سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » سوید خۆی بۆ جەنگ لە دژی روسیا ئامادە دەکات

سوید خۆی بۆ جەنگ لە دژی روسیا ئامادە دەکات

هەرچەندە سوید یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە جیهاندا بە وڵاتێکی ئاشتیخواز ناسراوەو هەمیشەش خۆی لە جەنگە گەورەکان بەدوور گرتووە، لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە هەفتەی پێشوو حکومەتی سویدی نامیلکەیەکی بەناو خەڵکیدا بڵاکردۆتەوە ، کە تێیدا رێنمایی دەدات بە خەڵكی، لەکاتی سەرهەڵدانی جەنگی گەورە یان کارەساتی سروشتی یان هێرشی ئەلکترۆنیدا چی بکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە ، کە گرژییەکانی نێوان ناتۆ و روسیا لە تەشەنەسەندنی بەردەوامدایە .

لە حاڵەتی تەنگەژە و جەنگدا
لەژێر ناونیشانی « لە حاڵەتی تەنگەژە و جەنگدا» حکومەتی سویدی نامیلکەیەکی رێنمایی دەرکردووەو بە ملیۆنەها نوسخە لەناو وڵاتدا بڵاویکردۆتەوەو تێیدا کۆمەڵێک رێنمایی و ئامۆژگاری تێدایە بۆ هاوڵاتییان، کەتێیدا شوێنی حەشارگە گەورەکان و گەنجینەی خۆراک و کۆمەڵێک زانیاری تری تێدایە، کە رێنمای خەڵكی دەکات، چۆن لەکاتی کارساتی گوورە یان جەنگدا مامەڵە بکەن.

بە 13 زمان بڵاوکراوەتەوە
ئەم نامیلەکەیە کەلە لایەن حکومەتی سویدیەوە بڵاوکراوەتەوە، تەنها بە زمانی سویدی نییە، بگرە بە 13 زمانی تریش چاپکراوە، ئەمەش زیاتر بۆ ئەو بێگانانەی کە لە سوید دەژین و زمانی سویدی نازانن.

لە 20 لاپەڕە پێکدێت
ئەو نامیلکەیە بە کوالیتێکی زۆر باش چاپکراوەو 20 لاپەڕەیە، تێیدا جگە لە ڕێنمایی کە بە زمانێکی ئاسان و سادە نوسراوەو، وێنەی جۆراجۆریشی تێدایە، کە باس لە ئەو هەڕەشانە دەکات ، کە رووبەروی خەڵکی دەبێتەوە.

لە کۆتایی ئەم مانگە بڵاودەکرێتەوە
ئەم نامیلەکەیە کە 4.8 ملیۆن دانەی لێ چاپکراوە، وابڕیارە لە 28 ئەم مانگە تا 3 ی حوزیران، بەناو تەواوی سویدا بڵاوبکرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئاگاداری ئەو رێنماییە گرنگانە بن.
پێویستە هەرلە ئێستاوە ئامادەبن
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا « دان ئەلیسۆن» بەرێوبەری ئاژانسی بەرگری شارستانی سویدی رایگەیاند: پێویستە خەڵكی هەموو زانیارییەکیان هەبێت لەبارەی ئەو هەڕەشانەی کە روبەڕوومان دەبێتەوە، بۆئەوەی لەکاتی روودانیدا، خۆمان بۆی ئامادە بکەین.

ئەمە دووەمجارە
جێگەی ئاماژەیە ئەمە دووەمجارە حکومەتی سویدی نامیلکەی لەم جۆرە بڵاودەکاتەوە، یەکەمجار لەساڵی 1961 بوو، لەوکاتەی کە جەنگی ساردی نێوان یەکتێتی سۆڤێت و ئەمریکا لەوپەڕیدا بوو.

مەسەلەکە روسیاییە
هەرچەندە لەناو نامیلکەکەدا ناوی هیچ دەوڵەتێک وەکو دوژمن، باسی لێوە نەکراوە، لێ زۆربەی میدیاکانی سویدی و جیهانیش باس لە « روسیا» دەکەن، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە پەیوەندی دەوڵەتانی رۆژئاوا لەگەڵ روسیا لەوپەڕی خراپیدایە.

هیچ سنورێکیان نییە
هەرچەندە سوید ئەندامی رێکخراوی « ناتۆ» نییە، هەروەها هیچ سنوورێکی وشکانیش بە روسیاوە نایبەستێتەوە تاوەکو بترسێت، بەڵام لەرێگەی دەریای بەلتیقەوە بە یەکتریەوە دەبەسترێنەوە، بەتایبەتی لەم دەریایەش، هێزی دەریایی روسیای لێیە.
هەرچەندە سوید لە جیهاندا هەمیشە خۆی لەجەنگ و شەڕوشۆر بەدوورگرتووە، تەناتەت لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیشدا، دژی سوپای ئەڵمانیا نەوەستایەوە، بگرە رێگای خۆشکرد، تا سوپای ئەڵمانیا بە سویدا تێپەڕێت و وڵاتی نەرویژ داگیربکات، لەکاتی جەنگی ساردیشدا، لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت و ئەمریکاش پەیوەندی باش بوو. بەڵام پێدەچێت ئەمجارە سیاسەتێکی تر بەرامبەر روسیا بگرێتە بەر.

سەرچاوە:بی بی سی .

 699 جار بینراوە