سەرەکی » کەلتوور » رۆڵی شاراوەی جینەکان لە چارەنووسی منداڵەکاندا

رۆڵی شاراوەی جینەکان لە چارەنووسی منداڵەکاندا

رازیب خان – پسپۆڕی جینتیکی حەشیمەت

لە فارسییەوە: مەحمود شێرزاد

دەستەوشەی «تەنانەت ژێر پێی خۆشت سەیر مەکە» لە سەردەمێکدا هاتە ئاراوە کە چینی خۆشگوزەرانی ئەورووپا بە هۆی خواردنی خۆراکی باشەوە لە چینی رەش و رووتی کۆمەڵ باڵابەرزتر و بەهێزتر بوون. ئەو کات بژاردە و چینی باڵادەستی ئەورووپی بەڕاستی لە سەرەوەڕا سەیری خەڵکانی ژێردەستی خۆیان دەکرد. لەبەر ئەوە رەنگە بژاردە و چینی باڵادەستی لەسەدەی نۆزدەی ئەورووپا سەریان سووڕمابێ کە بینیان کرێکار و جوتیار و پیشەسازانی ئەمریکی خۆراکی لە هی ئەوان باشتر دەخۆن و بەژن و باڵایان لە هی ئەوان بەرزتر و بەهێزترە. هەمیشە لەو کۆمەڵگایانەدا کە چینێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو چییەتی خۆراکەکانیان جیاواز بووە وەکو بریتانیای سەردەمی پیشەسازیی، باڵایان لە چینەکانیتر بەرزتر و جەستەیان لەوانیت بەهێزتر بووە.

بۆماوەیی جینیتیک
دیارە جینەکانیش لەم جیاوازییەدا رۆڵیان هەیە. لیکۆڵەرەکان دەڵێن ٪80 باڵای مرۆڤ بۆماوەییە. بۆماوەیی جینیتیک یانی ئەو تایبەتمەندییانەی حەشیمەتێک کە دەکرێ بۆ جینەکانی بگەڕێنینەوە، کە لێرەدا مەبەستمان بەژن و باڵای مرۆڤە. کاتێ «بۆماوەیی جینتیک»یی بەژن و باڵا لە ژێر ٪80 وە بێ، ئەو کات رۆڵ و کاریگەریی بۆماوەیی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرز دەبێتەوە. لەڕاستیدا هەم چینی خۆشگوزەرانی جاران بە هۆی جیناتیانەوە باڵابەرزتر وبەهێزتر نەبوون و هەم خەڵکی ئاسایی بە هۆی هەژار و نەدارییانەوە لاوازتر و کورتە باڵاتر نەبوون.
دەتوانین لە ئاکامی پەیوەندی جینات و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا کە بە کارلێکی سروشتی مرۆڤ و شێوازی پەروەردەی مرۆڤ ژمێرەی دەکەن، لە رێگەی شێوازە کۆن و نوێیەکانی زانستی جینتیکەوە تێبگەین. تەنانەت دەتوانین لە هەندێ لە تایبەتمەندییە زۆر دەرهەستەکانیش کە بۆ ئێمە زۆر گرنگن تێبگەین.
تەنانەت ئەو جینانەش کە لە دایک و باوکمانەوە بۆمان ناگوازرێنەوە، کاریگەریان لەسەر چارەنووسی ئێمە هەیە. بۆ وێنە سەرکەوتن لە خوێندن و ئاستی خوێندنی کەسەکە (سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و…هتد) لەبەرچاو بگرن. لە بەشی جیناتناسی کۆمەڵایەتیدا کە پەیوەندی جیناتی خەڵک و ئاکام و دەرەنجام و دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان شرۆڤە دەکا، خوێندەواریی و ئاستی خوێندنی کەسەکان پێوەرێکی باوە لەم پەیوەندییەدا و گرنگی پێدەدرێ.

