سەرەکی » راپۆرت » گەیشتنی وەجبەی دووەمی سیستمی بەرگریی S400 لە روسیاوە بۆ توركیا

ئاڵۆزییەكانی ئەنقەرە لەگەڵ ئەمریكا قووڵتر دەكاتەوە

گەیشتنی وەجبەی دووەمی سیستمی بەرگریی S400 لە روسیاوە بۆ توركیا

راپۆرت- شنۆ هیرانی

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری توركیا، لە چاوپێكەتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (جی بی سی) ئەمریكایی کە لە 24 ئەیلولدا بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا، پەیامی توندی ئاراستەی ئەمریكا كرد، كە لە شێوازی دەربڕیندا زمانێكی زبری بەكارهێنابوو.

سستمی (S400)
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە كڕینی سستمی (S400) لە روسیا وتی: «كەس ناتوانێت خۆی لەوە هەڵبقورتێنێت، کە ئاخۆ ئێمە لە چ وڵاتێك و چ جۆرە سستمێكی بەرگریی دەكڕین، تەنها خۆمان ئەم بڕیارە دەدەین».

جگە لەمە ئەردۆغان بە هەمان تۆن لەبارەی سیستمی بەرگریی فڕۆكەكانی (F16)ی ئەمریكاییش دواو وتی:»سیستمەكانی بەرگریی جیاوازن، ئێستا ئێمە بەشێكی سیستمی بەرگریمان پێكهاتووە لە فڕۆكە ئەمریكییەكانی جۆری F16، بەڵام چ گەرەنتییەك هەیە ئاخۆ سبەینێ ئەمریكا ئەم جۆرە سیستمە پۆچەڵ ناكاتەوە؟ ئایا هیچ گەرەنتییەك لە دەستی مندا هەیە؟ لەبەرئەوەی گەرەنتییەكی لەم شێوەیە نییە، بۆیە ئێمە ناچارین هەنگاوی جیاوازتر و رێوشوێنی جیاوازتر بگرینەبەر».

ئەردۆغان ئاماژەشی بەوە داوە، كە توركیا بۆ كڕینی فڕۆكەی جۆری (F35) (1.4) ملیار دۆلاری داوە بە ئەمریكا و تائێستاش ئەمریكا فڕۆكەكانی رادەستی توركیا نەكردووە. هاوكات كڕینی سستمی بەرگری (S400) لە روسیا هۆكارەكەی ئەوەبووە كە ئەمریكا رازی نەبووە ئەم سیستمە بە توركیا بفرۆشێت.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم چاوپێكەوتنەی سەرۆكی توركیا، وتەبێژیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆیتەرز وتی: «ئێمە بە ئاشكرا بە توركیا دەڵێن: كڕینی هەر جۆرە چەكێك لە روسیا، جیاواز لە رێكارەكانمان لە مانگی كانوونی دووەمی 2020 بەرامبەر بە توركیا، وەك ئیزافەیەك دەتوانین رێكارەكانی (سی ئای ئای تی ئێس ئای 231) كارا بكەین، كە ئەمەش بۆ توركیا ریسكێكی زۆر لەخۆدەگرێت».

هەڵوێستەكەی توركیا
ئەم هەڵوێستەی ئەردۆغان هەم لەرووی ناوەڕۆك و هەم لە رووی كاتیشەوە زۆر گرنگە، ئەگەر سەیری ناوەڕۆكەكەی بكەین، ئەوا یەكێك لە بنەما سەرەكی و ژیارییەكانی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا بریتییە لە پیشەسازی بەرگریی و هەماهەنگییە سەربازییەكان كە ئێستا دەتوانین بڵێین هاتۆتە ئاستێكی لێكدابڕان و ترازانێكی گەورە.

لەڕووی كاتیشەوە، گرنگییەكەی ئەوەیە، ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان كە راستەخۆ دوای بەستنی 76هەمین كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانە لە نیویۆرك و چەند رۆژێك بەرلە كۆبوونەوەی (سوچی) كە بڕیاربوو لە 29ی ئەیلول بەڕێوەبچێت، تێیدا چاوی بە سەرۆكی روسیا ڤلادیمیر پوتین بكەوێت، (واتا پێش چاوپێكەتنە تەلەفزیۆنییەكەی ئەردۆغان).

بەرلەوەی بچینە سەر بابەتی هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆك و كاتی لێدوانەكانی ئەردۆغان، گرنگە چاوێک بە پلانەكانی پشتەوەی ئەم پرسەدا بخشێنینەوە.

سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان، كاتێك توركیا بیری لەوە كردەوە كە پێویستی بە بەدەستهێنانی سیستمێكی بەرگریی بەهێز و پێشكەوتووە، بێگومان و بەشێوەیەكی سروشتی هەڵبژاردەی توركیا سیستمی مووشەكی (پاتریۆت)ی ئەمریكابوو. بۆ ئەوكاتەش پاتریۆت بێ ركابەربوو، چونكە سیستمێكی زۆر بەهێزبوو دژبە فڕۆكە جەنگییەكان و دەیتوانی لە مەودایەكی دووردا ئامانجەكانی بپێكێت، تا ئەوكاتە لەڕووی تەكتیكییەوە لە هیچ كام لە وڵاتانی خۆرئاوا بێجگە لە مووشەكی (بالیستی) هیچ جۆرە مۆدێلێكی پێشكەوتووتر لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەئارادا نەبوو. سیستمی(ئێس ئای ئێم پی/ تی) لەساڵی2010 لەلایەن ئیتاڵیا و فەرنسا بە هاوبەشی بەرهەم هات و كەوتەكار.

