سەرەکی » کەلتوور » چارەنووسی سیکولاریزم لە هەرێمی کوردستان

دوای کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێم و عیراق

چارەنووسی سیکولاریزم لە هەرێمی کوردستان

دیار ئاكره‌یی

ئەڵمانیا و ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا دوڕاندیان و دانیان بە شکستی خۆیاندا هێنا و هاوپەیمانەکان سەرکەوتن، دواتریش سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی ھەردوو وڵات لە دیکتاتۆری و ناوەندیی شمولییەوە گوڕدرا بۆ سیستەمی دیموکراسی لە سەر بنەمای سیکولاریزم و رێزگرتن لە مافی مروڤ و رێزگرتن لە ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان. هاوكات توانیشیان لەم پرۆسەیه‌دا سەرکەوتوو بن و ئێستا هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و ژاپۆن لەرووی حوکمرانییەکی رەشیده‌وە، رێزگرتن لە به‌هاکانی مروڤایەتی و لەرووی پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنەلوجیا لە پێشەوەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانن.

دوای داگیرکردنی ئەفغانستان و عیراق، پاش رووداوەکانیی سێپتەمبەر هاوپەیمانان سیستە‌می سیاسی و حوکمڕانی لە هەر دوو وڵاتدا گۆڕی؛ کە پێشتر سیستەمی سیاسی ئیسلامی توندره‌و لە ئەفغانستان و، سیستەمێکی دیکتاتوری شمولی لە عیراقدا هه‌بوون، سیستەمی سیکولاریزم لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و رێزگرتن لە مافەکانی مروڤ جێگیرکرا.

بەڵام دوای نزیکەی (20) ساڵ ئەمریکا بۆی روون بۆته‌وه‌ کە کومەڵگەی ئەفغانی و، بەشێکی زۆریش لە کومەڵگەی عیراق، بە زورێنەی نوخبە سیاسیەکانیانەوە لەگەڵ ئەوەدا نین کە دیموکراسییەت و عه‌لمانیەت بناغەی سیستەمی سیاسی کومەڵایەتی بێت، بۆیە ئەمریکا ناچار بوو ئەفغانستان بۆ تاڵیبان و هاوبیریەکانیان بەجێ بێلێت، عیراقیش بۆ حەشد و، دووریش نییە بۆ داعش بێت!

پرسیارە جەوھەرییەکە ئەمەیە ئایە سیستەمی نیمچە سیکولاریزمی هەرێمی کوردستان چی بەسەر دێت؟ ئایە دوای کشانەوەی ئەمریکا ئەو دیموکراسیەتەی که‌ ئێستا هەیە ئەو ئازادییەی هەیە و پشتیوانی لە ژنان بەگشتی ئەو مافانەی کە رێز لە مروڤ دەگرێت بەو هه‌موو کەموکورتییەكانی خۆیەوە بەردەوام دەبیت؟

ئایە کومەڵگەی کوردی پەنا بۆ ئیسلامی سیاسی دەبات وەکو لیبیا وعیراق و میسر وەکو ئەفغانستان و تونس و مەغریب وەک بەدیل بۆ حزبە عەلمانیەکانی دەسەڵاتدار، کە لە ماوەی حوکومڕانیدا چ لەرووی هزری یان لە رووی پراکتیکەوە لە حکومەتدا وەک پێویست سەرکەوتوو نەبوون، هاوكات ئێران و عیراق و تورکیایەکی ئیسلامی سیاسی لێمان قبول دەکەن بەردەوام بین لەوعه‌لمانیەتەی هەمانە؟

حزبە عه‌لمانیەکان لە هەرێمی کوردستان چ ئەوانەی لە دەسەڵاتن یان ئوپۆزسیون توانیویانە لە ئه‌ورۆپا و ئەمریکا و وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان بەلای خویدا بكێشن و سۆزیان به‌لای خویان رابکێشن و ببنه‌ پشتیوان بۆ تەجروبەی عه‌لمانیه‌كه‌یان لە هەرێمی خۆمان. هه‌روه‌ها حزبە دەسەڵاتدارەکان لە ماوەی رابردوودا توانیویانە وێنەیەکی جوانی دیموکراسییەت وعه‌لمانییەت نیشانی خەڵکی کوردستان بدەن؟

لە لایەکی ترەوە خەڵکی هه‌رێمی کوردستان خوێندنەوەیان جیاوازە بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێم بە تایبەتی له‌ دوای وێرانبوونی سوریا و یەمەن و لیبیا وڵاتانی تر کە میللەتەکانیان بریاری گورینیان دا و خه‌ڵکی هەرێمی کوردستان پەندیان لە گەلی سوریا و لیبیا و تونس و میسر و وڵاتانی تر وەرگرتووە و و تەجروبەی وێرانکاری وڵاتانی ئەوان دووبارە ناکاتەوە یا خۆت وەکو ئەوان تاقی بەرەو تاقیکردنەوەی تەجروبەی ئیسلامی سیاسی دەچن؟

لە لایەکی ترەوە ئایە حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان لە چەپەوە بۆ راست چ ئەوانەی بەشداربوون لە حکومەت یان وەکو ئوپۆزیسیون کاریان کردووە توانیویانە وەکو بەدیل بۆ حزبە عەلمانییەکان دابنن؟

هاوكات، حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان لە سی ساڵی رابردوو لە رووی فیکر و لەرێگای خیتابەکانیانەوە توانیویانە شەقامی کوردستانی بە لای خویانەوە ببەن بێ گومان نه‌خێر.

ئیتر ئه‌و کاتە نەهاتووە بەو کاتە کەمەی بەردەستمانه‌؛ هەرچی زووە چاکسازی و هەنگاوی جددی تر بنرێت بەرەو وڵاتێکی دیموکراسی و هاووڵاتیبوون.

 210 جار بینراوە