سەرەکی » وتار » قادر عومەر عەزیز » شه‌ڕه‌كه‌ له‌ به‌غدایه‌،لێره‌ نیيه!

شه‌ڕه‌كه‌ له‌ به‌غدایه‌،لێره‌ نیيه!

له ‌سه‌روبه‌ندی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كه‌ 329 كورسييه‌‌ و كورد گه‌ر زۆر باش بێت ‌و ده‌نگی نه‌فه‌وتێ، له‌وانه‌یه‌ یه‌ك له‌سه‌ر شه‌شی بهێنێ‌و گه‌ر به‌ یه‌ك ده‌نگ‌و یه‌ك به‌رنامه‌ پاش هه‌ڵبژاردن نه‌چنه‌ به‌غدا‌ و به ‌یه‌ك ئاراسته‌ له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی هه‌ڵبژاردندا، یان كوتله‌ی زۆرینه‌ی نێو په‌رله‌مان نه‌كه‌ونه‌ گفتوگۆ و ته‌وافق ره‌چاو نه‌كرێ، ئه‌وا كورد هیچی پێناكرێ ‌و لیسته‌ عه‌ره‌بیه‌كانی عیراق ده‌توانن هه‌موو شتێكی به‌سه‌ردا بسەپێنن. كه‌چی ئاوهاش زۆربه‌ی حزبه‌كانی ئوپوزسیۆن به‌ هاوپه‌یمانی‌و بزووتنه‌وه‌ تازه‌كانیشه‌وه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ بانگه‌شه‌دا روی ده‌میان له‌ به‌غدا بێت شه‌ڕی دیموكراسی له‌گه‌ڵ ئه‌و بكه‌ن، روی ده‌میان له‌ هه‌رێمه ‌‌و شه‌ڕی روبه‌رو له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كه‌ن‌و حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات كه‌ ئه‌وان مه‌به‌ستیان یه‌كێتی‌و پارتییه‌‌و له ‌سنوری پارێزگای سلێمانیش هه‌ر مه‌به‌ستیان یه‌كێتییه‌، به‌ جۆره‌ها تۆمه‌ت تاوانبار ده‌كه‌ن‌ و له‌پاڵ ئه‌وه‌دا به‌ڵێنی سه‌یر ‌و سه‌مه‌ره‌ به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن كه‌ خۆشیان ده‌زانن ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بۆ به‌غدا ناخوات ‌و هیچ رۆڵی نییه‌. بۆ نموونه‌:
سه‌رۆكی لایه‌نێك ده‌ڵێ: پاشه‌كه‌وت به‌ چوار ساڵ ناهێڵین‌ و مووچه‌ چاك ده‌كه‌ین، جا باشه‌، ئه‌م حكومه‌ته‌ی خۆشمان ده‌ڵێ باری ئابووری چاك بێت، به‌ ته‌واوه‌تی پاشه‌كه‌وت ناهێڵین، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌رێمه‌، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ڕێزه‌ ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا بۆ ناكرێ ‌و په‌یوه‌ندیشی به‌ په‌رله‌مانی به‌غداوه‌ نییه‌.
به‌رێزێكی تر ده‌ڵێ: قۆرغكاری بازاڕی كوردستان ناهێڵین، له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ له‌ هه‌رێم‌ و له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێم ده‌كرێ نه‌ك له‌ به‌غدا. به‌ڕێزێكی تر باس له‌ دامه‌زراندنی گه‌نجان‌و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار ده‌كات له ‌هه‌رێم. هه‌موو كه‌سێكیش ده‌زانێ، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ‌له‌ به‌غدا نابێ ‌و ئه‌وه‌ ده‌بێ له ‌نێو بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا جێی بكرێته‌وه‌‌ و په‌یوه‌ندی به ‌به‌غداوه‌ نییه‌.
لایه‌نێكی تر له‌ ریكلامێك دا كه‌ پڕوپاگه‌نده‌ بۆ لیسته‌كه‌یان ده‌كات هه‌موو ده‌ستكه‌وت ‌و كاره‌ باشه‌كانی كابینه‌كه‌ی لیستی كوردستانی ده‌كا به‌ به‌رۆكی یه‌ك كه‌سدا، له‌ كاتێكدا ئه‌و كابینه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بووه ‌‌و له‌ به‌غدا نه‌بووه ‌‌و ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ڕێزه‌ بشچێته‌ به‌غداش ناتوانێ یه‌ك له‌سه‌ر سه‌دی ئه‌وه‌ی لیستی كوردستانی له ‌نێوان 2009 تا 2013 بۆ هه‌رێمی كرد، بیكات.
لایه‌نێكی تر هه‌ر باسی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری ‌و عه‌داله‌ت ‌و یه‌كسانی ده‌كات، له‌ كاتێكدا ئه‌و لایه‌نه‌ هه‌ر ژماره‌یه‌ك كورسی بێنێ ئه‌و هێز‌ و توانایه‌ی نابێ به‌ ته‌نیا هیچ خاڵێك له‌ به‌رنامه‌كه‌شی جێبه‌جێ بكات.
یه‌كێكی تر قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی‌و نه‌هێشتنی ده‌كات ‌و قسه‌ی ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ر هه‌رێم ‌و روو له‌ هه‌رێمه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و بچێته‌ به‌غدا، به‌ر له ‌هه‌موو شتێك ده‌بێ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ سێ سه‌د ‌و بیست ملیار دۆلار كه‌ به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ به‌ هه‌ده‌ر چووه‌ له‌ عیراقدا، چیی لێهاتوه ‌‌و بۆچی سه‌رف كراوه‌.
هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ڕێزانه‌ش، هه‌ر هه‌موویان له‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا بوون، هه‌ندێكیان دوو ساڵ، هه‌ندێكیشیان چه‌ند مانگێكه‌ له‌م حكومه‌ته‌ هاتۆته‌ده‌ر، ئه‌وه‌ی له‌ حكومه‌تیش دا نه‌بووه‌، یان حزبه‌كه‌ی به‌شدار نه‌بووه‌، خۆی له‌ پایه‌‌وپله‌ی گرنگ دا بوه‌، یان خۆی هێنده‌ ناهه‌قی له‌ خه‌ڵك كردوه‌، چه‌ندین شكاتی له‌سه‌ره‌ له‌ دادگا.

 511 جار بینراوە