سەرەکی » وتار » هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ حه‌مه‌ جه‌زا

له‌ هه‌شته‌مین ساڵیادی

هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ حه‌مه‌ جه‌زا

عەبدولواحید ئیدریس

له‌به‌رز ڕاگرتنی هه‌شته‌مین ساڵیادی حه‌مه‌ جه‌زای نه‌مر, به‌ پێویستم زانی گه‌وره‌یی حه‌مه‌ جه‌زا له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شیعرانه‌ی كردوونی به‌ گۆرانی و مه‌قام و سروود بخه‌مه‌ ڕوو, ڕاسته‌ ئه‌و شیعرانه‌ شاعیری ناسراو و گه‌وره‌ و خاوه‌ن ئه‌زموون دایناون , به‌ڵام ئه‌وه‌ حه‌مه‌ جه‌زایه‌ له‌ دوو توێی دیوان و گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان ده‌ریهێناون و به‌ چریكه‌ی و ئاوازی به‌سۆزی باڵی به‌خشیون و به‌ سه‌رتاپای كوردستانی ئاشناكردوون و هه‌ندێكیان بوون به‌ وێردی سه‌ر زاری ڕێبوارانی ڕێی ئازادی كوردستان , هێمن موكریانی یه‌كێك له‌و شاعیرانه‌ی حه‌مه‌ جه‌زا زۆرترین شیعری ئه‌و شاعیره‌ی كردووه‌ به‌ مه‌قام و گۆرانی و سروود وه‌ك (عه‌شق و ئازادی, شه‌نگه‌ بێری, موو ناپسێنم, ناڵه‌ی جودایی, ڕێژنه‌, سنوور, چاویلكه‌, گلێنه‌ی شاعیر, ئامێزی ژن, مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌ف, بۆسه‌ی ڕۆژگار, چاره‌نووس, ڕقی پیرۆز, خاك) هه‌موو ئه‌و شعرانه‌ی مام هێمن كه‌ پڕن له‌ عه‌شقی نیشتیمان و هه‌ڵوێستی به‌ره‌نگاری دژ به‌ داگیركه‌ران و ئاوێته‌ كردنیان به‌ عه‌شقی ژن و جوانی ژن , كه‌ ڕیالیزم و ڕۆمانیزم ئاوێزانن, له‌ قۆناغێكی سه‌ختی خه‌بات و ژیانی تژی سته‌م له‌ كوردستانی باشور, ئه‌و شیعرانه‌ به‌ ئاوازی پڕ له‌ جۆش و خرۆشی حه‌مه‌ جه‌زا ئۆخژنێك بوو بۆ راماڵینی تارمایی ڕۆژه‌ تاریك و شه‌وه‌ پڕ سامه‌كان, كه‌ ژیانیان له‌ خه‌ڵك كردبوو به‌ مه‌رگستان چه‌ند كۆپله‌یه‌ك له‌و شیعرانه‌:

((هه‌تاكو دوا پشوو ڕێبواری ڕێگای عه‌شق و ئازادیم
ئه‌گه‌ر بێجگه‌ له‌ ناكامیش نه‌بینم به‌رهه‌مێكی تر))
((بۆت نووسیوم بۆت بنوسم ئه‌من چیم
دوندی قه‌ندیل گۆڕه‌پانی هه‌ڵگورد نیم
به‌ره‌و به‌رزای ده‌چم گه‌رچی وردم
خاكی به‌ر پێی تێكۆشه‌رێكی كوردم ))
((هه‌ر بینا دیت ڕمی كۆشكی زۆرداری
گه‌یشتینه‌ لوتكه‌ی چیای ڕزگاری))
((زۆری نه‌ماوه‌ بێته‌ به‌ر نه‌مامی هه‌وڵ و خه‌باتم
له‌ داگیركه‌ر پاك بێته‌وه‌ خاكی پیرۆزی وڵاتم))


