سەرەکی » دۆسێ » گرفتەکانی باخچەی پشتەوەی روسیای فیدرال

گرفتەکانی باخچەی پشتەوەی روسیای فیدرال

عاسم عەبدولخالق

بەردەوام میدیاکانی ئەمریکا، وڵاتانی ئەمریکای باشوور بە باخچەی پشتەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەسف دەکەن، بیانووەکەشیان دەگەڕێننەوە بۆ نزیکیی جوگرافی و گرنگیی زۆر و هەستیارییەکەی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی حکومەتی واشنتۆن.

لە بەرامبەردا و بە هەمان شێوە، روسیای فیدرال کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست بە باخچەی پشتەوەی خۆی دەزانێت و بە رووبەری گرنگی فراوانبوون و هەژموون و کاریگەریەکەی دەزانێت، بەتایبەتی دوای داخورانی ناوچە تەقلیدییەکانی تری لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا.

هەژموونی روسیا
هەژموون و کاریگەریی روسیا لەم کۆمارانەدا زۆر بە روون و ئاشکرایی دەردەکەوێت کە بریتین لە کۆمارەکانی تورکمانستان، قرغیزستان، تاجیکستان، کازاخستان و ئۆزبەکستان.

هەژموونی روسیا لەسەر وڵاتانی ئەو ناوچەیە تەنیا هاوکاریی سەربازی و ئەمنی و ئابووری و سیاسی ناگرێتەوە بەڵکو ئەو وڵاتە هێزی نەرمی خۆشی خستۆتەکار و لەکەلتور و میدیا و هونەردا بە بەهێزی ئامادەیە و نوێنەرایەتی دەکرێت.

هەروەک زمانی روسی بە بەربڵاوی بەکاردێت، هەروەها کۆمەڵگەیەکی گەورەی رەوەندی روسی هەیە، بۆ نموونە لە کازاخستان رەوەندی روسی یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت.

لێکدانەوەی پوتین
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەلەڤیزیۆنی رەسمیی روسی سەرچاوەی سەرەکی هەواڵەکانی ئەو وڵاتانەیە، بۆیە سەیر نییە کە سیاسەتی روسیا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نێوان هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەدا قبوڵ دەکرێت.

گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئەمریکی دیاردەکە بە «لێکدانەوەی پوتین» بۆ رووداوەکان ناودەبات وەک ئاماژە بۆ تێڕوانینی سیاسەتی دەرەوەی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی یەکێتی روسیای فیدرالی و هەڵوێستی وڵاتەکەی دەربارەی مەسەلە ۆ دۆسێ جیهانییەکان کە لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی فراوان پەسەندکراون.

گۆڤارەکه روونکردنەوەی زیاتر لە بارەی ئەو پرسە دەدات و رایدەگەیەنێت. هەژموون و کاریگەریی روسیا و مۆسکۆ لەسەر ئەو وڵاتانە زۆر گەورە و فراوانە.

هێڵى دڵسۆزی
بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئۆزبەکستان، دۆخەکە بە جۆرێکە کە هیچ هێڵێک لە نێوان دڵسۆزیی هاووڵاتیانی بۆ روسیا و دڵسۆزییان بۆ وڵاتەکەی خۆیان نەماوە.

روسیا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتانە لە دوای هەڵوەشانەوە یەکێتی سۆڤیەت و سەربەخۆ بوونیان، بۆیە لەسەر هەردوو ئاستی جەماوەری و رەسمی روسیا لەو وڵاتانە خاوەنی جەماوەر و لایەنگرێکی زۆرە.

هەمیشە خۆی وەک برا گەورەیەک پێشکەش دەکات کە دەکرێت لە کاتی تەنگانەدا پشتی پێ ببەستێت. ئەو هاوکاریکردنی هاوڕێکانی لە جۆرجیا، چیچان، ئۆکراینا، سوریا پێویستی بە روونکردنەوەی زیاتر نەماوە.

