سەرەکی » راپۆرت » ״دوای تەواوبوونی جیاكردنەوەی دەستی، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت״

״دوای تەواوبوونی جیاكردنەوەی دەستی، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت״

״ %95ی وێستگەكان جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستییان بۆ كراوە״

״دوای تەواوبوونی جیاكردنەوەی دەستی، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت״

راپۆرت

لە تازەترین لێدوانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقدا، ئەوە خراوەتەڕوو كە «لەلایەن چاودێران و نوێنەرانی هەڵبژاردنی رۆژی 10/10وە تێبینی و گومان لەسەر 3681 وێستگە هەبووە، بەوهۆیەشەوە بڕیاردرا دووبارە ژماردنەوەی دەستییان بۆ بكرێت، كە تا رۆژی 16/10 نزیكەی 95 %ی سندوقەكان جیاكردنەوەی دەستییان بۆ كراوە».

ژماردنەوەی سندوقەكان بەئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی و هێز و لایەنەكان دەكرێت
لەو بارەیەشەوە، عیماد جەمیل ئەندامی لیژنەی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، دەڵێت: پلانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەو شێوەیەیە كە بەزووترین كات كۆتایی بهێنرێت بە جیاكردنەوەی دەستی و ژماردنەوەی ئەو سندوقانەی تێبینی و سكاڵایان لەسەر كراوە، كە تا رۆژی 16/10 بەنزیكەیی %95، كە 3681 وێستگەیە، تەواوكراون. باسی لەوەشكردووە «ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستی بۆ سندوقەكانی دەنگدان بەئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی و هێز و لایەنەكان بووە، ئەنجامەكانیش تاڕادەیەكی زۆر وەك یەكە و دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیش، ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنرێت و بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیارانیشی پێدەردەچێت».

״جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد مەرجی گفتوگۆكان بێت״
هەر سەبارەت بە هەڵبژاردن و دەستپێكردنی گفتوگۆكان، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی خولی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmediaی راگەیاندووە: بۆئەوەی لە حكومەتی داهاتووی عیراقدا زامنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ ئەو لایەنانە بكەن كە ئامادەن داواكارییەكانی هەرێم جێبەجێبكەن. وتیشی: جگەلەوە پێویستە كورد لەدوای هەڵبژاردن بە یەكڕیزی و بەرنامەیەكی هاوبەش بچنە بەغدا و مەرجی سەرەكیشیان بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بێت، كە بەپێی پێشبینییەكان گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی داهاتوو تاڕادەیەك ئاڵۆزدەبێت، بۆیە دەبێت كورد بەشێك لە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا یەكلابكاتەوە و ئەو قۆناغە بكات بە دەرفەتێك بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكان، تا جارێكی تر خەڵكی كوردستان روبەڕوی بڕینی بودجە و مووچە نەبنەوە.
ئەو ئەندامەی خولی پێشوو، دووپاتیدەكاتەوە كە «هەر رێكەوتنێكی پێشوەختە بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان، وادەكات لە كاتی پەسەندكردنی هەر پڕۆژەیاسایەك، لەنێویشیاندا بودجە، بە ئاسانتر تێدەپەڕێت و كەمتر رێگریی لێدەكرێت».

״تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە سەرجەم لایەنەكان لێی بەرپرسیارن״
هەر سەبارەت بە دوا پێشهاتەكان، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوادەكات «سەرجەم لایەنەكان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشە هەستیارەدا بكەن».

نوری مالیكی لە پەیامێكدا، لەبارەی پێشهاتەكانی دوای هەڵبژاردن، رایگەیاندووە: عیراق بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، سەرجەم لایەنەكان بەرپرسیارن لەبەرامبەر پاراستنی سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، پەنابردن بۆ هەر ئاڵۆزییەكی سیاسی، عیراق بەرەو ناسەقامگیریی دەبات و باجەكەشی هاووڵاتیان دەیدات، بۆیە دەبێت هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بكەن.

كاندیدە سەربەخۆكان: فراكسیۆنێك پێكدەهێنین
بەپێی لێدوانی كاندیدە سەربەخۆ دەرچووەكان «فراكسیۆنێك پێكدەهێنن و بژاردەی بوون بە ئۆپۆزسیۆن تاوتوێ دەكەن. هەروەها لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتیشدا هەماهەنگییان دەبێت».

لەو بارەیەشەوە، ساجد سالم یەكێك لە كاندیدە سەربەخۆ دەرچووەكان، لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە: «30 كاندیدی سەربەخۆی سەركەوتوو پلانمان هەیە فراكسیۆنێك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێكبهێنین. لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتیشدا هەماهەنگیمان دەبێت، یەكێك لە بژاردە بەهێزەكانیش فراكسیۆنەكەمان وەك ئۆپۆزسیۆن لە ئەنجومەنی نوێنەراندا كاردەكات».

 123 جار بینراوە