سەرەکی » وەرزش » یۆڤانتۆس و گه‌نده‌ڵییه‌كی گه‌وره‌ی تر

یۆڤانتۆس و گه‌نده‌ڵییه‌كی گه‌وره‌ی تر

ئارۆ سەنگەر

یانه‌ی‌ یۆڤانتۆسی ئیتاڵی له‌به‌رده‌م مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ دایه‌ كه‌ دواین نازناوی خولی ئیتاڵیای لێبسه‌نرێته‌وه‌ و داشبه‌زێنرێت بۆ خولی پله‌ دووی ئیتاڵیا.

كۆمه‌ڵه‌ی ئیتاڵیا بۆ پارێزگاری كردن له‌ مافی وه‌به‌رهێنان ئاشكرای كرد یانه‌ی‌ یۆڤانتۆس هه‌ڕه‌شه‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ نازناوێكی سكۆدێتۆ و دابه‌زینی له‌سه‌ره‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كه‌یسی سه‌رپێچی له‌ سه‌رمایه‌ی یانه‌كه‌.
ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ سه‌ر به‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی ئیتاڵیایه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر لایه‌نی دارایی یۆڤانتۆس كردوه‌و بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌ ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ رووی دارایی سه‌رپێچی كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت له‌ میركاتۆی یاریزانان بۆند ئیمزا بكات.

به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ یۆڤانتۆس له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی یاری به‌ بودجه‌ی‌ یانه‌كه‌ كردوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی نا یاسایی له‌ میركاتۆی یاریزانان كاری كردوه‌، واته‌ یانه‌كه‌ وای راگه‌یاندوه‌ كه‌ بودجه‌ی‌ زۆره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت یاریزان بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی.

ماركۆ دۆنزێلی سه‌رۆكی لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی ئیتاڵیاش رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ پشتڕاست بكرێنه‌وه‌ ئه‌وا یۆڤی داده‌به‌زێنرێته‌ خولی له‌ دوو له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش دواین نازناوی خولی ئیتاڵیای لێده‌سه‌نرێته‌وه‌.

پێشتریش له‌ ساڵی 2006 به‌هۆی تێوه‌گلان له‌ كه‌یسی كاڵچیۆ بۆلی كه‌ یاریكردن بوو به‌ ئه‌نجامی یارییه‌كان یۆڤانتۆس دابه‌زێنرایه‌ خولی پله‌ دوو له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش دوو نازناوی خولی ئیتاڵیای لێسه‌ندرایه‌.

هه‌ر به‌هۆی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ ئاڕاسته‌ی یۆڤی كرایه‌وه‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پۆلیس چووه‌ ناو باره‌گای یانه‌كه‌ و له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیش كه‌ له‌ نێوان به‌رپرسانی یۆڤی ئه‌نجامدراوه‌ دوپات بۆته‌وه‌ كه‌ یانه‌كه‌ له‌و كه‌یسه‌ تێوه‌گلاوه‌ كه‌ فێڵی كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رمایه‌ی زیاد بكات و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ بودجه‌ی‌ زیاتر رابگه‌یه‌نن تا بتوانن ئازادانه‌ له‌ میركاتۆ پاره‌ خه‌رج بكه‌ن.

كاره‌كه‌ی‌ یۆڤانتۆس بریتی بووه‌ له‌ زیادكردنی سه‌رمایه‌ی یانه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ چه‌ند بۆندێك كه‌ بوونی نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ بودجه‌یه‌كی زیاتر رابگه‌یه‌نێت و تووشی كێشه‌ نه‌بێت له‌گه‌ڵ یاسای یاری خاوێن.

یۆڤانتۆس یارمه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌دات
دوای ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و لێدوانانه‌ش جۆن ئیلكانی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای ئیكسۆر كه‌ خاوه‌نی یانه‌ی‌ یۆڤانتۆسه‌ رایگه‌یاند یانه‌كه‌ متمانه‌ی‌ به‌ كاری لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانه‌ و هاوكاریشیان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌نه‌ ئه‌و راستیه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ بۆ یانه‌كه‌ هه‌ڵبه‌ستراون بێ بنه‌مان.

به‌پێی نوێترین زانیارییه‌كانیش لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌و 6 ئه‌ندامی دیاری ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌ نێویاندا ئه‌نێلی سه‌رۆك و پاڤیل نێدڤیدی جێگری و پێیان وایه‌ ئه‌وان زانیاری هه‌ڵه‌یان به‌ وه‌به‌رهێنان داوه‌و پسوڵه‌ی بۆندی وه‌هایان پێشكه‌ش كردوه‌ كه‌ بوونی نه‌بووه‌.

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ش له‌ 282 ملیۆن یۆرۆیه‌ له‌و داهاته‌ی یانه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ سێ وه‌رزی رابردوو رایگه‌یاندوه‌ و له‌ پێشهاتێكی نوێشدا سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ بڵاویان كرده‌وه‌ له‌ خه‌رجیه‌كانی یانه‌كه‌ به‌شێك له‌و پاره‌یه‌ی به‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ دراوه‌ هه‌ژمار نه‌كراوه‌ و راشنه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

دوای ئه‌و هه‌موو روودانه‌وه‌ی‌ چه‌ند رۆژی رابردوو داواكاری گشتی مۆڵه‌تی به‌خشی بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی تر پشكنین له‌ باره‌گای یانه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ مه‌رجه‌ داراییه‌كانی بۆندی رۆناڵدۆ ئاشكرا بكرێت.
دوای ماوه‌ی چه‌ند مانگێكیش له‌ جێهێشتنی ئیتاڵیا ئه‌گه‌ر زۆره‌ رۆناڵدۆ به‌ ناچاری بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رده‌م دادگا ئاماده‌ بێت و گه‌واهی بدات له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت.

رۆژنامه‌ی‌ لاگازێتا دیللۆ سپۆرت بڵاویكردۆته‌وه‌ به‌رپرسان پێیان وایه‌ یه‌كێك له‌ دیارترین ئه‌و بۆندانه‌ كه‌ سه‌رپێچی تێدا كراوه‌و ژماره‌ی هه‌ڵه‌ی تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و نهێنی زۆر له‌خۆ ده‌گرێت بۆندی یۆڤانتۆس و رۆناڵدۆیه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ پۆلیس پێیوایه‌ رۆناڵدۆ له‌ كاتی كه‌ره‌نتینه‌ش مووچه‌ی ته‌واوی وه‌گرتووه‌و بۆنده‌كه‌شی چه‌ندین پاره‌ی پاداشتی تێدابووه‌، ته‌نانه‌ت پێش رۆیشتنیشی بۆ مان یونایتد پاره‌ی وه‌كو پاداشت پێدراوه‌ و هیچ كام له‌و پارانه‌ش له‌ ناو خه‌رجییه‌كانی یانه‌كه‌ تۆمارنه‌كراون.

 127 جار بینراوە