سەرەکی » وتار » قادر عومەر عەزیز » ته‌پڵی ئاژاوه‌!

ته‌پڵی ئاژاوه‌!

به‌داخه‌وه‌، به‌داخێكی قوڵیشه‌وه‌، له‌ باتی باڵ كێشانی ته‌بایی‌و یه‌ك ریزی به‌سه‌ر كوردستاندا، ده‌ركه‌وت كۆمه‌ڵێك لایه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی‌و له‌سنوری پارێزگای سلێمانی به‌تایبه‌تی ماوه‌ی مانگێكه‌ پیلان له‌یه‌كێتی ده‌گیڕن تاكو نه‌هێڵن مافی خۆی له‌گه‌مه‌ی دیموكراسیدا به‌ده‌ست بێنێ‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگی هه‌ڵبژاردندا هه‌رچی خراپه‌ به‌ (ی‌.ن.ك) یان كرد تاكو كار بكه‌نه‌ سه‌ر ئه‌ندام‌و لایه‌نگر‌و جه‌ماوه‌ری ی‌.ن.ك له‌كاتێك دا كه‌ هه‌ندێكیان خۆیان به‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی پارتی پیشان ده‌دا‌و تا ماوه‌یه‌كیش له‌مه‌وبه‌ر به‌قسه‌ی خۆیان دژی حوكمی بنه‌ماڵه‌‌و دژی ده‌سه‌ڵاتی كاك مه‌سعود بارزانی تێده‌كۆشان‌و به‌حیسابی خۆیان هه‌وڵیان بۆ گۆرینی سیستمی حوكم بوو له‌ هه‌رێمدا، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ ده‌بێ ئه‌وانه‌ دژی پارتی بن، نه‌خێر، به‌ڵكو ئێمه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌ بڵێین، ئه‌م هه‌موو دوژمنایه‌تیه‌ی یه‌كێتی‌و هه‌وڵدان بۆ شكاندنی‌و زه‌عیف كردنی چی یه‌؟
هه‌موو هاووڵاتیانی كوردستان به‌درێژایی ماوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌یان لێدوان‌و گفت‌وگۆیان بینیوه‌‌و گوێ لێ بوه‌، چ له‌لایه‌ن كۆمسیونه‌وه‌ بێت، چ له‌لایه‌ن نوێنه‌ری حیزبه‌كانه‌وه‌ بێت، كه‌ زۆر به‌ دیقه‌ت‌و وردی باس له‌ سیستمی نوێی ده‌نگدانی ئه‌لكترونی ده‌كات‌و به‌هێزیی سیسته‌مه‌كه‌ وه‌سف ده‌كات له‌وه‌ی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگا به‌هیچ جۆره‌ ته‌زویرێك نادات‌و به‌هیچ رێگایه‌ك ده‌ستكاری ناكرێ، ئه‌م قسانه‌ گه‌یشتبوو ئاستێك هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یان وت، تازه‌ سه‌رده‌می ته‌زویر به‌سه‌ر چوو. كه‌چی ئێستا دێن ده‌ڵێن یه‌كێتی سیسته‌مه‌كه‌ی هاك كردوه‌‌و ده‌نگه‌كانی بۆ خۆی بردوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كاڵته‌ جاریه‌كی گه‌وره‌ هیچی تر نیه‌‌و هه‌ندێك لایه‌ن نه‌ك هه‌موو، بۆ داپۆشینی شكسته‌كه‌ی خۆیانه‌‌و لایه‌نی تریشیان به‌لای خۆیاندا راكێشاوه‌. له‌هه‌مووی سه‌یرتر ‌و حه‌سره‌ت بارتر، ئه‌و هه‌ڵایه‌یه‌ كه‌ له‌ كه‌ركوك نایانه‌وه‌‌و چونه‌ پاڵ داواكاری عه‌ره‌به‌ شوڤینیه‌كان، نه‌ك عه‌ره‌به‌كانی دوستی كورد، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی كه‌ركوك، كاتێك بینیان خۆیان هیچیان بۆ نه‌كرا‌و جه‌ماوه‌ری خۆراگری كه‌ركوك جارێكی تر متمانه‌یان دایه‌وه‌ به‌حیزبی شه‌هیدان، به‌و حیزبه‌ی لێنه‌گه‌را كه‌ركوك بكه‌وێته‌ ده‌ستی داعش. له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ش سه‌یرتر ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی شه‌وی (12-13/5/2018)ه‌ی