سەرەکی » کەلتوور » یادگاریی رۆژانێک لەگەڵ هاوڕێی کۆچکردوو، مامۆستا ئیکرام عەلی دا

یادگاریی رۆژانێک لەگەڵ هاوڕێی کۆچکردوو، مامۆستا ئیکرام عەلی دا

عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی

لە پڕ مەرگ، یەخەی ئازیزێکمان، دۆستێکمان دەگرێت و دەیبات، باوەڕ ناکەین وا زوو کۆچبکات، هەموو جارێک، وادەی بینیینی دوا دەخەین.

یەکێک لەو هاوڕێ ئازیزانەم کە لەم دواییەدا ماڵئاوایی لێ کردین، مامۆستا ئیکرام عەلی بوو.

ئیکرام، ناوێک بوو پڕ بە پێستی بوونی و شوناسی، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا پڕ بوو لە بەخشش وەفا و خۆشەویستی و هێمنی.

ساڵی 1972، لە ناوەندیی سیروان لە سلێمانی، لە پۆلی دووی ناوەندیی بووم، کار و وەزیفەی باوک و کەسوکار، شوێنگۆڕکێی زۆری پێ دەکردین، ئەو ساڵە لە ناوەندیی سیروانەوە گواستمەوە بۆ ناوەندیی ( ئیبن خەلدوون ) لە دووزخورماتوو، لە ناوەندیی ئیبن خەلدوون و دواناوەندیی دووز، بووم بە هاوڕێی قوتابییە کوردەکانی ئەوێ، یەکێ لەو قوتابییانە، ئیکرام عەلیی رەحمەتی بوو، بەڕاستی ئەوان کەسانێکی بە وەفا بوون، کە زەمەن ناتوانێت لە یادگەم دەریانبکات.

ئیکرام گەنجێکی ئەسمەر و هێمن و بەگوڕ و لەسەرخۆ بوو، یەک قوتابخانە و یەک گەڕەک کۆیکردبووینەوە، گەڕەکێک تاکوتەرا تورکمانێکت تێدا دەبینی، ئەویش مەگەر سوننی بوایە.

ئەو شەیدای تۆپ بوو، لە گەڕەکی کۆماریی نزیک شاخەکە، ئێواران گەنجانی کۆدەکردەوە و دەکەوتنە عەشقبازیی لەگەڵ تۆپدا، بەڵێ ئیکرام شەیدای وەرزش و منیش شەیدای کتێب، بەڵام وردە وردە هەردوو جیهانەکەی پێکەوە گرێ دا، جیهانی وەرزش و جیهانی کتێب، لێرەوە بەهۆی کتێبەوە، زیاتر لەیەکتر نزیکبووینەوە.

بیرمە، یەکەم کتێب کە دام بە مامۆستا ئیکرام، کۆمەڵێک شیعری نازم حیکمەت بوو، کە عەبدول لەتیف بەندەرئۆغلۆ کردبوونی بە عەرەبی، ئێوارەیەک بوو تازە لە وەرزشکردن بووبووەوە، پاشان کتێبی ماو و کۆڵن ولسن و ئەدەب بەگشتی، تێکەڵەیەک لە بیروڕا و تیۆری جیاواز. وای لێهات کتێبخانەکەی عەباس ( تورکمان بوو) و کتێبخانەکەی ئەشرەف (کورد بوو) کتێبەکانی وەزارەتی رۆشنبیریی بەغدادیان بۆ دادەناین.

ئێواران یا شەوان بە شەقامەکاندا پیاسەمان دەکرد و باسی کتێب و شیعر و چیرۆک و بوارەکانی تری ژیانی رۆشنبیریمان دەکرد، پاشان ئیکرام دەستی دایە نووسین و هەرچی بنووسیایە دەهات بۆی دەخوێندمەوە و گفتووگۆمان لەبارەیەوە دەکرد. دواتر کەوتە هەوڵی شیعر نووسین. هەشت ساڵ کە لە دووز بووم، ئیکرام یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانی دۆستایەتی و خوێندنەوە و ئەدەب.

بیرمە جارێک کاک لەتیف هەڵمەت لە سلێمانی پێی وتم، ئەمجارە لە گەڕانەوەمدا بۆ بەغداد سەرێکتان لێ دەدەم.

