سەرەکی » راپۆرت » تەندروستیی قەڵادزێ:ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆرە

تەندروستیی قەڵادزێ:ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆرە

قەڵادزێ-جێگر خدر

بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی قەڵادزێ، ئێستا قاوشەکانی نەخۆشیی کۆرۆنا پڕبوون لە تووشبوانی ڤایرۆسەکە و رۆژ بەڕۆژ ژمارەیان لە هەڵکشاندایە.
ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ، ھۆشداری ئەوە دەدات، ئێستا رەوشی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قۆناغێکی مەترسیداردایەو قاوشەکانی کۆرۆنا شوێنیان بۆ نەخۆشی دیکە نەماوە و لە ناچاریدا پەنایان بۆ بەشەکانی دیکە بردوە تاوەکو نەخۆشی لێ تۆمار بکەن، داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات ھەرچی زووە پێکوتەی ڤایرۆسەکە وەربگرن و رێوشوێنەکانی خۆپارێزی توندتر بکەن.
زۆرینەی تووشبوان ئەو کەسانەن ڤاکسینیان وەرنەگرتووە
وتیشی: ئەوەی تێبینیمان کردووە، ئەو کەسانەی پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە تووشبونیان بە ڤایرۆسەکە زۆر کەمترە، ئەگەر تووشیش ببن ناگەنە حاڵەتێکی نەخوازراو و پێویستییان بە تۆمارکردنی ناو نەخۆشخانە و دابینکردنی ئۆکسجین نابێت، تەنها رێنماییان دەکەین لە ماڵەوە خۆیان بھێڵنەوە و چارەسەری سەرەتایی وەربگرن، تا ئێستا تەنها یەک نەخۆش لەنێو نەخۆشخانەکەماندا هەبووە پێکوتەی وەرگرتووە و رەوشی تەندروستی ناجێگیر بووە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین هەرچی زووە سەردانی بنکەکانی پێدانی ڤاکسین بکەن و خۆیان بکوتن.
سەردانیکردنی نەخۆش رابگیرێت
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری شەھیدانی قەڵادزێ، داوا لە ھاووڵاتیان دەکات سەردانیکردنی نەخۆش لە قاوشەکانی کۆرۆنا و سەرجەم نەخۆشخانەکان رابگرن، چونکە ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و ئەو بەردەوامیی ھەڵکشانی ژمارەی نەخۆشە، تواناکانی ئێمە وەکو تەندروستی رادەگرێت.
راشیگەیاند، لەچەند رۆژی رابردوودا ئاگادارکراین کە گومان دەکرێت لە قوتابخانەیەکی سنووری پەروەردەی قەڵادزێ، ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووبێتەوە، پاش وەرگرتنی سامپڵ لێیان دەرکەوت کە (16) مامۆستا و فەرمانبەر تووشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەو هۆیەوە پەروەردەی قەڵادزێ بڕیاری داخستنی قوتابخانەکەیدا. بۆیە رێنمایی ئێمە بۆ تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەوەیە، بەزووترین کات ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن بەر لە روودانی کارەسات.
خۆتان بپارێزن با ئازیزانتان لەدەست نەدەن
مەمەند محەمەد ھاووڵاتییەکی دانیشتوی قەڵادزێیە، ماوەی پێنج رۆژە دایکی لە نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ خەوێندراوە، دایکی تووشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، لە رێگەی کوردستانی نوێ-وە دەیەوێت دوو پەیام بگەیەنێت، داوا لە ھاووڵاتییان دەکات بە ھەموو شێوەیەک خۆیان بپارێزن تاوەکو تووشی ئەو پەتایە نەبن، ئەو دەڵێت»دایکم، کە ئازیزترن کەسی ژیانمە پێنج رۆژە لێرە خەوێندراوە، بەئازارترین و ناخۆشترین ساتەکانی بەڕێدەکات، بۆیە تکام وایە خۆتان بپارێزن، با ئازیزانتان لەدەست نەدەن». ھەروەها سوپاسی تیمەکانی تەندروستی بە پزیشک و فەرمانبەر و ھێزە ئەمنییەکانیش دەکات کە ماندوونەناسانە تێدەکۆشن تا گیانی هاووڵاتیان بپارێزن و لەو پەتا مەترسیدارە رزگاریان بکەن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین؛ (32771)کەس لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پشکنینی بۆ کراوە، (5535)کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە (4636)کەس چاکبوونەتەوە، (327) کەسیش گیانی لەدەستداوە، لە ئێستاشدا (80)تووشبوو لە قاوشەکانی کۆرۆنا خەوێنراون و بەشێکی زۆریشیان تەندروستیان ناجێگیرە.

 132 جار بینراوە