توانای مێشک
لەبەراورد لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی بەژن و باڵا، سەرکەوتن لە خوێندندا پەیوەندی بە هەندێ لایەنی ئاڵۆزترەوە هەیە، بۆ نمونە توانای مێشک. بەڵام مێشکی ئێوە توانایەکی دیاریکراوی هەیە، هەروەها کەسایەتی ئێوە و زۆر بواریتری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و کەلتوری و…هتد لە بەرەوپێشچوونی ئێوەدا دەور دەگێڕن و چارەنووسسازن.
بەڵام ئەوەی زۆر سرنجراکێشە ئەمەیە ئەو جیناتەی لە کۆتاییدا کاریگەری لەسەر رێژەی خوێندەواریی و ئاستی خوێندنی ئێوە دادەنێن، هەر بە تەنیا ئەو جینانە نین کە لە دایک و باوکتانەوە بۆتان گوازراوەتەوە. چونکە ئەو جینانەش کە نەگوازراونەتەوە کاریگەریان لەسەر چۆنییەتی و ئاستی خوێندنی ئێوەدا هەیە.
ئەو جینانەی کە لە دایک و باوکیشمانەوە بۆمان ناگوازرێنەوە بەردەوام کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی ئێمە هەیە. بە پێی لێکۆڵینەوەیەک لە بریتانیاوە کە لەم دوایانەدا لە «بڵاوکراوەی جینتیکی مرۆڤی ئەمریکی»دا بڵاوبوویەوە، دەڵێ ئەو جینانەش کە لە دایک و باوکەکانەوە ناگوازرێنەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە رووی کۆمەڵایەتییەوە کاریگەریی لەسەر چۆنییەتی دەست نیشانکردنی چارەنووسی منداڵەکان دادەنێن. ئەو دیاردەیە پێی دەڵێن «پەروەردەکردنی جینات». بە پێی لیکۆڵینەوەی ئەو زانایانە کاریگەری ئەم « پەروەردەکردنی جینات»ە لە بواری خوێندندا بەقەرا ٪50ی جیناتی کەسەکە دەور و کاریگەرییان هەیە. لەڕاستیدا پەروەردەکردنی جینتیک کاریگەری زۆر لەسەر لایەنی دەروونی و لەشساغی منداڵەکان لە هەموو قۆناغەکانی تەمەنیاندا دادەنێن، هەر لەبەر ئەوەی بواری پەروەردەکردنی جینتیک دەبێ
گرنگی پێ بدرێ.
نموونەیەکی زۆر ئاسان
بەڵام بە زمانێکی سادە، ئەو «پەروەردەکردنی جینتیک»ە چۆن کار دەکا؟ نمونەیەکی زۆر ئاسان: وای دابنێن هەندێ لە دایک و باوکەکان کەسایەتییان لە بنەڕەتەوە بە جۆرێکە سەرمایەگوزاری کورتخایەنیان لە سەرمایەگوزاری درێژخایەن پێ گرنگترە. بۆ نمونە بە جێگەی ئەوەی پارەکانیان لە بواری خوێندن و داهاتووی منداڵەکانیان خەرج بکەن، لە بواری گەشت و گوزار و سەیران و سەفەردا بەکاری بێنن. هەرچەند لەوانەیە منداڵەکە حەز و ئارەزوویەکیتری هەبێ، بەڵام لێرەدا حەز و ئارەزووی ئەو زۆر گرنگی پێنادرێ، چونکە وەک باوە ئەو جۆرە بڕیارانە دایک و باوکەکان دەیدەن. پێچەوانەی ئەو بابەتەش هەر راستە، یانی هەندێ لە دایک و باوکەکان هەندێ بڕیار دەدەن کە دەبنە هۆی ئەوەی منداڵەکانیان ئاسانتر بگەنە زانکۆ. لێرەدا لەوانەیە منداڵەکە جینەکانی دایک و باوکی کە بوونەتە هۆی ئەوەی دایک و باوکی روانینێکی درێژخایەنیان هەبێ، بۆی نەگوازرابێتەوە، یانی دایک و باوکەکە جیناتێکیان کە یارمەتی بڕیارە درێژخایەنەکانیان دەدا، بەڵام بۆ منداڵەکانیان نەگوازراوەتەوە.
ئەم راستییانە لە سیستمی پەروەردە وخوێندنی جاراندا لەبەر چاو نەدەگیران، لەبەر ئەوەی تەنیا لە روانگەی پەیوەندی راستەوخۆی تایبەتمەندییەکانی دایک و باوک و منداڵەکانیان لە روانگەی گوازرانەوەی راستەوخۆی جیناتەوە سەیری ئەو بابەتە دەکرا. رەهەندی گرنگی «پەروەردەی جینتیک» ئەوەیە دەزانێ ئەو جیناتەش کە لە دایک و باوکەکانەوە نەگوازراونەتەوە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەستکەوت و پێگەی کۆمەڵایەتی منداڵەکان هەیە. لە جیناتناسی نوێدا لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو جیناتەش دەکرێ کە راستەوخۆ نەگوازراونەتەوە .
بە گرنگیدان بەو راستییەی کە رێژە و ئاستی خوێندن و خوێندەواری کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکان هەیە، تێگەیشتن لە هۆکار و کۆسپەکانی سەر رێی خوێندنی خەڵک بابەتێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگاکانی داهاتوو. دەستکەوتە تازەکانی بواری «پەروەردەکردنی جینتیک» رۆڵی گرنگی جیناتەکان دەردەخا.

