سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەڵمانیا مەترسی دروستبوونی جەنگی ناوخۆی هەیە

کوژرانی ئەڵمانییەک ئاژاوەیەکی گەورەی ناوەتەوە

ئەڵمانیا مەترسی دروستبوونی جەنگی ناوخۆی هەیە

سەرەتای هەفتەی ڕابردو لە کاتی بەڕێوەچوونی ڤێستیڤاڵێکی شاری «کیمنتس» لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، لە نێوان چەند کەسێکی بیانیدا دەمەقاڵە دروست بوەو لە ئەنجامدا هاوڵاتیەکی ئەڵمانی تەمەن ٣٥ ساڵ بەچەقۆ کوژراوە و دووکەسی تریش بەسەختی برینداربوون، دادگای بەرایی شارەکە بڵاویکردەوە، رۆژێک لە دوای کوشتنی ئەو ئەڵمانە، دوو گەنجی بیانی کە سوری و عیراقیەک بوون دەستگیراکراون و داواکاری گشتی تۆمەتی کوشتنی ئەو ئەڵمانیەی خستونەتە ئەستۆیان. ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی ئاژاوەیەکی گەورە لەو شارەو ترسیش هەیە بۆ شارەکانی تری ئەڵمانیا بگوێزرێتەوە. ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیاش ئیدانەی ئەو کارانەی کرد.

خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەورە
بە هۆی ئەو ڕووداوەوە شاری «کیمنتس»ی ئەڵمانیا بووە پانتایی خۆپیشاندانی ناڕەزایی گەورە لە دژی هەڵکوتانە سەر هاوڵاتیانی ئەڵمان و گۆڕینی کولتورو دابو نەریتی ئەو کۆمەڵگەیە لە لایەن خەڵکانی بیانیەوە، کە لایەنگرانی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا « ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا» بەڕێوەیان دەبردو لە لایەکی تریش و خۆپیشاندانی پێچەوانە لە دژی ڕاستڕەوەکان بەڕێوەچوو کە لەلایەن پارتی چەپی ئەڵمانی چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنیەوە ڕێکخراوبون.

راستڕەوەکان پەلاماری خەڵکی بێگانە دەدەن
بۆیە لەمڕۆژانە ئەو شارە بووە گۆڕەپانی دوژمنداری نێوان ئەو دوو ئاڕاستەیە و ئەو خۆپیشاندانانە کاری نەرێنی کردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و هاتوچۆی شارەکەی پەک خستوەو گرژی و ئاڵۆزیەکی و مەترسیەکی زۆری خستۆتەسەر گیانی هاوڵاتیان و بگرە شەڕو پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی هەردوو لا دروست بوەو ٦ کەس بریندار بون، ڕاستڕەوەکان دوور لە چاوی پۆلیسەوە ئازاری ژمارەیەک کۆچبەر و پەنابەر و خەڵکی بیانیان داوە، پۆلیسی شارەکە ئاشکرایکردوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانیە نزیکەی ١٠٠ کەس ئەو ڕاستڕەوانە بە دەمامک ودەمو چاوی شاراوەوە هاتونەتە مەیدان و بەداروبەردو ڕوبەڕوی خەڵک و پۆلیس دەبنەوەو سڵاوی هیتلەریش دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ پەرستنی نازیەت و ستایشکردنی ڕۆڵی هیتلەر.

حکومەتی ئەڵمانیا ئیدانەی کرد
حکومەتی ئەڵمانیا بە توندی ئیدانەی هەر دەستدرێژیەکی کرد کە بکرێتە سەر بیانیەکانی ئەم شارە، «شتیفان زایبرت» وتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند: نیگەرانی خۆی دەربڕی بەوەی کە لەو شارە لە دژی میللەتە بێگانەکان ڕویداوە و ووتی: ئەوە لە دەوڵەتی یاسا و قانون دا ناوەشێتەوەو قەبوڵ ناکرێت.

مێرکل ئیدانەی کرد
لەپاش رووداوەکان ئەنجیلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا، بەتوندی ئیدانەی ئەو کارانەی کرد و رایگەیاند: ئەو جۆرە کارانە لە ناو دەوڵەتی یاسادا جێگەی نابێتەوە. راشیگەیاند: وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵی، پۆلیس و هێزی ئەمنی زیاتر بۆ ئەو شارە دەنێرێت، تاوەکو پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی گشتی بکەن.