ئه‌و چوار نموونه‌ی هه‌ریكه‌ی دێڕێكمان خسته‌ به‌رچاو, گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ئه‌و وشانه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌م (كۆتای حه‌فتاكان و سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م) پێشه‌نگ و هه‌وێنی جۆشدانی خه‌ڵكی شۆڕشگیر بوون بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سته‌م و زۆرداری داگیركه‌رانی كوردستان, ژن له‌ فه‌رهه‌نگی شیعره‌كانی هێمن دا, گرنگی زۆری پێدراوه‌ وه‌ك مرۆڤ , وه‌ك ڕه‌گه‌زی مێ, وه‌ك جوانیه‌كانی ژن, به‌ڵام لای هێمن ئازادی له‌ ژن پیرۆزتره‌ چونكه‌ له‌ سێبه‌ری سته‌می داگیركه‌رو خوێنڕێژن,جوانیه‌كانی ژنیش ده‌شێوێ و ژنیش له‌ناو ئاگری ئه‌و سته‌مه‌ زیاتر ده‌سوتێ‌, به‌ڵام ئازادی و ژن ئاوێزانن ژیان نه‌ بێ ئازادی چێژی هه‌یه‌, نه‌بێ ژن ژیان ده‌گوزه‌رێ, ئه‌وه‌تا پڕ به‌هه‌ست و ده‌نگی به‌ عاله‌می ڕاده‌گه‌یه‌نێ.
چه‌ند نموونه‌یه‌ك: ((ڕاسته‌ تۆ جوانی, له‌ باری, نازداری, شۆخی, نه‌شمیلی

كوڵمت گه‌شترن له‌ گوڵ و خاڵت ره‌شترن له‌ زیلی
جیابونه‌وه‌ت ده‌رده‌, به‌ڵام تۆش ده‌زانی تامی نییه‌
ژوان و شه‌و ڕاو و دڵداری, ڕاز و نیازی به‌دیلی))
((به‌ڵێ‌ سه‌خته‌ یه‌كجار سه‌خته‌
دووری له‌ژن, نا مورادی
به‌ڵام له‌ ژن خۆشه‌ویستر
له‌لای من ئه‌تۆی ئازادی))
((هه‌تا چارشێو به‌سه‌ر تۆوه‌ ده‌بینم نازه‌نینی كورد
به‌سه‌ر بیلبیله‌ی چاوی من ده‌كشێ ته‌مێكی تر))
((ئه‌سیری بسكی ئاڵۆزی كچه‌ كوردێكی نه‌شمیلم
ته‌ماشاكه‌ن چ سه‌یرێكه‌ به‌ده‌ستی دیلەوه‌ دیلم))
((وامن پێشمه‌رگه‌م ده‌جه‌نگم بۆ وڵاتێ له‌ تۆ شیرنتر
نه‌م ده‌دا به‌ ته‌ختی شای , ده‌نا به‌رده‌بێری شوانی))


پێم وایه‌ ئه‌م نموونانه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ مام هێمن و حه‌مه‌ جه‌زا ته‌واو كه‌ری یه‌كتر بوونه‌, له‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ی ژیانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری, كه‌ ئه‌ویان به‌ وشه‌ تژی هه‌ڵوێست و په‌یامه‌كانی وه‌ك شاعیرێكی شۆڕشگێر پێشه‌نگی كاروانی ڕێی دوربێت و, حه‌مه‌ جه‌زاش به‌ چریكه‌ ناخ هه‌ژێنه‌كانی ئه‌و وشه‌ بڵێسه‌دارانه‌ بكاته‌ پشكۆی نه‌به‌زین و چۆكدانه‌دان, له‌ ئاست دوژمنانی گه‌ل و خاكه‌كه‌ی .
له‌ چاوپێكه‌وتنێكی نوسه‌ر و وه‌رگێڕی ناسراو مامۆستا عبدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌, له‌ پێناسه‌یه‌كی حه‌مه‌ جه‌زادا وتی: (ئه‌و هونه‌رمه‌ندێكه‌ ده‌زانێ چی ده‌ڵێت) مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو, حه‌مه‌ جه‌زا گۆرانی و سروود و مه‌قامه‌كانی په‌یامن و ئه‌و ده‌زانی له‌ چ كاتێك چی ده‌ڵێت و چی پێویسته‌ بڵێتن تا له‌ گه‌له‌كه‌ی دانه‌بڕێت, له‌ ناو خه‌م و ژانه‌كانیان بتوێته‌وه‌ و ده‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بێت, نموونه‌ی حه‌مه‌ جه‌زاكان كه‌من, چونكه‌ ژیانی حه‌مه‌ جه‌زا پڕ بوو له‌ هه‌ڵوێست و هونه‌ری به‌رنگاری, ئه‌م جۆره‌ به‌رهه‌م به‌خشین و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌, پێویستی به‌ له‌ خۆبردن و قوربانییه‌, هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكیش ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی تێدا نه‌بوو باكی به‌ گیان و ژیانی خۆی نه‌بێ له‌ پێناوی ئازادی گه‌لدا , بۆیه‌ حه‌مه‌ جه‌زا بۆ خۆی به‌شێكی دره‌وشاوه‌ی مێژووی هونه‌ری شۆڕشگێڕانه‌یه‌ و هه‌میشه‌ یادی گه‌شاوه‌یه‌ .

print

 141 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*