆماڵیدا نییە.

كتێبی «نەخۆشییەكانی ئاژەڵە كاوێژكارەكان _Diseases Of Ruminants « لە نووسینی «دكتۆر فەرەیدون عەبدولستار)، كتێبێكی گرنگ و تایبەتە بە نەخۆشییەكانی جۆری ئاژەڵە كاوێژكەرەكان، گرنگی ئەم كتێبە لەوەدایە كە مادام مرۆڤ زۆرترین بەرهەمی ئاژەڵە كاوێژكەرەكان بەكاردەهێنێت و بەخێویان دەكات، ئەوا رەنگە هەر نەخۆشییەكی ئەم ئاژەڵانە كار بكاتە سەر ژیانی مرۆڤ و بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤیش، بۆیە گرنگە هەموو ئەو كەسانەی زۆر نزیكن لە ئاژەڵانی كاوێژكەرەوە و بەرهەم و شیرەمەنی ئەم ئاژەڵانە دەخەنە بازاڕەوە، ئاگاییان هەبێت لەو نەخۆشییانەی كە ئەم ئاژەڵانە تووشی دەبن، چونكە وەك نووسەر ئاماژەی پێدەدات لە كتێبەكەیدا، چەندان نەخۆشی تایبەت بەم ئاژەڵانە هەیە و رەنگە ببێتە هۆی نەخۆشی لە مرۆڤیشدا.

نەخۆشی ئاژەڵە كاوێژكارەكان
لە پێشەكی كتێبەكەیدا نووسەر دەنووسێت: لە روانگەی زانستی پزیشكی ڤێتێرنەرییەوە ئاژەڵە كاوێژكارەكان تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر دەبن كە لە ئەنجامدا زەرەر و زیانێكی گەورەیان پێ دەگەیەنن لە كەمبوونەوەی بەرووبوومیان و پیسبوونی ژینگە»، كەواتە لێرەوە تێدەگەین نەخۆشی ئاژەڵە كاوێژكارەكان لە مرۆڤەوە شۆڕدەبێتەوە بۆ ژینگە و پیسبوونی ژینگەیشی بە دوادا دێت، ئەمەش لەبەرئەوەیە كە ژینگە و مرۆڤ دوو پرسی هەستیاری گرنگن و بەبێ یەكتر نابن و گرێدراوی یەكترن. بە پێچەوانەشەوە رەنگە ژینگەیەكی خراپ و ناتەندروستیش كە مرۆڤ شێواندوێتی ببێتە مایەی نەخۆشی بۆ ئاژەڵان و بەمەش هاوكێشەیەكی راستەوانە دروست بكات لە نێوان «ئاژەڵ، مرۆڤ و ژینگە»دا و هەر سێكیان كاریگەریی نەرێنی بكەنە سەر ئەوی دیكەیان.

بەرهەمی ئاژەڵە كاوێژكارەكان
ئەم ئاژەڵە كاوێژكارانە لەبەرئەوەی كۆئەندامی هەرسیان كۆئەندامێكی سەرەكی و گرنگی لەشیانە، ئەوا لە رێی كۆئەندامی هەرسەوە خۆراك وەردەگرن و دەیهاڕن، لە ئەنجامدا دەمژرێت و خانە و شانەكانی لەش سوودی لێوەردەگرن بەمەبەستی بەرهەمهێنانی بەرووبوومەكانی ئاژەڵ لە شیر و شیرەمەنی و كەرەو رۆن و… هتد. بەمشێوەیە لە پرۆسەیەكی گۆڕینی مادەی سروشتییەوە بەرهەمی ئاژەڵەكان دەگاتە دەستی مرۆڤ و مرۆڤ بەشێوەی قۆناغ و كات سوودیان لێ وەردەگرێت. بەمەش كۆئەندامی هەرس بریتی دەبێت لە ئامادەكردن و گۆڕینی خۆراك لەشێوە ئاڵۆزەكەیەوە بۆ شێوە سادەكەی.

