سەرەکی » دۆسێ » ئاوێنەی عیراق » کوشتارگه‌كه‌ی‌ جه‌بله‌ و گێڕانه‌وه‌ جیاوازه‌كان

به‌ تاوانێكی‌ گه‌وره‌ داده‌نرێت

کوشتارگه‌كه‌ی‌ جه‌بله‌ و گێڕانه‌وه‌ جیاوازه‌كان

ئاوێنەی عیراق

تائێستاش گێڕانه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به‌ «كوشتارگه‌كه‌ی‌ جه‌بله‌« جیاوازن، له‌رووی‌ دیمه‌نی‌ دڵڕه‌قی‌ و كۆسكه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌ و ته‌مومژاوی‌ رووداوه‌كه‌ كه‌ گومان دروست ده‌كات، وێڕای‌ نه‌بوونی‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ رۆشن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌.

گێڕانه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م
له‌ سه‌رله‌ئێواره‌ی‌ 30ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2021وه‌، له‌ڕێی‌ میدیاكانه‌وه‌ هه‌واڵی‌ رووداوه‌كه‌ وه‌ها بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌سێكی‌ «تیرۆریست» ئه‌ندامانی‌ خێزانێكی‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ كوشتوو كه‌ له‌ 20 كه‌س پێكهاتوون و له‌ دوای‌ پێكداهه‌ڵپژانیش له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ له‌ گوندی‌ ڕه‌شاید له‌ ناحیه‌ی‌ جه‌بله‌ی‌ باكووری‌ پارێزگای‌ بابل، تاوانباره‌كه‌ خۆی‌ كوشتووه‌، پێكداهه‌ڵپژانه‌كه‌ له‌ كاتژمێر سێی‌ عه‌سره‌وه‌ بۆ حه‌وتی‌ ئێواره‌ به‌رده‌وام بووه‌، واتا بۆ ماوه‌ی‌ 4 كاتژمێر.

گێڕانه‌وه‌یه‌كی‌ جیاواز و شێوازێكی‌ كوشتنی‌ دڕندانه‌
له‌ دوای‌ رووداوه‌كه‌، فه‌رمانده‌یی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ بابل به‌یاننامه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ دوای‌ گه‌یشتنی‌ هه‌واڵی‌ بوونی‌ «دوو داواكراو»بوو، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاماژه‌ به‌جۆری‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ بكرێت كه‌ رووبه‌ڕووی‌ دوو داواكراوه‌كه‌ كراوبوونه‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتبوو»خاوه‌نی‌ ماڵه‌كه‌ ته‌قه‌ی‌ له‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ كردووه‌ و دوو سه‌رباز برینداربوون، بۆیه‌ پێكداهه‌ڵپژان روویدا كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 4 كاتژمێر به‌رده‌وام بوو، له‌گه‌ڵ كۆتایی‌ هاتنی‌ پێكداهه‌ڵپژان ته‌رمی‌ 20 كوژراو له‌ ماڵه‌كه‌دا دۆزرانه‌وه‌«، به‌یاننامه‌كه‌ هیچ زانیارییه‌كی‌ له‌خۆنه‌گرتبوو سه‌باره‌ت به‌ شێوازیی‌ كوشتی‌ خێزانه‌كه‌.

دیمه‌نێكی‌ نائاسایی‌ و روخساره‌ سووتاوه‌كان
له‌گه‌ڵ جیاوازیی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ رووداوه‌كه‌، دیمه‌نێكی‌ ڤیدیۆیی‌ بڵاوبۆوه‌ كه‌ ته‌رمی‌ منداڵان و ژنان و لاوان و روخساره‌كان به‌ سوتاوی‌ و خۆڵه‌میش لێنیشتوویی‌ ده‌ركه‌وتن، ئه‌مه‌ش گومانی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دروستكرد كه‌ به‌ گوللـه‌ له‌لایه‌ن باوكییانه‌وه‌ كوژرابن، وه‌ك چۆن له‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌تایی‌ حكومه‌تدا باسكرابوو.

