سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » قۆناغێكی نوێی گرژیی نێوان ئۆكرانیا ‌و روسیا

قۆناغێكی نوێی گرژیی نێوان ئۆكرانیا ‌و روسیا

لە دوای رووداوەكانی 2014 وە كە بووە هۆی گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی ئۆكرانیادا، ئاڵۆزیی سیاسیی لە نێوان ئەو وڵاتە و روسیادا دروستبووە ‌و لەوكاتەوە ناوچەی دۆنباس لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، دووچاری تەنگژەی سیاسی ‌و سەربازیی بۆتەوە ‌و لێكەوتەی رووداوەكانیش پەلیانكێشا بۆ ئاڵۆزیی لە نیمچە دوورگەی كریم، دواجاریش لە مانگی ئازاری هەمان ساڵدا، لە راپرسییەكی جەماوەریدا، زۆرینەی دەنگ لە بەرژەوەندیی گەڕانەوەی ناوچەكە بوو بۆ سەر خاكی روسیا ‌و حكومەتی كیێڤ لای خۆیەوە، مۆسكۆی بە پشتیوانیكردنی سەربەخۆخوازەكانی ناوچەكە تۆمەتبار كرد.

100 هەزار سەربازی روسی لە نزیك سنووری ئۆكرانیان
لە تازەترین پێشهاتیشدا، ڤۆلۆدیمر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند: نزیكەی 100 هەزار سەربازی روسی لە نزیك سنوورەكانی وڵاتەكەی بڵاوەیان پێكراوە ‌و وڵاتانی خۆرئاوا لە جموجۆڵ ‌و چالاكییەكانی سوپای روسیا ئاگاداریان كردۆتەوە.

وتیشی: هیوادارین جیهان ئەوە ببینێت كە كێ ئاشتی دەوێ ‌و كێ نزیكەی 100 هەزار سەربازی لە نزیك سنوورەكانمان كۆكردۆتەوە.

هەروەها جۆزیپ بۆریل كۆمسیاری باڵای یەكێتیی ئەوروپا بۆ كاروباری دەرەوە ‌و ئاسایش، نیگەرانیی یەكێتییەكەی لە جموجۆڵە سەربازییەكانی روسیا لەسەر سنووری ئۆكرانیا دەربڕی ‌و رایگەیاند: بە گرنگییەوە چاودێریی دۆخەكە دەكەن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، یەنس ستۆلتنبێرگ سكرتێری گشتیی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئاشكرایكرد: ناتۆ ئامادەیە بۆ هەر پێشهاتێك لەسەر سنووری ئۆكرانیا، چونكە جموجۆڵی نائاسایی سوپای روسیا لە نزیك ئەو ناوچەیە هەیە. وتیشی: ئۆكرانیا هەست بە بێئومێدی دەكات، چونكە ئەو بەڵێنەی پێی درابوو بە قبووڵكردنی ئەو وڵاتە وەكو ئەندامی ناتۆ، نەبراوەتەسەر.

دەستوەردانی سەربازیی لە ئۆكرانیا ناگەیەنێت
هەرچەندە پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا نیگەرانیی خۆی لەو جموجۆڵە سەربازییەی روسیا دەربڕی، بەڵام ژەنراڵ مارك میلی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا رایگەیاندبوو، كە جموجۆڵی هێزە سەربازییەكانی روسیا لە نزیك سنوورەكانی ئۆكرانیا، دەستوەردانی سەربازیی روسیا لەو وڵاتە ناگەیەنێت.

پوتین: روسیا بەشێك نییە لە ململانێكانی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا
لای خۆشیەوە، ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا بە كەناڵی روسیا 24ی راگەیاندووە: وڵاتەكەی لایەنێك نییە لە ململانێكانی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا ‌و لە رێكەوتنەكەی مینسكدا هاتووە، كە وڵاتەكەی بەشێك نییە لەو ململانێیانە ‌و هەرگیز لەسەر ئەوە رێكنەكەوتوون ‌و لای خۆشیانەوە پەسەندی ناكەن. وتیشی: بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بەیرەقدار لەلایەن ئۆكرانیاوە، پێشێلكردنی رێكەوتنەكانی مینسك-ە ‌و ئەو فڕۆكانەش لەناوچەی ململانێكاندا بەكاردەهێنرێن، ئەوەش بەپێی رێكەوتنەكانی مینسك ‌و رێكەوتنەكانی دواتریش، قەدەغەیە.

روسیا مافی خۆیەتی
هەفتەی رابردووش، وەزارەتی بەرگریی ئۆكرانیا رایگەیاندبوو، كە روسیا نزیكەی 90 هەزار سەربازی لە نزیك سنووری وڵاتەكەیان كۆكردۆتەوە، بەڵام نێردراوی هەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان تەئكیدیكردەوە لەوەی وڵاتەكەی هەرگیز پلانی نییە بۆ دەستوەردانی سەربازیی لە ئۆكرانیا. وتیشی: روسیا مافی خۆیەتی كە هێزی سەربازیی لە هەر شوێنێكی خاكی خۆیدا كۆبكاتەوە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 242 جار بینراوە