چەپ و سەوزەکان داوای پاراستنی بێگانەکان دەکەن
لەلایەکی ترەوە نێوەندی سیاسی ئەڵمانیا شپرزەبوە لەوەی نەبادا ئەو گرژی و ئاڵۆزیانە بپەڕنەوە شارەکانی تر و جەنگی ناوخۆ لە لایەکەوە دروست ببێت،بۆیە بەرپرسانی پارتەکانی دەسەڵات و سەوز و چەپەکان داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەن کە بە توندترین شێوە وەڵامی ئەو نازیانە بدرێتەوە و نەهێڵن ئەو ڕەوشە نالەبارە بەسەر هەرێمەکانی تریشدا گشتگیربکرێت.

کاردانەوەی لەناو میدیای ئەڵمانیادا
لەمڕۆژانە میدیای ئەڵمانیاش بەخەستی ڕووماڵی ئەو بارە شڵەژاوە دەکاو بە گشتی ڕەخنەی توند لەو ڕاستڕەوانە دەگرن کە دەیانەوێت باری ئەمنی ناوخۆی ئەڵمانیا تێک بدەن و بەرنامەی خۆیان بە زۆری بسەپێنن، ڕۆژنامەی « ڤۆلکسشتیمە» ی نوسیویەتی: لە کوژرانی ئەو کەسە دەبێت یاسا توندترین سزای تاوانباران بدات بەڵام قۆستنەوەی ئەو ڕووداوە بۆ تێکدانی یەکریزی کۆمەڵگە و تێکدانی شیرازەکەیەتی، ئەمەش تاوانێکە و دەبێت خەڵکی شاری»کێمنتس» ڕیگا نەددەن ئەو گروپە ڕاستڕەوە بە ناوی کۆی گشتی خەڵکەکە لێدوان بددەن و دەبێت هەڵوێتسیان لەو ڕەوشە هەبێ و ڕووبەڕویان ببنەوە.

پارێزگاری لە سەروەری یاسا
رۆژنامەی « شڤیبیشەزایتۆنگ» ی لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: ئەوەی پێی وانیە دیموکراسیەت لەمەترسیدا نییە با سەیری ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بکات کە تیایدا دەبیندرێ ئەو ڕاستڕەوانە چۆن ڕەفتار لەگەڵ بێگانەکان دەکەن. هەروەها ڕۆژنامەی» نۆیە ئۆسنەبرۆکە زایتۆنگ» یش بەهەمان شێوە پێی وایە لە ڕەگەزنامەی ئەو قوربانیەی کە لەو شارە بە دەستی دوو تاوانبار کوژرا نابێت ببێتە هۆی شڵەژانی باری ناوخۆ و سەروەری یاسا.

دەبێت رێگە لە تاوانەکانی نازییەکان بگیرێت
ڕۆژنامەی بەربڵاوی «بێلد» ڕۆژانە دوو سێ راپۆرت لەسەر ئەو شارە و ڕووداوەکان بڵاودەکاتەوەو لە یەکێکیاندا دەڵێت: لە تۆڵەی ئەو هاوڵاتیەدا نازیەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و دەستور بە بەرچاوی خەڵک و میدیاوە بیانیەکان ئازار دەدەن و دیمەنێکی ناشایستە و ناشارستانی نیشان دەدەن، دەوڵەتی یاسا نابێت لێ بگەڕێت ئەو ڕەوشە بەردەوام بێت و دەروازەکانین لەبەردەم بکاتەوە.

داوادەکرێت هاوڵاتییان رووبەروی نازییەکان بوەستنەوە

کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی وەک کەناڵی ١ و ٢ ی فەرمی حکومەت وئێن ئاڕ تی و تاگیشەو و ئەوانی تریش، دیمەنە نەخوازراوەکانی نازیەکان و ڕەفتارەکانیان لەو شارە بۆ رای گشتی دەگوازنەوەو خەڵکی ووریادەکەنەوە لە تێوەگلانیان لەگەڵ ئەو گروپانەو داوا لەحکومەتیش دەکەن کە بەتوندی رووبەڕویان ببنەوە.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

print

 45 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*