چالاکیی جیهادی
لەوکاتەوەی ئەمریکا مەبەستی خۆی بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان راگەیاند و تەنانەت پێش جێبەجێکردنیشی، روسیا بەخێرایی کەوتە جوڵە بۆ ئەوەی ترسی ئەو وڵاتانە لە درێژبوونەوەی چالاکیی جیهادی لە ئەفغانستانەوە بۆ لای ئەوان، بقۆزێتەوە.

میدیاکانی روسیا رۆڵی سەرەکیان بینیوە لە وروژاندنی ئەو بابەتە و گەورەکردنی نیگەرانییەکان لەو دۆخە تازەیە.

وەک تەواوکردنی وێنا کێشراوەکەی میدیاش، پوتین گەشتێکی خێرای کرد بۆ چوار وڵاتی ناوچەکە و پشتیوانیی سەربازی و ئەمنی روسیای بۆ دووپاتکردنەوە.

سەرەڕای ئەم دۆخە و ئەو هەژموونە گەورەیەی مۆسکۆ، بەڵام وا دەرناکەوێت رێگەی روسیا لەو ناوچەیدا گوڵڕێژ کرا بێت، بەڵکو کێبڕکێیەکی توند لە ئارادایە بە تایبەتی هەردوو هێزی زەبەلاحی ئەمریکی و چینی کە قبوڵی ناکەن لە سامانی گەورەی ناوچەکەدا تەنیا بێت.

حەوزی دەریای قەزوین
بەپێی خەمڵاندنەکانی دەزگای زانیاریی وزەی ئەمریکا، حەوزی دەریای قەزوین لە نێوان 17 بۆ 33 ملیار بەرمیل نەوت لەخۆدەگرێت، هەروەها نزیکەی 232 تریلیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی تێدایە.

ئێستا چین بایەخێکی زۆر و تایبەت بە ناوچەکە دەدات، کۆمارەکانی ناوچەکەی کردۆتە ئەندام لە رێکخراوی هاوکاریی ئابووریی شەنگهای، هەروەک کردوونی بە بەشێک لە نەخشەی (دەستپێشخەریی پشتێنە و رێگە) و بەڵێنیداوە کە بە بڕی 1.4 تریلیۆن دۆلار لە پڕۆژەی رێگەوبان و شەمەندەفەری ناوچەکە وەبەرهێنان بکات.

حکومەتی بەیجین لایەنی ئەمنیی مەسەلەکەی پشتگوێ نەخستووە. لە ساڵی 2016 بۆ 2020 فرۆشی سەربازیی بۆ کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست بە رێژەی 18٪ زیادی کردووە لە کاتێکدا لە نێوان ساڵانی 2010 و 2014دا تەنها 1.5٪ ژمارەکانی ئێستا بوو. هەروەک بنکەیەکی سەربازیی لە تاجیکستان داناوە بۆ پاراستنی سنوورەکەی لەگەڵ ئەفغانستاندا.

سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا
مۆسکۆ بە بێدەنگی و بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێک نزیکبوونەوەیە دەکات، بەڵام ناتوانێت چین دووربخاتەوە نایەوێت تووشی هیچ بەریەکەوتنێک ببێت لەگەڵیدا، بە تایبەتی لەو ناوچەیەدا، چونکە لە بەرژەوەندیی خۆیدا نییە لە کاتێکدا رووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەبێتەوە کە ئابووریەکەی بەرەو لاوازی بردووە.

بەڵام لە هەمان کاتدا، ناتوانێت وێنای لەدەستدانی ئەو داهات و دەستکەوتە گەورەیە بکات کە لە جیاتی ئەو، بۆ چین دەچێت، ئەمە گرفتە گەورەکەی پوتینە لەو ناوچەیەدا، واتە لە نێوان وەبەرهێنان و دەسکەوتنی داهات و رێگەدان بە هەژموونی روو لە زیادبوونی چیندا دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێت، دوو بژاردە کە هەردووکیان تاڵ و ناتەواون.

 331 جار بینراوە