سەرەکی » مانشێت » تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا نەكراوە

یەكێتی‌ و پارتی:

تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا نەكراوە

دوێنێ، دوای كۆبوونەوەی وەفدی باڵای یەكێتی‌و پارتی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی هاوبەشدا، سەرەتا، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی، رایگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا لەسەر چەند بابەتێك گفتوگۆكرا، بابەتی یەكەم لەداهاتوویەكی نزیكدا رۆژی هەینی داهاتوو وەفد بڕوات بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكان بەردەوامبن‌و ئێستاش پاش ئەوەی ئەنجامەكان لەدادگای فیدراڵیی دەرچوو، سەرۆك كۆماریش بۆ كۆبوونەوەی یەكەمی پەرلەمان 3/9ی راگەیاند، پێویستە وەفدمان هەبێ لەبەغدا‌و بەردەوام لەگەڵ لایەنەكانی تر گفتوگۆ بكات.
روونیشیكردەوە: زۆرجار هەوڵدەدرێت بەهەڵە هەڵوێستی پارتی‌و یەكێتی بگوازرێتەوە بەوەی كە ئیمزاو رێككەوتن لەگەڵ ئەم میحوەرو ئەو میحوەر كراوەو وای بڵاودەكەنەوە، كە تا ئەم ساتەوەختەش لەگەڵ هیچ میحوەرێك هیچ شتێكمان ئیمزانەكردووە‌و لەداهاتوودا پاش تاوتوێكردنی ئەو بەرنامەیەی ئێمە لەگەڵ میحوەرەكان، كام میحوەر لەهەموویان نزیكتر بوو لەبۆچوونەكانی ئێمە‌و رێزی لەئیرادەی خەڵكی كوردستان گرت، ئەو میحوەرە نزیكترینە لەئێمە. وتیشی: مەسەلەی دووەم كە باسمان كرد، مەسەلەی ئاشتەوایی ناوماڵی كورد‌و یەكڕیزیی بوو لەكوردستان، چۆن ئێمە لەعیراق داوای یەكڕیزیی دەكەین، پێشتر دەبێ یەكڕیزیی خۆمان هەوڵی بۆ بدەین‌و لەچەند رۆژی رابردوودا ئەو هەوڵانەی كە هەبوون لە (12/5)ەوە كە لایەنە كوردستانییەكان پێویستە كۆببنەوە بۆ ئامادەكردنی وەرەقەیەك، ئەو پڕۆژەیەی لەلایەن یەكێتی‌و پارتییەوە ئامادەكراوە، وتمان با لایەنەكانی تری كوردستانی كە پێشتر بە بەهانەی ئەوەی سكاڵاكانیان یەكلانەبۆتەوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، بێن گفتوگۆ بكەین لەسەر ئەو پڕۆژەیە‌و دەتوانین ئەو پڕۆژەیە دەوڵەمەند بكەین، هەروەها بتوانن بەشداریی بكەن لەو وەفدانەی دەڕۆن بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆ.
ئاماژەی بەوەشكرد: یەكێتی چەند رۆژێكە كەوتۆتە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان، بەتایبەتی لەگەڵ گۆڕان‌و هاوپەیمانی، دوێنێش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی‌و ئەمڕۆش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبێتەوە. وتیشی: بابەتی سێیەم مەسەلەی كەركوك بوو، بارودۆخێكی ئاڵۆز هەیە لەكەركوك‌و كەركوك میحوەرێكی ئەساسییە لەگرنگیپێدانی ئێمەو ئەولەویەتی خۆی هەیە، بۆیە بڕیارماندا هەرچی زووە ئەو وەفدەی پێویستە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك، بۆ چارەسەری كێشەكانی كەركوك بكەونە قۆناغی عەمەلی‌و یەكێتی نوێنەری خۆی بۆ ئەو بابەتە دەستنیشان كردووە، پارتیش نوێنەری خۆی ئامادە دەكات.
راشیگەیاند: ئێمە پێمانوایە بارودۆخ لەهەرێمی كوردستان ئەو دۆخەی كە هەیە، پێویستە خۆمان بپارێزین‌و پاراستنی ئەزموونەكەی خۆمان زۆر باشترە لەوەی هەوڵی ئەوە بدەین موجازەفە بەپاشەڕۆژی میللەتەكەمانەوە بكەین، ئێمە نوێنەری قەزیەیەكین.
سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، وتی: تا ئەم ساتەوەختەش 30/9ی داهاتوو وادەی هەڵبژاردنەو هیچ گۆڕانكارییەك رووینەداوە.
هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی، رایگەیاند: پارتی‌و یەكێتی هەوڵدەدەن هەموو لایەنە كوردستانییەكان بەیەكڕیزیی بچنە بەغدا‌و دەرگاشیان بۆ گفتوگۆ كراوەیە، بۆ تاوتوێكردنی ئەو پڕۆژەیەی پارتی‌و یەكێتی بۆ چوونە بەغدا ئامادەیان كردووە. دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش وتی: هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نەهاتووە.

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*