ئەو سەردەمە توركیا دووچاری گرفتی ئابووریی و كورتهێنانی زۆری بودجە ببۆوە، لەهەمان كاتیشدا مووشەكی بالستی لەڕووی تەكنۆلۆژیاوە قۆناغی پێگەیشتی بەتەواوەتی تێپەڕ نەكردبوو (لەگەڵ ئەوەی لەساڵی 1991داو لەكاتی جەنگی دووەمی کەنداودا لەلایەن عیراقەوە بە پیلەكانی پاتریۆت مووشەكەكانی (تورابی سی ئێس یو دی) گرتە هەریەك لە ئیسرائیل و سعودیە و توانی %50ی ئامانجەكانی بپێكێت)، ئەوەش بووە هۆی رەواندەوەی ئەم گومان و دوودڵییەی سەبارەت بەو سیستەمە هەبوو.

ئەو تەندەرەی كە بە(لۆرامیدس) ناودەبرێت بۆ كڕینی S400 لە روسیا بە 8.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و بەیەكێك لە گرانترین مامەڵەكانی توركیا لەگەڵ روسیا هەژمار دەكرێت.

بەرلە بڕیاردانی توركیا بۆ كڕینی ئەم سستمە بەرگرییە لە روسیا، چەند گۆڕانكاری و پێشهاتێکی زۆر گرنگ لە 2014 بەولاوە بۆ توركیا روویدا كە سەرەكیترینیان ئەو هاوكارییە سەربازییە لۆجستی و مەشقپێكردنەی هێزەكانی پەیەدە لە سوریا بوو لەلایەن ئەمریكاوە، كە توركیا بە باڵێكی پەكەكە لە سوریا لەقەڵەمیان دەدات و دژیانە. لەدوای ئەمەشەوە كاتێك ئەمریكا و ئەڵمانیا بەبێ پرسی توركیا لە ترسی ئەو هەڕەشەیەی كە لە سوریاوە سەرچاوەی دەگرت دەستیانكرد بە لابردنی مووشەكەكانی پاتریۆت لە بنكەكانی ناتۆ لە توركیا.

بابەتێكی تری زۆر گرنگیش هەڵوێستەكانی ئەمریكا بوو بەرامبەر بە كودەتاكەی 15تەمموزی 2016 و داڵدەدانی فەتحوڵڵا گویلەن كە توركیا بە فاكتەری سەرەكیی پشت كودەتاكەی دەزانی. ئەم رووداوە وەك زەمین لەرزەیەك بوو بۆ پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا كە تا ئەوكاتە كەم تا زۆر ئاڵۆزیی و پیشێویی تێنەكەوتبوو.

توركیا راستەخۆ دوای هەوڵی كودەتاكە، لە پایزی 2016دا دەستیكرد بە هەوڵی سەربازی و دیپلۆماسی بۆ دانوستانەكانی سەبارەت بە كڕینی سستمی S400 لەگەڵ روسیا.

خراپبوونی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا
دوابەدوای دانوستانەكان رێكەوتنەكە لە نیسانی 2017دا واژۆكرا، لە تەمموزی 2019 دا یەكەم باری سیستمی S400 گەیشتە توركیا و لە تشرینی یەكەمی 2020 تاقیكردنەوەی لەسەر کرا. لەو سەردەمدا ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ كاردانەوەیەكی زۆریان نیشاندا، بە درێژای 2020 پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا بە قۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕی. بەو هۆیەشەوە ئەمریكا لە رێكەوتنی فرۆشتنی (6) فڕۆكەی جۆری (F35) كە تایبەت بۆ توركیا دروستكرابوون، پاشگەزبۆوە و رادەستی توركیای نەكرد.

بەپێی رێكەوتنێكی توركیا و ئەمریكا لە ساڵی 1987 تا 2012 ، توركیا 270 فڕۆكەی جۆری (F16)ی لە ئەمریكا وەرگرتووە و ئێستاش توركیا لە مەترسیی ئەوەدایە كە ئەمریكا چیتر تەمویلی لۆجیستی و تەكنیكی ئەم فڕۆكانەی توركیا نەكات، گرفتی پرۆگرامكردنیان بۆ دروست بكات، بەهۆی ئەوەی ئەو (F16) انەی توركیا بە سستمی (ئێف ئێم سی) پرۆگرام كراون. جگە لەمەش حكومەتی ئەمریكا دوای فرۆشتی ئەم جۆرە فڕۆكانە بەهەر وڵاتێك، دەیانخاتە ژێر میكانیزمێكی زۆر تووندی كۆنتڕۆڵكردن و چاودێرییەوە.

لەساڵانی 2014-2015ەوە ئەمریكا وەك شەریكێكی خۆی لە ناوچەكە سەیری توركیا ناكات، ئەم بۆچوونەشی بە چەند شێواز و لە چەند هەڵوێستێکی جیاوازدا پیشانی توركیا داوە، لە هەمووشی دیارتر پەراوێزخستنی سەرۆك كۆماری توركیایە لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان، كە دواهەمینیان كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو لە ئەیلولی ئەمساڵ، لە نیویۆرك لەلایەن جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكاوە. لەهەمان كاتیشدا بە تێكچوونی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەمریكا، رێگە خۆش نەبوو بۆئەوەی پەیوەندییەكی زۆر پتەوی ئەنقەرە لەگەڵ مۆسكۆ بێتە ئاراوە، بە پێچەوانەوە توركیا و روسیا لە بابەتەكانی وەك سوریا، ئۆكرانیا دوورگەی کریم- و دواجاریش شەڕەكانی ئەرمینیا و ئەزەربایجان جیاوازیی و ناكۆكی زۆریان هەبووە.

سەرچاوە: ئاژانسەكانی توركیا

 86 جار بینراوە