سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » جەماوەر لە نێوان بەرداشی…

جەماوەر لە نێوان بەرداشی…

جەماوەر لە نێوان بەرداشی بەرەی گەل و بەرەی زوڵم و زۆر دا

ئێستا کۆمەڵی کوردستان دوبەشە،بەرەی گەل کە لە نیو ئۆپۆزیسیۆن ـنیو حوکمدارا خۆی ئەنوێنێ، لەگەڵ بەرەی دوژمن کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانا خۆی نمایش ئەکا .یەکەم داوای تەفروتونا و کۆمەڵ کوژکردن و سڕینەوەی دوەم ئەکا ،وەک رژێمێکی دیکتاتۆری داپڵۆسێنەر ئەیناسێنێت کە ئەبێ بڕوات و لەناوبردنی کردۆتە ئەرکی سەرەکیی . یەکەم جەماوەر بەو گیانە گۆش ئەکا کە هەمیشە لە دوەم یاخی بێت ، بە تۆقێنەر و دوژمنی پلە یەک سەیری بکا و کاربکات بۆ روخاندنی و هاتنە سەرکاری گروپی یەکەم و دانانی دادگایەک وەک دادگای لاهای و دەرکردنی فەرمان و حوکمی زیندانیی تا خنکاندنیش بۆ سەرانی ئەو رژێمە کە ئەوان بە بەرەی دژ بە گەلی ئەناسێنن ،دوەمیش زۆر بە خەم ساردییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاڕاستەیەیا ئەکا نە سنورێک بۆ ئەو شێوازی ناساندنە دائەنێت نە کارێک ئەکا تا ئیدعاکانی گروپی یەکەم رەت بکاتەوە ،بەردەوام داوای رێکەوتن و دانوستان و گفتوگۆی لێ ئەکات .ئەمەش بوەتە خاڵێکی لاواز بۆ دوەم و خاڵێکی بەهێز بۆ یەکەمیان .
بەرەی گەل کلتورەکەی بریتییە لە نەفرەت کردن و ریسوا کردن و بە کۆیلە و نۆکەر و زۆربەی جاریش بە خایین سەیرکردنی هەرکەسێک کە لە ریزەکانی ئەو بەرەی دژ بەگەلەیا بێت کە بەرەی یەکەم( بە جوت حزبی دەسەڵات بنەماڵە ناوی ئەبا )،ئیدی هەرکەسێک ئەندامی یەکێک لەو دو حزبە بێت بە چاوێکی خراپ و کەم سەیر ئەکرێت تا ئەو کاتەی کە لە وسڵخانەکەی یەکەم خۆی پاک ئەکاتەوە و ئەو دەمە پسوڵەی لێبوردنەکەی سەدەکانی ناوەڕاست وەرئەگرێت و ئیتر هەرچییەکیشی کردبێت ئەبێتە هاوڵاتیی چاک و لە بەرەی گەلدا پێگەیەکی بەرزی ئەبێت .خۆم گوێم لێ نەبوە بەڵام لەزاری گەورە لێپرسراوی بەرەی گەلەوە گێڕاویانەتەوە کە بە لایەنگرەکانی وتوە هەر دەسەڵاتمان بەدەست بێت هەرچی یەکێتیی و پارتیە نان بڕاویان ئەکەین و وەک چۆن قڕەیش گەمارۆی خستە سەر محمد و هاوەڵەکانیان دەنگیان دابڕی لەگەڵ بەنی هاشم و بەنی موتەلیب (کە مامەڵەیان لەتەک نەکردن و بەشداریی هیچ خۆشیی و ناخۆشییەکیان نەکردن تا ماوەی سێ ساڵ) . بە کورتیی ئەمە کلتور و سیاسەت کردنی ئەمڕۆیە لە کوردستانا کە قین و دوبەرەکیی و دوژمنایەتیی و دەمارگیریی لێ کەوتۆتەوە ، تا دێتیش گیانی لێبوردەیی بەرەو لەناوچون سڕینەوە ئەچێت .ئەم دابەش کردنەی کۆمەڵ بەم ریتم و شێوازەی ئێستا جۆرە رق و کینەیەک دروست ئەکات کە دەستبەردار نەبون لە داوا و ویستەکانی روخانی ئەم رژێمە بەگەندەڵ و ستەمکارە ناسێنراوە رۆژ بەرۆژ قوڵتر پیرۆز ئەبن و وەک پرەنسیبەکانی ئاین و مەزهەبەکانی لێ هاتوە و دوژمنایەتییەکی قوڵی دروست کردوە بە جۆرێک بەدناوکردنی ئەم حکومەتە زۆردارە بۆتە مۆدێل و ناسنامەی نیشتمانپەروەریی و ئازایەتی و ئازادییخواهی لای ئەوانەی کە بە بەرەی گەل ئەژمار ئەکرێن .