سەرەکی » مانشێت » بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەولەویەتی كاری یەكێتی بۆ سەرخستنی هەنگاوەكانی چاكسازیی و گۆڕانكاریی ریشەییە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەولەویەتی كاری یەكێتی بۆ سەرخستنی هەنگاوەكانی چاكسازیی و گۆڕانكاریی ریشەییە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەئامادەبوونی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، لە دەباشان پێشوازیكرد لە یڤیس دوڤال لێپرسراوی نووسینگەی كەنەدا لە هەرێم.

لە دیدارەكەدا قۆناغی دوای هەڵبژاردن لە عیراق، بەشداریی كورد لە حكومەتی داهاتوو، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی و ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان لەنێوان هەردوولادا گفتوگۆی لەبارەوە كرا، بۆچوون و هەڵوێستی یەكێتی لەو رووانەوە ئاماژەی پێكرا.

هەر لە دیدارەكەدا، تەئكید لە هەماهەنگی و پێشخستنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكان لەنێوان هەرێم و كەنەدا كرایەوە بەشێوەیەك خزمەت بە پڕۆسەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێم بكات، هانی كۆمپانیا و خاوەنكاران بدرێت سەرمایەكانیان لە هەرێم بخەنەگەڕ و هاوكاربن بۆ بوژاندنەوەی زیاتری بازاڕ و رەخساندنی هەلی كار.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەبارەی پڕۆسەی سیاسی لە بەغدا و گۆڕانكارییەكان، روونكردنەوەی دایە وەفدی میوان، پێیڕاگەیاندن بۆ ئەمڕۆ پێكهێنانی حكومەتی خزمەتگوزار، كارا و چالاك پێویستی قۆناغەكەیە و وەڵامدەرەوەی خواستی شەقام و داواكاریی هەموولایەك دەبێت، كە ئێمە پشتگیریی لەم هەوڵانە دەكەین لەپێناوی خزمەتكردنی زیاتری خەڵك. بۆ كوردیش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد یەكڕیزیمان و تەباییمان لە ناوەند، زامنی پاراستنی مافەكانمان دەبێت و لە هەوڵی دروستكردنی بەرەیەكی نیشتمانین تا بەیەك نامەی سیاسی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بچینە گفتوگۆوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، دەربارەی هەرێمی كوردستان روونیكردەوە پێشوازی لە هەر هەوڵ و هەنگاوێك دەكەین كە بنرێت بۆ باشتركردنی ژیانی كۆمەڵانی خەڵك، ئەولەویەتی كاری یەكێتی بۆ سەرخستنی هەنگاوەكانی چاكسازی و گۆڕانكاری ریشەییە لە بەڕێوەبردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە خەڵكی خۆمان و چاكسازییەكانی ناو رێكخراوەیی و حكومەتیش هەر لەو پێناوەدایە.

 258 جار بینراوە