سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » عەرەبستانی سعودیە لە دەرگای ئیسرائیل دەدات

عەرەبستانی سعودیە لە دەرگای ئیسرائیل دەدات

بەهاتنی محەمەد بن سەلمان جێنشینی عەرەبستانی سعودیە ، سیاسەتی ئەم وڵاتە چ لەرووی ناوخۆوەو چ لەرووی دەرەکیەوە، گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. لە دوایین لێدوانیدا محەمەد بن سەلمان رایگەیاند: فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان مافی خۆیانە لەسەر خاکی خۆیان، دەوڵەتی خۆیان هەبێت. ئەمەش یەکەمجارە بەرپرسێکی سعودیی ئیعتراف بە بوونی ئیسرائیل بکات. هەربۆیە زۆرێک لە میدیا و سەنتەری عەرەبیی و جیهانییەکانیش، باس لە نزیکبوونەوە و تەنانەت رێکەوتنی ژێربەژێری نێوان سعودیە و ئیسرائیل دەکەن و ئەم وتانەی بن سەلمانیش، بە سەرەتایەک بۆ ئەو پەیوەندییە دادەنێن.

یەکەمجارە
لە دیدارێکی تایبەتیدا لەگەڵ گۆڤاری ئەتلانتیکی ئەمریکی، محەمەد بن سەلمان رایگەیاند: من پێم وایە فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکان مافی خۆیانە، لەسەر خاکی خۆیان، دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت. ئەمەش یەکەمجارە بەرپرسێکی سعودیە دان بە بوونی ئیسرائیلیدا بنێت،چونکە هەمیشە سعودییەکان نکوڵیان لەبوونی ئیسرائیل دەکرد. پاشتر بن سەلمان زۆرتر دەڕوات و دەڵێت: دەبێت رێکەوتنێکی ئاشتی لەنێوان هەردوولا بکرێت، کە ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێنتەوە.

بەرژەوەندی هاوبەش
پاشان جێنشینی سعودیە درێژەی بە لێدوانەکەی دەدات و دەڵێت: گەر رێکەوتنی ئاشتی لەنێوان عەرەب و ئیسرائیل جێبەجێبکرێت، ئەوا لەو باوەڕەدام کە ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداو، بەرژەوەندی زۆر پێکەوە دەیانبەستێتەوە.

لە کاتێکی نائاساییدایە
ئەم لێدوانانەی بن سەلماند لە کاتێکدایە، کە ماوەی چەند رۆژێکە جەنگ و ململانێیەکی توند لەنێوان هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان لە کەرتی غەزە روویداوەو نزیکەی دەیان فەلەستینی کوژارون و سەدانی تریش برینداربوون، ئەمەش بەهۆی یادکردنەوەی « رۆژی زەوی» وە بوو. هەربۆیە زۆرێک لە فەلەستینی و عەرەبە ناسیۆنالیستەکان، بەتوندی دژی ئەم لێدوانەی محمەد بن سەلمان وەستانەوە رەخنەی زۆریان لێگرت.

ئێران دوژمنی سەرەکییە
لەبارەی ئەم لێدوان و نزیکبوونەوەی عەرەبستانی سعودیە لە ئیسرائیل، زۆرێک لە ناوەندە سایسییەکان پێیان وایە، هۆکاری سەرەکی ئەم نزیکبونەوەیەی ئەم دوو وڵاتە دەگەڕێتەوە، بۆ بوونی دوژمنێکی سەرەکی هاوبەش، کەئەویش ئێرانە. هەردووکیان ئێران بە دوژمنی سەرەکی خۆیانی دادەنێن. هەربۆیە ئەگەری زۆری هەیە، کە بەم نزیکانە سعودیە و ئیسرائیل ، پێکەوە لە دژی ئێران هاوپەیمانییەک دروستبکەن ، بۆئەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە رابگرن.

گەیشتن بە دەسەڵات
هۆکارێکی تریش بە بۆچونی زۆرێک لەچاودێرە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە بۆئەوەی، کە محەمەد بن سەلمان، هەر لە ئێستاوە کار بۆ ئەوە دەکات، کە بگاتە کورسی دەسەڵات. هەربۆیە دەیەوێت خۆی وەکو دۆستێکی رۆژئاوا و ئیسرائیل پیشان بدات.

سەرچاوە:ئاژانسەکان

 701 جار بینراوە