سەرەکی » دۆسێ » ئاوێنەی عیراق » هەڵوێستی لایەنەکان بەرامبەر پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان

هەندێك پێیان وایە دادگای فیدراڵی كەوتۆتە ژێر گوشارەوە

هەڵوێستی لایەنەکان بەرامبەر پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان

ئاوێنەی عیراق

لە پاش پەسەندكردنی ئاكامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵ لە 27ی كانوونی یەكەمی 2021، لەدوای ئەوەی ئەو تانە و سكاڵایانەی لەلایەن هێزە دۆڕاوەكانەوە بەرزكرانەوە، كاردانەوەی لایەنە سیاسییەكان بەرامبەر بە رووداوەكە جیاوازبوون، هەندێك خۆشحاڵی دەربڕی و هەندێكی تر پێیوایە دادگا كەوتۆتە ژێر گوشارێكی گەورەی دەرەكی و ناوخۆییەوە.

هەڵوێستی هاوپەیمانی فەتح
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، جەختی لەسەر پابەندبوون كردەوە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی پەسەندكردنی ئاكامی هەڵبژاردن و رایگەیاند كە دادگا كەوتۆتە ژێر گوشارێكی زۆر گەورەی دەرەكی و ناوخۆیی.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن عامرییەوە بڵاوكرایەوە»لە سۆنگەی خەمخۆریمان بۆ پابەندبوون بە دەستور و یاسا و راگرتنی سەقامگریی ئەمنی و سیاسی عیراق و بڕوامان بە پرۆسەی سیاسی و رێڕەوی دیموكراتی و دەستاودەستپێكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لەڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە، پابەند دەبین بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ، هەرچەندە بڕوای تەواومان هەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردن ساختەكارییەكی زۆری تێداكرا».

هەڵوێستی دەوڵەتی یاسا
بەر لە عامری، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند»هیواداربوین دادگای فیدراڵ دادپەروەر بێت بەرامبەر بەو فراكسیۆن و لیستە سیاسیانەی زیانیان پێگەیشت».

مالكیی لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاند»بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ سەبارەت بە پەسەندكردنی ئاكامی هەڵبژاردن چاوەڕوانكراوبوو، بەهۆی چەند هۆكارێكی تایبەت بە رەوشی وڵات كە ناكرێت ئاكامی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنرێتەوە و پرۆسەكە دووبارە بكرێتەوە، هەرچەندە كەلێنەكان روون بوون و بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بەردەست بوو».
مالیكی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیاری دادگا و پرسی كۆتای ژنانەوە خستەڕوو.

هەڵوێستی سەدر و خەزعەلی
لە هەڵوێستێكی هاوشێوەدا، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی «عەسائیبی ئەهلی حەق» نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری پەسەندكردنی ئاكامی هەڵبژاردن دەربڕی و رایگەیاند»دادگای فیدراڵ كەوتە ژێر گوشاری دەرەكی و ناوخۆیی»، لەكاتێكدا سەدر خۆشحاڵی بەرامبەر بە بڕیارەكە دەربڕی و داوای كرد پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی.

هەڵوێستی رەوتی حیكمە
عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە، جەختی لەسەر پابەندبوون كردەوە بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵ لەبارەی پەسەندكردنی ئاكامی هەڵبژاردن و لە بەیاننامەیەكیشدا رایگەیاند»لە سۆنگەی بڕوامان بە سەروەریی دەستور و یاسا، پابەندبوونی خۆمان بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵەوە رادەگەیەنین سەبارەت بە ئاكامی هەڵبژاردن، هەرچەندە تێبینی راستەقینەمان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەبوو».

حەكیم پیرۆزبایی لە براوەكانی هەڵبژاردن كرد و لە هەمان كاتدا بەپێویستی زانی بەپێی ئەو بەرپرسیارێتییەی دەكەوێتە سەرشانییان، پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكومەتێكی كارامە و گونجاو لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداریی بكەن و ئامادەن بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گەلی عیراق لەئەستۆبگرن».

هەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان
لای خۆیەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خۆشحاڵی بەرامبەر بە پەسەندكردنی ئاكامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەلایەن دادگای فیدراڵەوە دەربڕی.

بە هەمان شێوە پارتی دیموكراتی كوردستانیش خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە راگەیاندنی پەسەندكردنی ئاكامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو.

هەڵوێستی لایەنە سوننەكان
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم، جەختی لەسەر پابەندبوون بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵەوە كرد و بە هەنگاوێكی بەرەو ئاراستەی هێنانەدی دیموكراتی وەسفیكرد. هاوپەیمانی عەزمیش لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و خواستی خۆی بۆ «كاركردن لەپێناو بنیاتنانی دەوڵە» دووپاتكردەوە.

پێشبینییەكان
بەر لە دانیشتنی دادگا، محەمەد ساعیدی پارێزەری هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی (ئاكامی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە)، پێشبینی كردبوو، بڕیاری كۆتایی لەبارەی سكاڵاكانەوە بدرێت.

لەدوای راگەیاندنی بڕیاری دادگا، خۆپیشاندەران لەبەردەم دەروازەكانی ناوچەی سەوز لەبەری وەزارەتی پلاندانان دەستییان بە پاشەكشەكردن و گەڕانەوە بۆ خێمە نزیكەكانی شوێنەكە كرد، هەندێكی تر لە ناڕازییەكان خۆپیشاندانێكیان لە نزیك بارەگای دادگای فیدراڵ سازكرد.

لەو بارەیەوە ماجید ئەبو كەلەل، شرۆڤەكاری سیاسی بە ماڵپەڕی (المسری)ی راگەیاند»دادگای فیدراڵ تەواو دوورە لە ململانێ‌ سیاسییەكان و بڕیارەكانی دوورن لەو گوشارانەی دەخرێنە سەری، چونكە كەس خۆزگە بە رەوشی دادوەرانی دادگاكە ناخوازێت، سەبارەت بەو گوشارانەی رووبەڕوویان دەكرێتەوە».

بە وتەی ئەو شرۆڤەكارە»گەلی عیراق هیواخوازە دادگا هەڵوێستێكی یاسایی بێلایەنی هەبێت و بەدووربێت لە پەلكێشكردن و پشكداریی سیاسی، چاوی هەموو گەلی عیراقی لەسەرە، لەپاش ئەو ململانێ‌ توندەی لەنێوان هێزە براوەكان و هێزە دۆڕاوەكاندا دروستبوو».

دەستپێخەرییەك بۆ چارەسەری تەنگژەكان
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە ئاكامی هەڵبژارن رەتدەكەنەوە، دەستپێشخەرییەكیان بۆ چارەسەكردنی تەنگژەكان خستەڕوو، لەڕێی بانگكردنی هێزە سیاسییەكان بۆ قبوڵكردنی هەموو تانە و سكاڵاكانی دژ بە ئاكامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە.

هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای چارەسەركردنی تێكچوونی هاوسەنگی دەكەن لە پەرلەمانی داهاتوو، لەپێناو زامنكردنی تاكڕەوی نەكردن لە داڕشتنی یاساكان و پێیانوایە، چارەسەر خۆی لە پێكهێنانی حكومەتدا نابینێتەوە، بەڵكو دەبێت جەخت لەسەر كارنامەكەی بكرێتەوە، لە بەیاننامەیەكدا داوایان كرد پارێزگاریی لە حەشدی شەعبی بكرێت و تواناكانی بەرزبكرێتەوە و بەپێی یاسا بە دامەزراوە بكرێت.

لە ماڵپەڕی (المسری) وەرگیراوە

www.almasra.iq

 108 جار بینراوە