هه‌ر له‌و نێوه‌نده‌دا میدیاكان و پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گێڕانه‌وه‌یه‌كی‌ نوێیان له‌باره‌ی‌ رووداوه‌كه‌وه‌ خسته‌ڕوو كه‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ به‌ بێ‌ تاوان وه‌سف ده‌كرێت، و ئاماژه‌ به‌ بوونی‌ كێشه‌ی‌ تایبه‌تی‌ نێوان كه‌سه‌كه‌ و ئه‌فسه‌رێكی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كرا كه‌ پۆسته‌كه‌ی‌ بۆ هه‌ڵبه‌ستنی‌ تاوان به‌رامبه‌ر به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ و ناردنی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ بۆیان به‌كارهێنابوو، بۆیه‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ ته‌قه‌ی‌ له‌ هێزه‌كه‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ مایه‌ی‌ پێكداهه‌ڵپژانێكی‌ توند و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ چه‌كی‌ قورس و به‌ موشه‌كی‌ «ئاڕ پی‌ جی‌« ماڵه‌كه‌یان بۆردومان كردووه‌ و بۆته‌ مایه‌ی‌ كوژرانی‌ ته‌واوی‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌.

كێشه‌یه‌كی‌ خێزانی‌ كوشتارگه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌
خوشكی‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ كه‌ به‌ جۆشه‌وه‌ ده‌گریا بۆ میدیاكان رایگه‌یاندووه‌«براكه‌ی‌ كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ زاوه‌كه‌یدا هه‌بوو كه‌ ئه‌فسه‌ره‌ و ناوی‌ شه‌هابه‌ و دانیشتووی‌ به‌غدایه‌، بۆیه‌ شه‌هاب هێزی‌ سه‌ربازی‌ ناردۆته‌ سه‌ر ماڵی‌ براكه‌ی‌ كه‌ ئه‌ویش لای‌ خۆیه‌وه‌ ته‌قه‌ی‌ لێكردوون وه‌ك به‌رگری‌، به‌ڵام شه‌هاب هێزێكی‌ سه‌ربازی‌ گه‌وره‌تری‌ ناردۆته‌ سه‌ریان و به‌ چه‌كی‌ قورس و مووشه‌ك بۆردومانی‌ كردوون»، ئه‌فسه‌ره‌كشی‌ به‌ كوشتنی‌ ته‌واوی‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ له‌نێوان كوژراوه‌كاندا منداڵێكی‌ ته‌مه‌ن 18 ڕۆژی‌ تێدابووه‌.

پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و ده‌رخستنی‌ ئاكامێكی‌ خێرا
لیوا سه‌عد مه‌عن، سه‌رۆكی‌ شانه‌ی‌ میدیای‌ ئه‌منی‌، پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ بۆ ئاشكراكردنی‌ خێرای‌ ئاكامه‌كان بۆ رای‌ گشتی‌ راگه‌یاندبوو.

له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی‌ فه‌رمانده‌ی‌ پۆلیسی‌ بابل و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هه‌واڵگری‌ و راسپاردنی‌ لیوا خالید توركی‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌ركی‌ فه‌رمانده‌ی‌ پۆلیسی‌ پارێزگاكه‌، راگه‌یاند.

تۆمه‌تێكی‌ ئاماده‌ بۆ گێچه‌ڵ
هاشم كندی‌ شرۆڤه‌كاری‌ سیاسی‌ ده‌ڵێت، تۆمه‌تی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئاماده‌یه‌ بۆ گێچه‌ڵپێكردن، ئه‌وه‌ی‌ له‌ جه‌بله‌ش رویدا تاوانه‌ و حكومه‌ت ویستی‌ په‌رده‌پۆشی‌ بكات.

به‌ وته‌ی‌ ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌«دۆسێی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌وتۆته‌ ژێر سایه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كان و له‌ژێر ناوی‌ جیاوازدا ده‌كرێت، ئاكامی‌ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی‌ رای‌ گشتی‌ چاوه‌ڕوانی‌ ده‌كات نا لۆژیكی‌ ده‌بێت، وه‌ك چۆن له‌ دۆسێ‌ و رووداوه‌كانی‌ پێشوودا رویاندا».

ژماره‌ی‌ شه‌هیده‌كانی‌ رووداوه‌كه‌
له‌ 30ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2021، حه‌سه‌ن مه‌ندیل پارێزگای‌ بابل، روودانی‌ كوشتارگه‌یه‌كی‌ له‌ ناحیه‌ی‌ جه‌بله‌ی‌ باكووری‌ پارێزگاكه‌ راگه‌یاند و تێیدا ته‌واوی‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانێك كه‌ له‌ 20 كه‌س پێكهاتبوون كوژران.

له‌ ماڵپه‌ڕی‌ (المسری‌) وه‌رگیراوه‌

www.almasra.iq

 123 جار بینراوە