سەرەکی » دۆسێ » سیناریۆكانی رووبەڕبوونەوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل

ناوچەكە بەرەو كوێ‌ دەبەن؟

سیناریۆكانی رووبەڕبوونەوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل

ئیدریس جەبار

ململانێكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لە سوریادا چڕتر دەبنەوە و دەچنە قۆناغێكی نوێ‌ و هەنگاویش بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار هەڵدەنێن.
جەنگی ئەهلی سوریا، هەلێكی زێرینی بۆ ئێرانییەكان خولقاند، تا پێگەیەكی تر لە ناوچەكەدا بدۆزنەوە و هێندەی تر هەژموونی خۆیان فراوان بكەن، ئەمەش سەبارەت بە دەوڵەتی عیبری مایەی مەترسییە و دەچێتە سەر ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی كە پێشتر تەلئەبیب بەرانبەر بە كۆمەكی تاران بۆ حزبوڵڵای لوبنانی و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی دەریدەبڕی.
تێپەڕینی حەوت ساڵ بەسەر جەنگی سوریا و مانەوەی بەشار ئەسەد لە دیمەشق لە ترۆپكی دەسەڵاتی وڵاتەكە، و كۆنترۆڵكردنەوەی زۆربەی ئەو زەوییانەی پێشتر بەهۆی گروپە چەكدارەكانەوە لە حەڵەب و ئیدلیب و دێرئەلزور و ناوچەكانی دەوروبەری پایتەخت لەدەستی چووبوو، هێندەی بەهۆی پاڵپشتی روسەكانەوە بووە، دووهێندە بەهۆی پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بوو بۆ دەسەڵاتەكەی ئەسەد لە سوریا.
تاران تەنیا بۆ بەرگریكردن لە عەلەوییەكان نییە كە پشتی بەشار ئەسەد بەرنادات، بەڵكو بەرژەوەندی و خواستی زۆر لەوە گەورەتری هەیە لە سوریادا، سەرباری ئەوانەش دەیەوێت وڵاتەكە بكاتە بەرەی پێشەوەی رووبەڕبوونەوە رواڵەتییە ئایدۆلۆژییەكانی، تا بە وڵاتانی تری جیهانی ئیسلامی بڵێت كە تەنیا ئێران سەرە ڕمی مقاوەمەی ئیسلامییە بەڕووی داگیركاریی ئیسرائیلی.
فراوانبوونی هەژمونی ئێرانی لە ناوچەكە و بە تایبەت لە سوریادا كە هاوسنورە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، بۆ تەلئەبیب مایەی هەڕەشەیەكی گەورەیە،بۆیە لەچەند گۆشەیەكەوە لێكدانەوە بۆ مەترسی ئەو هەژموونە نائاساییە دەكات كە ئێران لەودیو سنورەكانییەوە دروستی كردووە.
هەڵكشانی هەژنوونی ئێرانی لە ناوچەكە و نزیكبوونەوەی لە رووبەڕبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی عیبری كە بیر لە بەرپابوونی جەنگێكی تری هاوشێوەی جەنگی ساڵی 1967 ناكاتەوە، دەمانگەیەنێتە ئەو ئاكامەی بیر لە وێناكردنی چەند سیناریۆیەك بكەینەوە بۆ كێشمەكێشەكانی ئێستا كە هەریەكەیان ئەگەری روودانی هەیە.

سیناریۆی یەكەم
هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆسەر چەند پێگەیەكی سەربازی كە دەگوترێن ئێرانین لە سوریادا «وای لە ئێرانییەكان كرد بەرزاییەكانی جۆلان موشەك باران بكەن»، ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەوڵدانە بۆ پەلكێشكردنی ئیسرائیل بۆ رووبەڕبوونەوەی زەمینی كە لە بەرژەوەندی هێزەكانی نییە، بەوپێیەی حزبوڵڵا و میلیشیا چەكدارەكانی تری سەر بە ئێران، لەو ناوچانەدا بونێكی بەرچاوییان هەیە و بە باشی ئاشنای سروشتی جوگرافی ناوچەكەن.
هەرچەندە ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی پەلامارەكەی ئەم دواییەی «ئێرانی» دایەوە و بەشێوەیەكی چڕ هێرشی كردەوە بۆسەر «پێگە ئێرانییەكان» لە سوریا، بەڵام هێزێكی سەربازیی زۆریشی لە بەرزاییەكانی جۆلان مۆڵداو بە گوتەی بەرپرسە سەربازییەكانی وڵاتەكەش، ئامادەكارییەكی باشی بۆ هەر رووبەڕبوونەوەیەكی چاوەڕوانكراو گرتۆتەبەر.
كۆكردنەوەی بڕێكی زۆری چەك و ژمارەیەكی گەورەی تانكە پەرەسەندووەكان و دانانی سیستمەكانی بەرگری لە هێڵەكانی پێشەوە لەلایەن ئیسرائیل، ئەگەری رووبەڕبوونەوەكان زیاتر دەكەن و بەرزاییەكانی جۆلانیش كە لە ساڵی 1967دا لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیركرا، جارێكی تر دەبنەوە بە بەرەی پێشەوەی جەنگی داهاتوو.