ته‌له‌فزیونی لایه‌نێك بوو بۆ لایه‌نگرانی كه‌ بچن باره‌گای حیزبه‌كه‌یان بپارێزن، له‌كاتێك‌و هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ا به‌رێزێكی ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ ته‌له‌فون قسه‌ی بۆ كه‌ناڵێكی سه‌ته‌لایتی كوردی ده‌كرد‌و ده‌یگوت: كه‌س په‌لاماری باره‌گای بزوتنه‌وه‌كه‌ی ئێمه‌ی نه‌داوه‌، ئه‌وه‌ ئه‌ندامانی خۆمانن هاتوون گله‌یی له‌ سه‌ركرده‌كانمان بكه‌ن بۆ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردندا هێناومانه‌، ئه‌گه‌رچی دواتر له‌و سنوره‌ كێشه‌یه‌ك دروست بوو. به‌داخه‌وه‌ هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و چه‌واشه‌كاری‌و دژایه‌تیه‌ی به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌و ئه‌نجامه‌كانی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌كرێن، ئه‌و بانگه‌وازانه‌یه‌ كه‌ له‌ چه‌ند په‌یجێكی سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆرانه‌وه‌ ده‌كرێت بۆ ناونوسین بۆ چه‌ك هه‌ڵگرتن‌و دروست كردنی هێزی چه‌كدار بۆ تێكدانی ئارامی‌و سه‌قامگیری شاری سلێمانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و گوته‌یه‌ی ده‌ڵێ: كه‌ بۆم نه‌كرێ ده‌بێ تێكی بده‌م. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و بزوتنه‌وه‌ به‌رێزه‌، سنورێكی دورودرێژی كوردستان كه‌ نزیكه‌ی 700 كیلۆمه‌تر ده‌بوو كه‌وته‌ به‌ر هێرشی داعش بۆ جوانیش بانگه‌وازێكیان نه‌كرد، كۆبانی له‌به‌رده‌م هێرشی داعش دا هێنده‌ نه‌مابوو بكه‌وێت، له‌شوێنی خۆیان نه‌جوڵان، عه‌فرین داگیر كرا ئه‌و به‌رێزانه‌ تفه‌نگێكیان نه‌نارد.
له‌وانه‌ش جێی سه‌رسورمان تر، ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ له‌و لایه‌نه‌ به‌رێزانه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان له‌سلێمانی هه‌یه‌، له‌هه‌ندێ شوێنی تر كه‌ پێشتر ده‌نگیكی زۆریان هه‌بوه‌‌و ئێستا ده‌نگیان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردوه‌، بۆ ئه‌وه‌یان خۆیان بێده‌نگ كردوه‌‌و فزه‌یان لێوه‌ نایه‌.
به‌راستی ئه‌مه‌ زه‌نگێكی خه‌ته‌ره‌ دان به‌ شكستی خۆتدا نه‌هێنی‌و بیانوی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ بێنیته‌وه‌، هه‌قه‌ هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ به‌رێزانه‌، وردتر، هێمن تر، مه‌سئولانه‌ تر بجوڵێنه‌وه‌‌و رێگا نه‌ده‌ن لایه‌نی تر هانیان بدات له‌دژی یه‌كێتی‌و ئاساییشه‌ هه‌ر حیزب‌و لایه‌نێك له‌هه‌ڵبژاردندا شكست بێنێ، هه‌قه‌ هه‌موویان یه‌كێتی وه‌ك نمونه‌ وه‌ربگرن. كه‌ له‌ماوه‌ی 5 ساڵی رابوردوودا له‌ دوو هه‌ڵبژاردندا كه‌ ده‌نگی كه‌م هێنا، ئازایانه‌ دانی به‌ شكسته‌كه‌یدا ناو ره‌خنه‌ی له‌خۆی گرت‌و داوای لێبوردنی له‌ جه‌ماوه‌ر‌و ئه‌ندامه‌كانی كرد‌و به‌ڵێنی به‌خۆداچونه‌‌و خۆرێكخستنه‌وه‌ی دا‌و نه‌ دونیاش روخا‌و نه‌ یه‌كێتی خۆشی فه‌وتا.

 580 جار بینراوە