سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی سوید: پتەوكردنی پەیوەندییەكان

لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید كۆبۆوە

قوباد تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی سوید: پتەوكردنی پەیوەندییەكان

قوباد تاڵەبانی: حكومەتی هەرێم جددییە‌ لە چاكسازی

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئان لیندە وەزیری دەرەوەی سوید، داوای كرد لایەنە سیاسییەكانی عیراق لەسەر بنەمای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی پەلە بكەن لە دەستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ 23/11 لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی و ئان لیندە، پێكەوە باسیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان سوید و هەرێمی كوردستان و دواپێشهاتە سیاسییەكان و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عیراق كرد.

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سوید، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە پەیوەندییەكی باش هەیە و ئاماژەی بەوەدا كە لە چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم لەبوارە جیاجیاكاندا سوودیان لە هاوكارییەكانی سوید بینیووە و ستایشی ئەو هەماهەنگییەی كرد و وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان جددییە لە ئەنجامدانی چاكسازی و لەوڕووەوە هەتا ئێستا هەنگاوی باشی بڕیوە.

سەبارەت بە رە‌وشی عیراقیش، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە ״پێویستە لایەنە سیاسییەكانی عیراق لەسەر بنەمای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەلە بكەن لە دەستپێكردنی گفتوگۆكانی رێكەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق״.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی سوید لە رەوشی پرسی جێندەری پرسییەوە لە هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە كە بەهەموو توانایەوە كار دەكات بۆ بەدیهێنانی باڵانسی جێندەری لە هەرێمی كوردستان.

لەو كۆبوونەوەیەدا دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و شۆڕش قادر نوێنەری حكومەتی هەرێم لە سوید ئامادەبوون.

پێشوازیكردن لە باڵیۆزی چیك
هەر دوێنێ قوباد تاڵەبانی پێشوازیكرد لە پیتەر ستێپانیك باڵیۆزی نوێی كۆماری چیك لە عیراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا جەختیان لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری چیك كردەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران پیرۆزبایی لە باڵیۆزی نوێی كۆماری چیك كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە ئەركە نوێیەكەیدا و ئامادەیی خۆی و حكومەتی هەرێمی بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەگەڵ باڵیۆزخانەی كۆماری چیك دەربڕی.

لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا جەختیانكردەوە لە پێویستیی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری چیك و لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆك وەزیران داوایكرد زیاتر پەرە بە كارەكانی كونسوڵخانەی كۆماری چیك لە هەرێم بدرێت.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هەموو هاوكارییەكانی كۆماری چیكی كرد بۆ هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا، بە تایبەتیش لە بواری تەندروستیدا. جەختیشیكردەوە لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تیمێكی پسپۆڕانی كۆماری چیك كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی چیك لە بواری چاكسازیدا هاوكاریی حكومەتی هەرێمیان كردووە.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، دۆخی سیاسیی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەكان تاوتوێكرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە لەماوەیەكی نزیكدا حكومەتی نوێی عیراق پێكبهێنرێت، بە جۆرێك كە رەنگدانەوەی ویست و داخوازییەكانی هەموو پێكهاتەكانی عیراق بێت.

 367 جار بینراوە