خورجە

لەتیف حامید

1
ئەم خورجەیە دامنابوو لەسەر مامۆستا عەبدولكەریم شێخانی بنووسم بە دوو هۆ ئەویان نەڕەخسا ، یەكەم هێژا سابیر ڕەشید
« ئینسكلۆ پیدیای لەتیف حامید بەرزنجی « چیرۆكنووسی بۆ ناردم كە شیاوی ئەوەیە قسەیەكی لە سەر بكرێت با لەم بارودۆخەدا كورتیش بێت ، دووهەم داوای چامەیەكی زۆر نایابی مامۆستاشێخانیم كرد كە بۆ هاوسەری كۆچكردووی نووسیویەتی ، تا بۆم بنێرێ‌ و تێكەڵی گۆشەكەی كەم نەگەیشت بە ئومێدی مانی ئێمەو گۆشەی دادێ‌ ، راستی من زۆر جار بیر دەكەمەوە ئەو گۆشەیە بكەمە رۆژانە ، دوایە خۆم بە خۆم دەڵێم برالە ئەتویەكی غەوارە و گۆشەی رۆژانە كوجا مەرحەبا ، كێ‌ دەڵێت سبەی لە تەك سەفەری سەرنووسەردا بە لایەكدا گۆشەكەش گۆشاو گۆش سەری لە ملی جیانابێتەوە ، هەرچەندە تا ئەوڕۆ كەس لە ڕوو « بە ئەلفازی نەگوتوم خۆكردیە خۆكوردیە « .
2
لەتیف حامید بەرزنجی نوێكار» بگۆڕو نوێكەرەوە» ی چیرۆكی كوردیە ، هەڵبەت بە باقەیەك چیرۆكی زۆر كەمەوە ، سابیر ڕەشید ئەركێكی گەورەی كێشاوە بەوەی لە دوو توێی نزیك بە 700 ڕووپەڕدا هەرچی لەبارەی لەتیف حامیدەوە نوسراوەو خۆی چی نووسیوە كۆی كردونەوەو ئەكادیمیای كوردیش ئەگەر بە تیراژی كەمیش بێت بۆی چاپاندووە ، چاپاندووە ، یان لە چاپداوە ،وەك قرتاندووە ، یان وەشاندووە، كتێبەكە بۆ كتێبخانەی كوردی بۆ توێژەرانی كورد بۆ فێرخوازانی ئەدەب و وێژەی كوردی بایەخی خۆی هەیە ، چی تر كەس ماندوو نابێت بۆ ئەوەی بە دوو بەرهەمەكانی لەتیف حامیدا بگەڕێ‌ ، ئەوە ئینسكلۆپیدیاكەو ئەوەش بەرهەمی شەونخونی و ماندوو بوونی سابیر ڕەشید .
3
لە تیف حامید چیرۆكنوسێكی ناوازەو داهێنەرێكی بێوێنەی چیرۆكی كوردی بووە ، ئەو شێوازو ناوەڕۆكی تایبەت بە خۆی هەبووە لە بواری چیرۆكنووسیدا ، مرۆڤ پێویستی بە هەڵوەستەو ڕامانی قوڵە بۆ ئەوەی لە كورتە چیرۆكەكانی بگات ، جێی داخە ئەو هێندە نەژیا بەرهەمی جیاوازی دیكەمان پێشكەش بكات ، لە تەك چیرۆكنووسیدا لە بارەی شیعرو چیرۆكیشەوە قسەی خۆی هەبووە و راو سەرنجی خۆی نووسیوە ، دەربارەی چیرۆك و شێوازی نوسینی چیرۆك و دەبێت چیرۆك چۆن بێت زۆر زانیاری كورت و پوختمان بۆ دەنوسێت ، هەڵبەت هێشتا كۆن نەبوونە ، لە گەڵ ئەوەشدا شیعریشی نووسیوە و شیعریشی وەرگێڕاوە ، بە عەرەبیش شیعری هەیە لە شیعرێكدا دەڵێت :
شاڵاوی لاڕەشەو داستان
سەوزە گیای بە هاری هۆش
درەو ئەكات
ئینسكلۆ پیدیاكە دیاریەكی دیكەیە بۆ كتێبخانەی كوردی و سابیر ڕەشیدیش هەمیشە قەڵەمی لە كاردا بێت .

 278 جار بینراوە