سیناریۆی دووەم
لەحاڵەتی بەرپابوونی جەنگێكی لەو جۆرە و دەستپێكردنی لە جۆلانەوە، ئێران جارێكی تر بە وەكالەت شەڕەكە دەكات و خاكی سوریا و لوبنان وەك گۆڕەپانی ئەو جەنگە بەكاردەهێنێت و هێزێكی كەمی مرۆیی وڵاتەكەیشی لەو رووبەڕبوونەوەیەدا بەكاردەهێنێت.
ئیسرائیل تەنیا بۆ مەبەستی بەرگری زەمینی هێزە وشكانییەكانی لە هێڵەكانی پێشەوە جێگیر دەكات، لەحاڵەتی پێشڕەوی هەر هێزێكیش بە ئاراستەی سنورەكانی، فڕۆكەكانی رۆڵی بەرگرتن و بەرپەرچدانەوە دەبینن، بۆ ئەو مەبەستەش پەرەسەندووترین فڕۆكەی هێزە ئاسمانییەكانی دەخاتەگەڕ.
ئیسرائیل بە هەمان شێوەی ئێران، خواستی لە رووبەڕوونەوەی راستەوخۆ نییە، بۆیە تا پێی بكرێت خۆی لەو جۆرە رووبەڕبوونەوەیە دەپارێزێت و رێگە نادات سوپاكەی لەو بوارەدا زیانی بەربكەوێت.
بە هەردوو بارەكەدا بۆ ئێران و ئیسرائیلیش، سوریا و لوبنان دەبنە گۆڕەپان و ئەگەر هەیە ئەو دوو وڵاتە، لەنێوان بەریەككەوتنی هێزە گەورەكاندا ببنە وێرانەخاك و بە قەولی سیاسەتوانێكی شیعەی لوبنانیش «ببنە كۆچی قوربانی».
سیناریۆی سێیەم
موشەكە بالیستییەكانی ئێرانیش كە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە دوایین كۆنفرانسی «خستنەڕووی بەرنامە ئەتۆمییە نهێنییەكانی ئێران» ئاماژەی پێكردن، هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر تەلئەبیب و شارەكانی تری ئیسرائیل دروست دەكەن، بەڵام بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە، ئیسرائیل پشت بە «گومەزی ئاسنین» و ئەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییە پەرەسەندوانە دەبەستێت كە لەمێژە كارییان لەسەر دەكات.
گەر گوشارەكان بەوشێوەیە لەسەر ئیسرائیل چڕببنەوە، ئەگەر هەیە تەلئەبیب بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران، سنورەكانی سوریا و لوبنان تێبپەڕێنێت، ئەمەش هێندەی تر مەترسییەكان لە ناوچەكەدا گەورەتر دەكات و شەڕەكە لە چوارچێوەیەكی دیاریكراو دەباتە دەرەوە و رووبەڕبوونەوەكان دەكاتە رووبەڕبوونەوەیەكی ئیقلیمی، بەڵام بەوجۆرە كارەكە لەبەرژەوەندی دەوڵەتی عیبری نابێت، بە تایبەت لە ئێستادا كە ئەمریكا وەك دەستپێكێك بۆ ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل، باڵێوزخانەی وڵاتەكەی بۆ شارەكە دەگوازێتەوە.
ئەم ئەگەرە بەدوور دەزانرێت، چونكە تێكڕای ناوچەكە نوقمی ململانێیەكی سەربازیی گشتگیردەكات كە بۆ ئێران و ئیسرائیلیش هەنگاوێكی نەخوازراوە و هەریەك لەو دوو وڵاتە بەوپەڕی تواناوە خۆیانی لێبەدووردەگرن.

سیناریۆی چوارەم
شەڕی راگەیاندن لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران، كاریگەریی گەورەی لەسەر رەوتی پەرەسەندنی رووداوەكان نابێت، بەو پێیەی ئەو دوو وڵاتە پێشتریش لەسەر هەمان ریتم ئاوازییان دەخوێند.
هەردوو وڵات لە میدیاكانیانەوە كار لەسەر قەبەكردنی قەبارەی هێزە سەربازییەكانیان و توانا بەرگرییەكانیان دەكەن، وەها خۆیان پیشاند دەدەن كە لەناوچەكەدا بێ‌ ركاربەرن و بەوپەڕی تواناوە بەرپەرچی هەموو ئەو پەلامارانە دەدەنەوە كە دەكرێتە سەرییان، بەجۆرێك هەریەكەیان بەكارهێنانی هێز وەها وێنا دەكات كە لە سەنگەریی بەرگریدایە و بەرگری لە خۆی دەكات.
ئەمە لەحاڵەتی بەرپابوونی رووبەڕبوونەوەی راستەوخۆ كە پێناچێت سەبارەت بە هەریەك لە ئێران و ئیسرائیلیش كارێكی وەها ئاسان بێت.
ئێران، رەتیناكاتەوە كە هەژموونی خۆی بەسەر عیراق و سوریا و یەمەن و لوبناندا سەپاندووە، رووبەڕبوونەوەی سەربازیش لەگەڵ ئیسرائیلدا بە شكۆیەكی گەورە دادەنێت، لەكاتێكدا سعودیە و وڵاتە عەرەبییەكانی تر پێیان باشە لەم قۆناغەی ئێستادا دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی عیبری بكرێت و وەك ئەمری واقع لەپاش تێپەڕنی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر دامەزراندیدا، تەماشای قەوارەكە بكرێت.
ئەمەی ئێران دەیكات، گەر تەنیا پڕوپاگەندەی میدیاییش بێت، خستنەڕووی هێزێكی پڕشكۆ دەگەیەنێت و لە هەمان كاتیشدا رەتكردنەوەی تیۆری خۆبەدەستەوەدان و درێژەدانە بە «كاروانی مقاوەمەی داگیركاریی».
بە هەمان شێوە ئیسرائیلیش لەم قۆناغەدا دەیەوێت لەبری بون بە سوری بەرلەشكر، مەقاشەكان بەكاربهێنێت و لایەنەكانی تر بخاتە بەرەی پێشەوەی شەڕەكە، هەوڵەكانیش بۆ دروستكردنی هێزێكی عەرەبی لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، وەك شرۆڤەكاران ئاماژەی پێدەكەن، دەڕژێنە ئەو بۆتەیەوە.

print

 127 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*