سەرەکی » ئابووری » بۆری هەناردەی نەوتی (كەركوك – جەیهان) نوێدەكرێتەوە

بۆری هەناردەی نەوتی (كەركوك – جەیهان) نوێدەكرێتەوە

ئارێز عەبدوڵڵا: ئەو پڕۆژەیە پێوستی بە رێكەوتنە

وەزارەتی نەوتی عیراق بڕیاریداوە بۆری گواستنەوەی نەوتی خاو لەكەركوكەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا نوێ بكاتەوە و لەڕێیەوە نەوتی كەركوك هەناردەی دەرەوە بكات، سەرۆكی كۆمسیۆنی نەوت و غاز لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش رایدەگەیەنێت: «ئەو هەنگاوە پێویستی بەڕێككەوتنی بەغدا و هەولێر دەبێت».
ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەكرێت
جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عیراق تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە، پێویستە بەخێرایی كار بۆ نوێكردنەوەی بۆری هەناردەكردنی نەوتی كەركوك – جەیهان بكرێت كە بۆرییەكە بەهەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوادا بۆ بەندەری جەیهان تێدەپەڕێت.
وەزیری نەوتی عیراق، فەرمانیشداوە بە كۆمپانیای نەوتی باكوور و كۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەكان كۆمپانیای هێڵەكانی بۆری نەوت كە بەپەلە دەستبكەن بە جێبەجێكردنی پڕۆسەی چاككردنەوە و بەگەڕخستنەوەی تەواوی تۆڕی بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوتی خاو لەكێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.
لعێبی ئاماژەی بەوەشداوە: كە ئاستنگ و تەحەدییە دارایی و ئابوورییەكان لەبەردەم هەوڵەكانی وەزارەت بۆ بەگەڕخستنەوە و چاكردنەوەی تۆڕی بۆرییە نەوتییەكان نابنە رێگر لەبەردەم هەناردەكردنی نەوت و بەتواناو هەوڵی شارەزایانی نیشتمانی و بەپاڵپشتی سەرۆك وەزیرانی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەكرێت.
كاتی زۆری ناوێت
هاوكات، سەرچاوەیەكی تایبەت لەكۆمپانیای نەوتی باكوورەوە بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندوە: بۆ نوێكردنەوەی ئەو هێڵی بۆرییانەی نەوت كە لەكەركوكەوە نەوت بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەگوازنەوەو پێشتر لەكاتی هاتنی تیرۆرستانی داعشدا زیانی بەركەوتووە، دەدرێتە چەند كۆمپانیایەك، بەڵام نوێكردنەوەیان كاتی زۆری ناوێت و وەزارەتی نەوت دەتوانێت لەماوەیەكی كەمدا كارەكە بكات.
وتیشی:»كێشەی ئەو هێڵەی گواستنەوەی نەوت كێشەی ئەمنییە، بۆیە ئەگەر كێشەی ئەمنی چارەسەر بكرێت، ئەوكاتە دەمێنێتەوە سەر ئەوەی هەندێك كێشەی تەكنیكی كە لەهەندێك شوێندا بۆرییەكان تەقێنراونەتەوە، بەتایبەت لای موسڵ ئەوكاتە دەتوانرێت لەڕێی ئەو بۆرییانەوە دەست بەهەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا بكرێتەوە».
ئێستا كۆمپانیای نەوتی باكور رۆژانە 160 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و لەو بڕەش 80 بۆ 90 هەزاری لەڕێی بۆری هەرێمەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت و ئەوەی دیكەش رەوانەی پاڵێوگەكان دەكرێت.
رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا
لای خۆیەوە، ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی فەرمانەكەی وەزارەتی نەوتەوە بۆ چاكردنەوەی بۆری نەوتی كەركوك – بەندەری جەیهانی توركیا، بە (PUKmedia)ی راگەیاندوە: چاككردنەوەی ئەو بۆرییە كارێكی باش دەبێت، بەڵام پێویستی بەڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆرییەكە بەهەرێمی كوردستاندا دەڕوات.
