سەرەکی » زانست » گرانترین جۆری قاوە لە جیهاندا پاشەڕۆی ئەم ئاژەڵەیە

گرانترین جۆری قاوە لە جیهاندا پاشەڕۆی ئەم ئاژەڵەیە

كەشتیی نوح

گرانترین جۆری قاوەی جیهان لە پاشەڕۆی ئاژەڵی سیڤیت ( civet) دروست دەكرێت كە جۆرە پشیلەیەكی كێوییە و نیشتمانی سەرەكیشی ناوچەی دارستانەكانی ئاسیای كەمەرەیی و ئەفریقیایە. پێشتر تەنها بە شەو دەردەكەوت و شێوەی لە ئاژەڵی راكون دەچێت.

سیڤیت ( civet) بۆ ماوەیەكی زۆر ببووە هۆی بێزاریی دانیشتوانی چەند ناوچەیەكی ئەندۆنیزیا بە تایبەت لە شەودا بە قیژەقیژەكەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی بێزار دەكرد و پاشەرۆیەكی زۆریشی لە دوای خۆی جێدەهێشت كە بەیانیان رێبواران پێیان پێدادەنا، پاش ماوەیەك دۆخەكە گۆڕدرا پاشەڕۆكانی ئەم ئاژەڵە لە پاشەرۆیەكی ئاساییەوە بووە شمەكێكی گرانبەها و خودی ئاژەڵەكەش لە سەرچاوەی هەراسانكردنەوە بووە سەرچاوەی دەوڵەمەندبوون، چونكە باشترین قاوەی جۆری (LUWAK COFFEE) لەو دەنكە قاوانە دروستدەكرێت كە لە ناو سكی ئاژەڵەكەدا نیمچە هەرسكراون.

ئەم جۆرە قاوە گرانبەهایەش لە هەریەك لە ئەندۆنیزیا و فلیپین بەرهەم دەهێنرێت كە سیڤیت ( civet) بەشی دەرەوەی قاوە تازەكە دەخوات و بەشی ناوەوە یان دەنكە قاوەكە لە كۆئەندامی هەرسیدا دەترشێت، چونكە لە ناو گەدەیدا و لە كاتی پرۆسەی هەرسكردندا چەند ئەنزیمێكی بەسەردا دەرژێت و دواتر لە شێوەی پاشەڕۆدا دێتە دەرەوە.

ئێستاش ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی ئەو ناوچانەی ئاژەڵەكەی لێدەژی كاریان بووەتە كۆكردنەوەی دانەی قاوەكان و جیاكردنەوەی لە پاشەڕۆی ئاژەڵەكە، پاشان ئەو دانانە پاك دەشۆنەوە و دەیبرژێنن، بۆ ئەوەی قاوەیەكی بە تامی لێدروست بكەن كە تام و بۆنێكی نایابی هەیە و بووەتە یەكێك لە قاوە گرانبەهاكانی جیهان، چونكە نرخی یەك كیلۆ گرامی لە نێوان (300-500) دۆلاری ئەمریكیدایە.

ئەمەش وایكردووە دانیشتوانی ئەندۆنیزیا و فلیپین چیتر وەك نەهامەتی و بەڵا سەیری ئەو ئاژەڵە نەكەن، ئەمە دۆخی ئاژەڵەكەی خراپتر كردووە، چونكە جوتیاران تەڵەی بۆ دەنێنەوە و لەناو كێلگەكانی قاوەدا لە قەفەزی پووش و تەلبەنددا زیندانی دەكەن و بۆ ئەوەی قاوەی جۆری(LUWAK COFFEE) یان بۆ بەرهەم بهێنێت.

ئەوانەی كە ئاژەڵی سیڤیت ( civet) لە كێلگەكانیاندا رادەگرن جگە لە قاوە هیچ خۆراكێكی تری پێنادەن لە كاتێكدا ئەو ئاژەڵە جگە لە قاوە چەندین جۆری مێروو خشۆك دەخوات، هەر بۆیە ئەو دۆخی دیلێتییە ئاژەڵەكەی لە ژینگە و سروشتی خۆی داماڵیوە وتووشی نەخۆشیی جۆراوجۆری دەكات كە زۆرجار دەبێتە هۆی مرداربوونەوەشی.

سەرچاوە: alroeya

 51 جار بینراوە