ئاژەڵە كاوێژكارەكان
وەك پێشتریش ئاماژەمان بۆ كرد، ئاژەڵەكان كراون بە چەند گروپ و كۆمەڵەیەكەوە، ئاژەڵە كاوێژكارەكان لە ئاژەڵە شیردەرەكانن و سەربە كۆمەڵەی Artiodactyla كە خۆراكیان پاك و دیارە و لە رووەك و ئالیف و گژوگیا پێكدێت، هەرچی چەمكی كاوێژیشە لە وشەی Ruminant كە لە روانگەی سەرچاوەكانی ڤێترنەریی وەرگیراوە كە ماناكەی بریتییە لە دووبارە جوینەوە. زۆربەی ئاژەڵەكانی ئەم گروپەش ماڵین و لە رووی ئابوورییەوە سوودێكی زۆریان هەیە كە بەپێی خەمڵاندنەكان 150 جۆر ئاژەڵی كاوێژكاری ماڵی و كێوی هەن.

نمونەی نەخۆشی ئاژەڵە كاوێژكەرەكان
ئاژەڵەكان بە گشتی تووشی چەندان جۆری نەخۆشی دەبن و كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئەو ئاژەڵەی تووشی دەبێت، نمونەی نەخۆشی «مافەتە» كە نەخۆشییەكی زۆر زۆر بڵاوە و بەهۆی بەكتریای «كلۆستردیۆم» تووشی ئاژەڵەكان دەبێت بە تایبەت «مەڕ، بەرخ و بەران» بەهۆی ئەم نەخۆشییەشەوە مرۆڤیش تووشی چەندان نەخۆشی دەبێتەوە، هەروەها نەخۆشی «لاڕەشە» كە ئەم نەخۆشییەیان بەهۆی بەكتریایەكەوە دەبێت كە پێی دەگوترێت «كلۆستریدیۆم»، لە نمونەی نەخۆشییە باوەكانی ئاژەڵان وەكو «نەخۆشی سپڵ، ئەنسراكس كە تووشی مرۆڤیش دەبێت لە پێستەوە، نەخۆشی شێتبوونی مانگا، نەخۆشی خوێن میزكە كە نەخۆشی تای تێكساسیشی پێ دەوترێت، نەخۆشی تەبەق كە گوندنشینەكان پێی دەڵێن «تەوەق»، نەخۆشی دانكە.

سامانی ئاژەڵ لە كوردستان
سامانی ئاژەڵی لە كوردستان و عیراق و ناوچەكە و تەنانەت جیهانیشدا بە یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی مەسەلەی ئابووری دادەنرێت، چونكە لەلایەك مرۆڤ ئاژەڵداری كردۆتە پیشە و لەلایەكی دیكەشەوە ئاژەڵدارەكان بەتایبەتی گوندنشینەكان ئاژەڵ و بەرهەمەكانی بۆتە خۆراكی زۆربەی ژەمەكانیان، بە پێی كتێبەكەی نووسەر «فەرەیدون عەبدولستار» بێت دەبێت حكومەتی هەرێم و خاوەن ئاژەڵەكان خەمی ئاژەڵەكانیان بخۆن و نەهێڵن ئەم سامانە گەورە و گرنگەی ئابووری لەناو بچێت بە جۆرەكانی نەخۆشی و زیانێكی گەورە بەر ئابووریی هەرێم بكەوێت.

گرنگی ئەم كتێبە
هەر كەسێك ئەم كتێبەی بەر چاو كەوتبێت بۆی دەردەكەوێت كە ئەم كتێبە لە چەندان رووەوە گرنگە، لەلایەك بۆ كتێبخانەی كوردی كە بەداخەوە كتێبخانەی كوردی لاواز و هەژارە لەم بوارانەدا، لەلایەكی دیكەشەوە ئەم كتێبە بۆ خوێندكارانی كورد لە بەشەكانی ڤێترنەری لە زانكۆ و ناوەندە زانستییەكانی كوردستاندا گرنگە و بەبایەخە، هەروەها ئەم كتێبە بۆ تەواوی ئەو خاوەن ئاژەڵ و گوندنشینانە گرنگە كە بەردەوام خەریكی پیشەی ئاژەڵدارین و بەدەست نەخۆشییەكانی ئاژەڵەوە دەناڵێنن، ئەم كتێبە بەرچاوڕوونییەكە تاكو لە نەخۆشی ئاژەڵەكانیان تێبگەن و لەسۆنگەی كتێبەكەوە چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە، بایەخی ئەم كتێبە لەوەدایە نووسەر بۆ دەوڵەمەندكردنی بابەتەكەی گەلێك سەرچاوەی بیانیی بەكارهێناوە.

 120 جار بینراوە