سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » دواین پێكت بڕێژە هاوڕێم با نیشتمان مەست ببێت..

دواین پێكت بڕێژە هاوڕێم با نیشتمان مەست ببێت..

بۆ ئیدۆی دڵ… بۆ شەیداهۆی ڕۆح

ئیدریس عەلی

مرد… شەیداهۆ بەر لە دواین پێك مرد… ئیدی نوكتە و پێكەنین دوقۆڵی بەدەم پیاسەی پاركێكەوە مردن… مرد… ئیدۆ لە خەودا مرد… بەڵام گریان و تووڕەبوون بە جووتە، وەك دوو هاوماڵی بە ئەمەك، لە كۆڵانی دڵدا پێكەوە مردن… مرد… ئیدریس لەناو كێڵگەی وشەڕێژكراوی ستوونێكدا مرد… كەچی… هەژاریی و بێدادی و برین و خەم و ژان نەمردن…!
دواین پێك هەڵدە ئیدۆ… مەزەی خەم زۆرە بیكەین بە دوایدا… سەری قسە زۆرە لەبارەی دڵشكان بیكەینەوە… هەڵیدە ئیدۆ درەنگە، ڕەنگە فریا نەكەوین ئێوارەیەك لە پەنا خۆرنشیندا وێنەیەك بگرین… هەڵیدە دواین پێكت شەیداهۆ، درەنگە پێدەچێ قەدەری ئەم جگەرەی ژانە هەر لەناو سییەكانی تۆدا بسرەوێت… درەنگە هاوڕێ تا باران تێی نەكردووە با بڕۆین، لەسەر شۆستەی سەهۆڵەكە ئیختیارێك چاوەڕێمان دەكات بیپەڕێنینەوە بۆ ئەوبەر… درەنگە هاوڕێم دواین پێكت بڕێژە با ئیتر نیشتمان مەست بێت… هەستە هاوڕێم درەنگە، دەبێت كار لەسەر ڕەشنووسی نامەكە بكەین پێكەوە.
ڕەنگە ئەمە دوا دێڕی نامەكەی تۆ بێت بۆ خودا… ڕەنگە ئیتر شەقامێك و باخچەیەك تاكەوتاك لەپێ بكەیت و بمریت:

من دەمرم‌و ئەفسوس
خۆر لەهەڵهاتن‌و
باڵندە لەفڕین‌و
رووبار لەسەفەرو
تاڤگە لە هاژە و
مۆسیقا لەحوزن ناكەوێت..!
ئەفسوس دەمرم‌و
گوڵ رازوەتر خۆی دەگۆڕێ‌و
چرا بەعیشوەتر دەگڕێ‌و
پەنجەرە عەیارانەتر دەكرێتەوە بۆ روانین‌و
درەختیش لە جاران رووتتر دەبێتەوە بۆ باران..
وووووووووووای… درەختی میهرەبان
لە داخی كێ لاشەی نیوە رووت‌و نیوە تەڕت
بە خۆردا هەڵدەخەیت؟
من دەمرم‌و دەزانم
هیچ لە ژمارەكان كەم ناكاتەوە
گەلا سەوزتر دەچێتەوە شەڕی خەزان
دەرگای شەوێ هێمنتر دەكرێتەوە
قوتابیە دڵتەڕەكان بەعیشقەو دەچنە محازەرەكانی ماچەوە.
حەیف كەدەمرم
چەمێ باغێ نابنە گۆڕم!
كاتێ دەمرم شەوێكە خەواڵو
لەبەردەم چرایەكی بێدەنگا
ئیتر دڵنیام
مناڵێك نیشتمانی بێشكەكەی چۆڵ ناكا‌و
هەورێك نابێت لافیتەی رەشم ‌و
فاتیحیەك لەسەر كێلی گۆڕەكەم نانووسرێ ‌و
دەفێك لەبەزمی خۆی ناكەوێ‌و
كچەی هاوسێمان
سوراوەكەی لێوی كاڵ كاڵ ناكاتەوەو
گۆرانیەك نایەتە پرسەم‌و
جگەرەیەك خۆیم بۆ ناسوتێنێ‌و
گوڵێك لە نازو مەكرو
هەنارێكی عازەب لەسور پۆشی خۆی ناكەوێ..
حەیف كەمردن‌و ژیانی من
وەك خواردنەوەی چایەكی عەسران‌و
وەك پۆست كردی نامەیەك‌و
خوێندنەوەی شیعرێك
لەهۆڵێكی چۆڵدا‌و
لەیاد چونەوەی ژمارەی تەلفونێك‌و
وەك دەستگرتنی حافزێك‌و
پەڕینەوەی مراویەك‌و
دڕاندنی لاپەڕەی رۆژنامەیەك‌و
زیز بوونی ناكاوی دوومناڵ سادەیە..

print

 35 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*