وتیشی:»هیوادارین حكومەتی عیراق بەخێرایی ئەو بۆرییە چاكبكاتەوەو لەگەڵ هەرێمیش رێككەوت بۆ هەناردەكردنی نەوت لێیەوە».
250 بۆ 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە
هەر لەبارەی چاككردنەوەی ئەو بۆرییانەی گواستنەوەی نەوتی كەركوك – بەندەری جەیهانی توركیاوە، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاندوە: كە وەزیری نەوت فەرمانیداوە بەو كۆمپانیا پەیوەندیدارانە كە بەخێرایی دەستبكرێت بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی چاككردنەوەو بەگەڕخستنەوەی ئەو بۆرییە نەوتیانە كە نەوتی خاوی كەركوك دەگوزانەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەماوەی رابردودا لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە تێكدرابوون و ئەوەش زیانی بە دامەزراوەو كێڵگە نەوتییەكانداوە.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق دەشڵێت:»عیراق ئومێدی هەیە بتوانێت بگەڕێتەوە ئەو ئاستەی پێشتر كە رۆژانە 250 بۆ 400 هەزار بەرمیل بووە و لەڕێی ئەو بۆرییەوە هەناردەكراوەو ئێستا وەستاوە، هەروەها لەگەڵ توانای وزەی دیكە بۆ هەناردەكردنی زیاتر لە دەروازەكانی باكوورەوە».
دوێنێ وەزیری نەوتی عیراق لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لە بەغدا كۆبوویەوەو لەمیانەی كۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەبواری وزەو بابەتی هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیاوە كردوە.
١٤٢ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەك
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ كە لە ئەمریكا ئەنجامدراوە، عیراق لەبواری یەدەكی نەوتدا، پلەی پێنجەمی لەسەر ئاستی جیهان، تۆمار كردووە. توێژینەوەكە كە لەلایەن پێگەی (ئینسایدەر مانك)ی ئەمریكی ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوەداوە: ئێستادا عیراق خاوەنی (142,50) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەكەو بەمەش لەسەر ئاستی جیهان، لە پلەی پێنجەمدایە.
باس لەوەشكراوە: ڤەنزوێلا بە زیاتر لە ٣٠٠ ملیار بەرمیل لە پلەی یەكەمدایەو دوای ئەویش سعودیە بە ٢٦٦ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەك لە پلەی دووەمدایە، كەنەدا بە (169,71) ملیار بەرمیل نەوت لە پلەی سێیەم و ئێران بە ١٥٨ ملیار بەرمیل لە پلەی چوارەمدایەو دوابەدوای عیراقیش، هەریەك لە ئیمارات و كوێت لە پلەكانی شەشەم و حەوتەمدان.
بەپێی توێژینەوەكە، هەریەك لە نەیجیریاو كازاخستان و چین و قەتەرو بەرازیل و جەزائیر، لە پلەكانی یانزەیەم تا شانزەیەمینن لەڕووی یەدەكی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا.
بەپێی ئامارەكان، دوابەدوای سعودییە، عیراق لەسەر ئاستی رێكخراوی ئۆپیك، بەدووەم گەورەترین بەرهەمێهنەری نەوت دادەنرێت و بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكانی باشووری عیراق، لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوودا، ژمارەیەكی پێوانەیی لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوت تۆمار كردبوو. توێژینەوەكەی پێگەی (ئینسایدەر مانك)ی ئەمریكی لەكاتێكدایە، كە وڵاتانی ئۆپیك و دەرەوەی رێكخراوەكە، پلانێكیان بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت داڕشتووە، بەمەبەستی رێگرتن لە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دراوی دڵـنیاكەر و تـارمـایـی داچـوونـی ئـابـووری

فەیسەل عەلی* مەترسییەكانی روودانی بێبازاڕی ئابووریی جیهانی فراوان روو لە ...