سەرەکی » راپۆرت » یەكێتی: یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتی نوێ

یەكێتی: یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتی نوێ

دوێنێ لە بەغدا، لەمیانی كۆبوونەوەیەكی وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، گفتوگۆیان كرد لەبارەی پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار.
لەوبارەیەوە، د.جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە SNNی راگەیاندووە كە وەفدی باڵای یەكێتی، لەگەڵ زۆربەی هێزو لایەنە عیراقییەكان كۆبوونەوە، كە دانیشتنەكان هەموویان ئەرێنی بوون‌و زۆربەی زۆری هێزەكان، پشتیوانی لەكاندیدی یەكێتی دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، وتیشی: د.بەرهەم ساڵح، چانسی باشی هەیە، بەڵام ئەوەش دەنگدان‌و پرۆسەیەكی دیموكراسییە‌و دەكەوێتەوە سەر دەنگی پەرلەمانتاران. وتیشی: پۆستی سەرۆك كۆمار، ئیستحقاقی یەكێتییە.
لەوبارەیەشەوە، PUKmedia لەزاری د.میران محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، ئەوەی بڵاوكردۆتەوە كە»لەكۆبوونەوەكەماندا لەگەڵ وەفدی باڵای یەكێتی، گفتوگۆمان لەسەر ئەو دیدارو كۆبوونەوانە كرد كە وەك وەفدی باڵای یەكێتی‌و فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەنجاممانداوە لەگەڵ حزب‌و لایەنە سیاسییەكان‌و كەسایەتییە باڵاكانی عیراق بەمەبەستی سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، كە د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە».
ئەوەشی خستۆتەروو كە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەو هەوڵانەمان كرد كە وەك نوێنەرانی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق‌و وەفدەكانی یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تری عیراق دراون بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لەعیراقداو هەروەها پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق‌و وتیشی: كۆبوونەوەی نوێنەرانی یەكێتی لەبەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تری عیراق‌و لایەنە كوردییەكان بەردەوام دەبێت، كە تایبەت دەبن بەپشكی كورد لەحكومەتی نوێی عیراق‌و مەسەلەی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار.
لەلایەكی دیكەوەو هەر دوێنێ، لەكۆنگرەیەكی رۆنامەنووسیدا، فراكسیۆنی یەكێتی لەهۆڵی پەرلەمانی عیراق داوای لەنوێنەرانی سەرجەم فراكسیۆن‌و كەسایەتی‌و سەربەخۆكان كرد، دەنگ بە د.بەرهەم ساڵح بدەن وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، كە پشكی كوردەو لەناو كوردیشدا ماف‌و ئیستحقاقی یەكێتی-یە.

 41 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*