لەگەڵ کاک لەتیفدا، ساڵی ١٩٧٤ – ١٩٧٥، ئەو جارانەی کە بە پشوو لە ئێستگەی شۆڕشەوە دەهات بۆ مەریوان، من و ئەو یەکترمان دەبینی و پیاسەمان دەکرد، جارێک بە یادی ئەو رۆژانەوە، لە گەڕانەوەیدا بۆ بەغداد، لە دووز خورماتوو دابەزی، ماڵمانی دۆزیبووەوە، بیرمە ئێوارانێک لەگەڵ کاک ئیکرامدا لەبەر دەرگای ماڵی ئێمەدا وەستابووین، لە پڕ کاک لەتیف بەخۆی و جانتاکەیەوە دەرکەوت، ئیتر کاک ئیکرام چوو بە هەندێک برادەر و نووسەری وت و ئەو شەوە لە پێشوازی کاک لەتیفدا ئامادەبوون.

برادەران شەو گەڕانەوە بۆ ماڵی خۆیان، بەڵام کاک ئیکرام مایەوە، ئەو شەوە من و کاک ئیکرام و کاک لەتیف هەڵمەت تا بەرەبەیان هەر باسی رۆشنبیری و دنیای ئەدەبمان دەکرد، بەیانییش لەگەڵ مامۆستا ئیکرامدا تا گەراجی بەغداد کاک لەتیفمان بەڕێ کرد.

من لە کۆلێجی ئاداب، زانکۆی سلێمانی دەمخوێند، ئەو دوا ساڵی پەیمانگای بوو، پاشان بوو بە مامۆستا، بەهۆی ژیانی پەروەردەییەوە دوورکەوتەوە، کەمکەم دەمبینی، دواتر کەوتە ناو مەیدانی خەبات و تێکۆشانی شاخەوە.

شەوێک ساڵی ١٩٨٧ لە گوندی کربچنەی بناری سەگرمە، لە ماڵی شەهید حەمەڕەش بینیم، کە چوومە ژوورەوە، ئەو و دکتۆر عاسیم بینی، دکتۆر عاسیش هەر خەڵکی دووز بوو، لە جانتاکەی ئیکرامدا کۆمەڵێک کتێبی تێدابوو بە ڕۆنیۆ چاپکرابوون.

دواتر کە بینیم، ساڵی ١٩٩١ بوو، لە سنەوە دەچووم بۆ سەقز لەبەردەم چایخانەیەکدا بەڕێکەوت چاومان بەیەک کەوت.

دوای راپەڕین بەیەک شاد بووینەوە، ئەو سەرقاڵی رێکخستنی سیاسی و منیش سەرقاڵی نووسین و ئەدەب و رۆشنبیری.
لەسەردانێکیدا بۆ لام، لە مەڵبەندی کوردۆلۆجیی زانکۆی سلێمانی، وتی خۆت دەزانی دەمێکە خەریکی نووسین و خوێندنەوەم، هاوڕێیەتی سەردەمی گەنجی و خوێندنەوە و خوێندنمان گەواهی دەدەن، کۆمەڵێک شیعرم هەن دەمێکە نووسیومن، هی سەردەمی شاخ و ئەم چەند ساڵەن، بۆت دێنم حەزدەکەم بۆ چاپکردنیان رات وەربگرم، جارێکی تر هاتەوە و دەفتەری شیعرەکانی دانا تاکو بیانخوێنمەوە و رایەک بدەم.

چەند جارێکی تر تەلەفونی کردەوە، تاکو یەک بینین و باسی شیعرەکانی بکەین، ئەوەندە بەڕێز و خاکی و خۆشەویست بوو، قەت نەیدەویست بڵێ دە تۆ وەرە بۆ ئێرە، هەمیشە دەسپێشخەری دەکرد و دەیوت، کەی و لەکوێ دەبیت دێم بۆ لات، ئەمەیش گەورەیی کەسی راستگۆ و خاکی دەردەبڕێت، ئەوە رەوشتە جوانە نەگۆڕەکەی سەردەمی گەنجیی ئیکرام بوو.

