سەرەکی » هەواڵ » راگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەبارەت بە بارودۆخی کەرکوک

راگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەبارەت بە بارودۆخی کەرکوک

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە نیگەرانییەوە لەو دۆخە نەخوازراوە ئەمنییەی کەرکوک دەڕوانێت کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا دروستکراوە، بۆ ھەموو لایەکی رووندەکەینەوە لە دوێنێ شەوەوە ھەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراقی لە پەلاماردانی ماڵی کورد و پێشێلکاری ھێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی گەنجان ئاگادرکردۆتەوە، لە پەیوەندی بەردەوام بووە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵا لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و دووپاتیکردۆتەوە ئەو دۆخە دروستکراوە جێگای قبووڵکردن نییە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەرکوک و کەرکوکییەکان لە ھەر موزایەدە و دروشم بازییەک بە گەورەتر دەزانێت کە ھەندێک لایەن و لە نێوانیاندا ھەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ مەرام و دەستکەوتی بچووکی حیزبی دۆزی گەورەی کەرکوک و چارەنووسەکەی و دانیشتوانی دەخاتە بەردەم مەترسی و گەمەی سیاسی، کە ئەمە لای ئێمە جووڵەیەکی سیاسی نالۆژیکییە بۆیە یەکێتی ھێزی بەرپرسیارەو پرەنسیپی پاراستنی گیانی پێکەوە ژیان و ئاشتیانە دەگرێتەبەر و پارێزگاری لەو پێکەوە ژیانەی کەرکوک دەکات، ھاوکات پارێزەری ماف و خاک و کوردستانیبوونی شارەکە دەکاتەوە و بەم ستراتیژە کاردەکات و لە ھیچ لایەنێکی قبووڵ ناکات درێژە بەم جۆرە رەشبگیرییە بدات و ژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە بۆ ھەر ئەگەرێکیش یەکێتی بژاردەی یەکلاکەرەوەی ھەیە.

راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کورستان

 86 جار بینراوە