قوڕەکە بە جۆرێک بەرەو خەست بونەو ەی زیاتر ئەچێ ئەگەر چارەسەرێک نەدۆزرێتەوە نەک هەر مەودا و بوارێک بۆ لێبوردەیی متمانە بە یەکتر نامێنێت بەڵکو دوژمنایەتیی و دابڕانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیشی لێ چاوەڕوان ئەکرێت. بەداخەوە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە زیاتر لای هێزە دینییەلۆکاڵییەکان و زاڵبوە ئیسلامییەکانی ناو گروپە ئیعترازییەکانی تر لە دوای بەهاری روزەردی عەرەبییەوە داکەوت و بڵاو بوەوە چونکە ئەو هێز وکەسایەتییە دینییانە لەروانگەی ئاینەکەیانەوە ئەوەی لەگەڵیان نەبێت بە عاسی و لەرێی راست لادراو حساب ئەکرێن ، ئەبێ بگەڕێنەوە سەر ئاین و رێگەکەی ئەوان، ئەگەر نا ئەبێ لە ملیان بدرێت. ئەم کلتورە کە ئیرهابێکی فیکریی لە پشتەوەیە سەرباری ئەوەی شیرازەکانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی تێک داوە ،رێک دژی بنەماو پێناسەکانی کاری سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنە لەکاتێکا بەشی زۆری گروپی بەرەی گەل لە چەندین وێستگەدا شەریکی ئەو حوکمڕانییە بون کە ئەمڕۆ بوەتە بەرەی دژە گەل ،شەریکێکی گەورەش بون .
من نامەوێ بەرەی گەل فێر بکەم کە ئۆپۆزیسیۆن چییە و ئەرکی چییە ناشمەوێت بەرەی دیکتاتۆر هان بدەم کە سنورێک بۆ ئەو فەوزا و پاشاگەردانییە دابنێت ناسنامەی راستەقینەی خۆی ئاشکرا بکات،بەڵام ئەوەندە ئەڵێم وەک لە بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ساڵی 2013 وتبوم «هەق نییە جەماوەر بخرێتە نێو ئەو بەرداشە و سەری لێ بشێوێنرێت و هێندە دەسەڵاتیان لا دزێو و ناشرین بکرێت ،چونکە دوای هەڵبژاردن ئەگەری ئەوە هەیە ئەو گروپانە بەشداریی حوکم بکەن لەگەڵ هەمان ئەو هێزوحزبانەدا کە بە بێ بەرنامەیەکی رون هەر جنێویان پێ ئەدەن جەماوەریان لێ پڕ ئەکەن».
ئێستاش وا دومانگ لەبەردەمدایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە کوردستان ئەگەر ئەو هێزانە هەر بەو گیانی رق و کینەیەوە بێنە مەیدان، چی ئەڵێن ئەگەر بە هەمویان نەیانتوانی پێکەوە حکومەت پێک بهێنن؟! ،ئایە ئەوکاتە ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەی دوێنێ لە شەو رۆژێکا ئەگەڕێتەوە بەرەی گەل و ئەبنەوە بە شەریکی ؟! ئەی ئەگەر ئەو دو حزبە هەر بەردەوام بون لەسەر ئەو سیاسەت و هەڵسو کەوتەی کە ئەمان خەڵکیان لەسەر پڕ کردوە ؟! ئەوکاتە گروپی بەرەی گەل چی بەدەنگدەرانی ئەڵێت ؟! ،بۆیە هەقوایە بەخۆدا چونەوەیەک بکرێت وا حکومەتەکەچاو لە ئەزمونەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتانی زۆر پێشکەوتوش نا هەندێک دەوڵەتی نزیک خۆشمان ناکات ،ئەی خۆ ئەم هێزانە ئەتوانن سود لە سیاسەت و شێوازی کارکردنی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو دەوڵەتانە وەربگرن ئەو شێوازە دینیی و رەهاییە رادیکاڵییانە وازلێ بهێنن بەبەرنامە و پرۆگرامێکی واقیعی بێنە پێشەوە رەخنەی جدیی لە حکومەت بگرن نەک خەیاڵیی ناو کتێب و خۆزگەکان وخەیاڵبردنەوە بۆ فیردەوسی حیکایەتە دینیی و ئەفسانەییەکان، بەڵکو ئەمە خوایە بەو پرۆگرامە واقیعییە بتوانن حوکمڕانی بەتەنیا بگرنە دەست یان بە شەراکەت لەگەڵ حزبەکانی تردا هەرێمەکە بەڕێوە ببەن و ئیتر دەستبەرداری ئەم شەڕە جنێو و ئسلوبە ببن و جەماوەریش چیتر چەواشە نەبێت. کەسەکان لەبەر خاتری ئەوەی پێیان نەوترێت لە بەرەی گەلدانین کوێرانە دوایان نەکەون، چونکە دواترکە خەڵک بێ ئومێد بو سەیری کرد لە بەرەی گەلەکەی ئەوان هیچ ناچننەوە، ئەوسا هاوکێشەکە پێچەوانە ئەبێتەوە! ئیتر ئەبێ ئەوسا کێ لە بەرەی گەل بێ ؟!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*