دوو لەبەرگیراوی لە یەک جین
بە زمانێکی سادە هەر مرۆڤێک دوو لەبەرگیراوی لە یەک جین هەیە و یەکێکیان دەدا بە منداڵەکەی. لە جیناتی بۆماوەییدا، جینە لەبەرگیراوەکە لە بواری تایبەتمەندییە گوازراوەکاندا دەور دەبینێ و دانەکەیتر بێ کاریگەرە. بەڵام لە روانگەی «پەروەردەکردنی جینتیک»ەوە هەر دوو لەبەرگیراوەکە گرنگن، یانی هەم ئەوەیان کە گوازراوەتەوە و هەم ئەوەیان کە نەگوازراوەتەوە گرنگ و کاریگەرن. هەر بۆیەش بە بۆچوونی لێکۆڵەران شوێنەواری پەروەردەی جینات تا رادەیەکی زۆر پەیوەندی بە خوێندەواری و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری دایک و باوکەکانەوە هەیە، کە ئەوەش ئاماژە بە چارەنووس و رێڕەوی ژیانی منداڵەکانیان دەکا. بەو مانایە رۆڵی پەروەردەی جینیتیک لە چارەنووسی منداڵەکاندا زۆر لەوە بەربڵاوترە کە خەڵک تا ئێستا بیریان لێکردۆتەوە.
رابرت پلومین زانای جینتیکی هەڵسوکەوت، بابەتێکی جدی ورووژاند و گوتی: «گرنگتر شت کە دایک و باوک دەیدەن بە منداڵەکانیان، جیناتەکانیانە.» ئەگەر ئەو قسەیەی ئەو راست بێ، ئەوا لێکۆڵینەوەی زاناکانی بریتانیا لەپەیوەندی لەگەڵ کاریگەرییەکانی «پەروەردەکردنی جینات» لە بواری خوێندندا نە تەنیا قسەکەی ئەو رەت ناکەنەوە، بەڵکو بە جۆرێکیتر دووپاتی دەکەنەوە کە ئەو جیناتەش کە لە دایک و باوکمانەوە نەگوازراونەتەوە بۆمان، کاریگەرییان لەسەر ژیان و چارەنووسی ئێمە هەیە.

سەرچاوە: https://nebesht.com/

 87 جار بینراوە