سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » کۆچ و سیناریۆکانی وەرگرتنی ئیقامە

کۆچ و سیناریۆکانی وەرگرتنی ئیقامە

کۆچکردن ئاسایی نییە، وەک هەندێک دەڵێن ئاساییە و لە هەموو وڵاتێکدا هەیە، ئەوانەی کە وڵاتی خۆیان بە رەسمی بەجێ دەهێڵن بە مەبەستی نیشتەجێبوون لە وڵاتێکی تر، جیاوازن لەگەڵ ئەوانەی کە بە رێگەی نایاسایی خۆیان دەگەیەننە وڵاتێکی دیکە و چیرۆکێکی دروستکراو دەخەنە روو بەمەبەستی ئەوەی وەربگیرێن وەک پەنابەر.

سەرجۆ سەرۆکی UNHCR بوو لە وڵاتی پاکستان، هەرێمی بەلوجستان شاری کوەیتە ساڵی 1989، خۆی خەڵکی کۆلۆمبیا بوو، کوردەکان ئەو ماوەیە زۆر روویان لەوێ دەکرد و داوای نیشتەجێ بوونیان دەکرد لە وڵاتانی ئەوروپی، هەرکەس خۆی ناساندبایە بەم رێکخراوە داوای زانیاریی کەسێتییان لێدەکرد و ئەوجار هۆکاری بەجێهێشتنی کوردستانیان لێ دەپرسی.

پەنابەران کە دەگەیشتنە ئەم شارە پێش خۆناساندنیان بە رێکخراوەکە چاویان دەکەوت بەو کوردانەی دیکە کە پێش ئەوان هاتبوون، دوو سێ کەسیش هەبوو زانیارییان زۆر بوو پێیان دەوترا شارەزا لە بواری دانانی کەیس، پەنابەرە نوێیەکان دەچوونە لایان و ئەوانیش چیرۆکێکیان بۆ دروست دەکردن و دەیان وت وابڵێ ئەگەر چووی خۆت رادەست کرد.

جارێک سەرجۆ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ یەک کەس لەو تازە هاتوانە کردووە، پێش ئەوەی ناوی خۆی لێبپرسێت، وتویەتی لەو بەشەوە دەست پێ مەکە کە چوویتە رێکخستنە نهێنییەکان و بەهۆی نووسینی سەر دیوارەوە گیراویت و ئەشکەنجە دراویت، بڕۆ لەدوای ئەوەوە باس بکە بزانم چیت بەسەر هاتووە. سەرجۆ لەوەوە ئەو قسەی کردبوو کە سیناریۆی هەمووی هەر وەک یەک وایە چونکە هەموویان لەو دوو سێ کەسەیان وەرگرتووە.

چیرۆکی پەنابەرەکان راستن؟
ئەوەی کە کۆچەرە کوردەکان ئێستا کردوویانەتە سیناریۆ، دوو دیوی راست و چەوتی هەیە، راستە، لەبەر ئەوەی کوردستان ئەو جێگە خۆش و باشە نییە کە ژیانی خەڵکی تێدا مسۆگەر بێت ئەگەر یەک کەس هێندەی سێ کەس راکە راکە نەکات بە دوای قووتی ژیاندا ئەوا ژیانێکی ژێر باشەی دەبێت.

راستە، لەبەر ئەوەی مووچەخۆر بۆ وەرگرتنی مووچەکەی تا ئەو رۆژەی وەری دەگرێت نازانێت لێی بڕدراوە یان هەموویەتی، نازانێت لە چ رۆژێکدا وەریدەگرێت، هیچ مانگێک لەکاتی خۆیدا وەریناگرێت، ناتوانێت بەرنامە بۆ چۆنێتی خەرجکردنی دابنێت، ژیانی دەکەوێتە ژێر مەرحەمەتی قەراری سەرمایەدارییەوە، دۆلار نرخی بەرز دەبێتەوە و شتومەک گران دەبێت لە داهاتی ئەم کەم دەبێتەوە، بێکاریی هەیە و پیشەسازی و کارگە کەمن، راستە، لەبەر ئەوەی ناداپەروەریی دەبینێت لە دابەشکردنی مافەکان، کارەبا و ئاو بە هەمیشەیی ناچێتە ماڵەکانیان، بواری تەندروستی لاوازە و نەخۆشخانە حکومییەکان لە ئاستی نزم و ئەهلییەکانیش بەرز و بە نرخی گرانن، راستە، لەبەر ئەوەی لێرە کەسێک نەخۆش بکەوێت پارەیەکی زۆری تێدەچێت و لە تواناشیدا نییە.