پێش نەخۆشییەکەی، پەیوەندیی پێوەکردمەوە و وتی، ئەمجارە دادەنیشین و کۆمەڵێک شیعری ترم نووسیوە، ئەوانیش دێنم سەیریان بکە.

بەداخەوە. ئەم دنیا جەنجاڵە وای لێکردووین ئاگامان لە نەخۆشیی دۆست و کەسی نزیکیشمان نەبێت، لە پڕ هەواڵی مەرگیم پێگەشت. من دڵنیام مامۆستا ئیکرام، جگە لەم دەفتەرە شیعرەی کە لەلای من پارێزراوە، نووسینی تریشی زۆرە، هیوادارم وەک وەفایەک، یەکێک لەو شوێنانەی کە ئەم کاری تێدا کردوون، یاخود وەک لێپرسراوێک سەرپەرشتیی کردوون، نووسینەکانی لە کتێبێکدا بپارێزن. ئەمە بۆ ئیکرامێک، کە هەموو تەمەنی کەرەم و بەخشندەیی بوو و ناوەکەی بەخۆیەوە بوو. ئیکرامێک هەمیشە ئامادەبوو گوڵی ڕۆحی لە یەخەی نیشتیمان بدات.

هاوڕێی ئازیزم، تۆ لە خەباتی سیاسیتدا، بە هەر پلەیەک گەیشتبێتی کەست لە پشت نەبووە، تەنها ڕەنجی خۆت نەبێت، نە بنەماڵە، نە خێڵ، نە گرووپ، نە.. نە.. نە، بەڵکو هەر بەخشندەیی و راستگۆیی و وەفا و رۆژانی سپیی خۆت بوون.

(کەروێشکە ئەندێشەی پێی کورتم*
ناگاتە ترۆپکی قوربانیی کشاوتان
سەرچاوەی کانیەکەی هۆنراوەم،
زیچکاوە
ناشکێنێت
تینوێتی
هەناوتان ).
__________
*بەشێک لە شیعرێکی مامۆستا ئیکرام.

ژیاننامەی مامۆستا ئیکرام عەلی

لەساڵی 1956 لەقەزای خورماتوو لەدایک بووە
دەستپێکی خەباتی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شۆرشی ئەیلول و چونە نێو ریزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان.
لەکۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو پەیوەندی بەرێکخستنەکانی یەکێتییەوە کردووە.
لەساڵی 1982 دا و کاتێ کەمامۆستا بووە لەگوندی مەسۆیی لەسەنگاو پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە.
پلەکانی رێکخستنی لەکەرتی رێکخستن لەسنوری خورماتوو و ئاوەسپی و بناری گل بڕیوە.
رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لەگرێدانەوەی رێکخستنەکانی ناو شاری خورماتوو و ناوچەکانی دەورووبەری.
لەساڵی 1988 برایەکی چۆتە ریزی کاروانی شەهیدان لەگەرمیان
پاشان لەپەلامارەکانی ئەنفالدا سێ برای تری بێ سەرو شوێن بوون.
لەساڵی 1990 لەبەتالیۆنی شەش لەچیوەرۆ ئەندامی کەرتی رێکخستن بووە.
پاش راپەڕین و لەساڵی 1991 لێپرسراوی رێکخستنی بەتالیۆنی قەرەداغ بووە.
لەساڵی 1993 لەمەڵبەندی رێکخستنی 11ی گەرمیان ئەندامی مەڵبەند و دواتر جێگری مەڵبەند بووە.
لەکۆنگرەکانی 1 و 2 و 3 و 4 ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەندامی کۆنگرە بووە. لە دوای کۆنگرەی دوو بۆتە ئەندامی مەکتەبی پەیوەندیە نیشتمانیەکان و لێپرسراوی پەیوەندیەکوردستانیەکان.
لەکۆنگرەی سێ بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی.
لەساڵی 2005 بۆتە لێپرسراوی مەڵبەندی 16ی حەمرین.
لەکۆنگرەی چواری یەکێتیدا بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی تێکۆشەران لەمەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەرانی یەکێتی.
لەرۆژی 13ی کانونی یەکەمی 2021 و بەهۆی توشبوونی بەپەتای کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد .
خاوەنی یەک منداڵە

لاپەڕەی کەلتور

 100 جار بینراوە