چەوتن، لەبەر ئەوەی دەڵێن بە هۆکاری هەبوونی نەخۆشی درێژخایەن روو لە ئەوروپا دەکەین، دەڵێن منداڵمان هەیە تووشی نەخۆشی بووە و دەیبەین بۆ چارەسەر، چەوتن، لەبەر ئەوەی منداڵەکانیان دەخەنە بەر ئەو مەترسییە و لە رێگا بە کوشتی دەدەن و خۆشیان دەگەن یان دەگەڕێنەوە، چەوتن، لەبەر ئەوەی هەندێک کێشەی سیاسیی نادروست بۆخۆیان دەکەنە سیناریۆ و ئابڕووی وڵاتەکەیانی پێدەبەن، چەوتن، چونکە بێ ئەوەی ئەلف و بێی سیاسیی بزانن دەیان کێشەی سیاسیی دەکەنە مەلەف بۆ بەردەستی ئەوروپییەکان، تەنانەت کێشەی ئەخلاقییش دروست دەکەن بۆ خودی خۆیان تا داڵدە بدرێن، چەوتن، لەبەر ئەوەی لە ژیانیاندا لە رۆژنامەیەکدا وتارێکیان نەنووسیوە دەڵێن رۆژنامەنووسی هەڕەشە لێکراوین.

وڵاتان لەسەر چ بنەمایەک پەنابەر وەردەگرن؟
لەراستیدا ئەو وڵاتانەی کە کەسێک پەنادەدەن و مۆڵەتی مانەوەی دەدەنێ لە روانگەی ئەو مادەیەوەیە کە لە رێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تایبەت بە پەنابەران هاتووە، لەساڵی 1951 و دواتر لە ساڵی 1967 ئەو دوانە پێوەرە سەرەکییەکانن کە دۆخی پەنابەری پێ هەڵدەسەنگێنن و مافەکانی دیاری دەکەن. بەپێی ئەم رێکەوتننە دەڵێت نابێت پەنابەر بگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی ئەگەر لەوێ رووبەڕووی هەڕەشەی مەرگ ببێتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان لێرەوە ئەو وڵاتانە دەخاتە ژێر گوشارەوە کە دەبێت ئەو کەسانەی ئەو مادەیە دەیان گرێتەوە وەک پەنابەری سیاسی وەریانبگرن.

کەوابوو ئەگەر کەسێک توانیبێتی بە رەسمی وڵاتی خۆی جێبهێڵێت و بچێتە وڵاتێکی دیکە داوای پەنابەریی بکات، ئەوە ئەو مەرجە نایگرێتەوە کە دەڵێت دەبێت مەترسیی مەرگی لەسەر بێت لە وڵاتی خۆی، ئیتر لێرەوە ئەو کەسانەی روودەکەنە ئەوروپا، لەوێ بەسەر کەمپەکاندا دابەش دەکرێن و کەیسەکانیشیان هێندە جێگەی رەزامەندی نین و پاش ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانیدا ناچار دەکرێن بگەڕێنەوە.

کەسێک دەچێتە وڵاتێک و کۆمەڵێک وێنەی ئەشکەنجەدانی لێرەوە لەگەڵ خۆی دەبات و دەڵێت من رۆژنامەنووس بووم و گیراوم و ئەشکەنجە دراوم، ئەوانیش کاتێک دەیخەنە ژێر لێکۆڵینەوەوە بۆیان دەردەکەوێت کە وانییە و راست ناکات، چونکە ئەم کەیسە یەکەم جار نییە و لەم شێوەیەیان زۆر بینیوە، کەسەکە دەهێڵنەوە تا ئەوکاتەی داواکەی رەتدەکرێتەوە و ناچار دەکرێت بە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆی، بە فڕۆکە و لەسەر ئەرک و خەرجی رێکخراوی وای ئێم سی ئەی، دەنێردرێتەوە و بێ ئەوەی کەس پەنجەی بۆ بەرێت دەچێتەوە ناو ژیانی جارانی. نوێنەری ئەو وڵاتانە و چەندین رێکخراوی سەر بەوان لێرە کاردەکەن و ئەم دۆخەیان بۆ باس دەکەن، بۆیە ئەوانیش دەزانن کە کێ راست دەکات و کێش سیناریۆی دروست کردووە.

بەپێی هیچ مادەیەک، پەنابەر لەو وڵاتانەی ئیمزای ئەو پرۆتۆکۆلە نێودەوڵەتییەیان کردووە کە تایبەتە بە پەنابەران، لەبەر هۆکاری خراپی ئابووری و بێ ئاو و کارەبایی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بێکاریی و ئەم شتانە وەرناگیرێت، هەرکەسیش خۆی بگەیەنێتە ئەوێ چارەنووسی تا ماوەیەکی زۆر بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە تا دەکەوێتە بەر مەرحەمەتی دۆخێکی تایبەت، ئیتر یان دەنێردرێتەوە یان لەوێ وەردەگیرێت و ناچار دەکرێت بۆ ئیش کردن، لێرەشەوە لە هەرە ئیشە قورسەکانی پێدەدەن لەوەی کە لە ژیانیدا بیری لێنەکردۆتەوە شانی بخاتە بەر، ئەمە جگە لەو مەترسییانەی لە رێگەی قاچاخ دێتە رێی و ئەگەری تیاچوونی خۆی و خێزانەکەی لەبەردەمدایە، زۆر هەن نیوەی خێزانەکەیان لە رێگە لەدەست داوە و نیوەیان گەیشتوونەتە ئەو ئەوروپایەی خۆیان بۆی بە کوشتداوە.

 212 جار بینراوە