سەرەکی » دۆسێ » پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن گۆڕانكارییان بەسەردادێت

پەیوەندی بە ئازادكردنی قەشە برانۆستەوە هەیە

پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن گۆڕانكارییان بەسەردادێت

دادوەریی توركیا قەشە ئەندرۆ برانسۆنی ئەمریكایی ئازاد دەكات، ئەم هەنگاوەش لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە بە هەنگاوێكی ئەرێنی دادەنرێت و وەك سەرەتایەكیش بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە وەسف دەكرێت.
سەرلەئێوارەی 13ی تشرینی یەكەمی 2018، دادوەریی توركیا قەشە ئەمریكاییەكەی ئازادكرد، ئەمەش دوای دوو ساڵ لە زیندانی و نیشتەجێی زۆرەملێ‌ لەو وڵاتە كە تۆمەتی چالاكی «تیرۆریستی» و «سیخوڕی» رووبەڕبووكرابۆوە.
دەستبەسەركردنی قەشە ئەمریكاییەكە لەلایەن توركیاوە، تەنگژەیەكی گەورەی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا دروست كرد، بە جۆرێك كە ئەمریكا ژمارەیەك كۆتوپێوەندی بەسەر توركیادا سەپاند، ئەمەش لەماوەیەكی زۆر كورتدا، بووە مایەی داڕمانی بەهای لیرەی توركی و دەركەوتنی كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابوری وڵاتەكە.
لەگەڵ ئازادكردنی ئازادكردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن، بە گوتەی بەرپرسانی باڵای ئەمریكا و توركیا، پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە ئاسایی دەبنەوە، و بگرە هەنگاو بەرەو قۆناغێكی ئەرێنێ‌ نوێ‌ هەڵدەنێن.

هەڵوێستی پێشووی توركیا
دادگایەكی توركیا لە كۆتایی مانگی تەمموزی 2018 ، رەتیكردبۆوە سزای نیشتەجێكردنی زۆرەملێ‌ لەسەر قەشە ئەمریكاییەكە هەڵبگرێت كە تۆمەتبار بوو بە چالاكی «تیرۆریستی» و «سیخوڕی»، ئەمەش بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵ.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لەو دەمەدا چەند جارێك داوای ئازادكردنی قەشە برانسۆنی كردبوو، تا ئەو ئاستەی هەڕەشەی سەپاندنی سزای كردبوو بەسەر توركیادا، لەهەمان كاتدا ئەنقەرە وەڵامی گرتنەبەری رێوشوێنی پێچەوانەی كردبوو گەر واشنتۆن سزاكان لە دژی وڵاتەكەی بەكاربهێنێت.
ئاژانسی دەنگوباسی «ئەنادۆڵ»ی حكومەتی توركیا رایگەیاندبوو، دادوەریی لە 31ی تەمموزی 2018، رەتیكردۆتەوە نیشتەجێكردنی زۆرەملێ‌ لەسەر ئەندرۆ برانسۆن هەڵبگرێت كە لەلایەن ئەنقەرەوە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی «چالاكی تیرۆریستی».
پارێزەرەكەی برانسۆن داوای كردبوو قەشە ئەمریكاییەكە ئازادبكرێت و رێگەی پێبدرێت خاكی توركیا بەجێبهێڵێت، بەڵام دادگای ئەزمیر، وەك ئاژانسی «ئەنادۆڵ» ئاماژەی پێكردبوو، داواكارییەكەی رەتكردبۆوە.
لە 25ی تەمموزی رابردوو، نیشتەجێی زۆرەملێ‌ بەسەر برانسۆندا سەپێنرا، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ نزیكەی دوو ساڵە زیندانی كرا، پاش ئەوەی لە تشرینی یەكەمی 2016 دەستگیركرا لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی كە ئەنقەرە لەژێر ناوی پاككردنەوەدا لەپاش كودەتا شكستخواردووەكەی تەمموزی 2016، دەستیپێكردبوو.
دەسەڵاتدارانی توركیا «برانسۆن»یان بە كاركردن بۆ تۆڕێكی سەر بە فەتحوڵڵا گیولەن بانگخوازی توركی كە لەلایەن ئەنقەرەوە بە تێوەگلان لە كودەتا شكستخواردووەكە و پشتیوانیكردن لە كورد، تۆمەتبار دەكرد.

دروستبوونی تەنگژەكان
كێشەكەی قەشە برانسۆن بووە مایەی دروستكردنی تەنگژە لەنێوان توركیا و ولایەتە یەكگرتووەكان، بە تایبەت دوای ئەوەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ چەند جارێك داوای ئازادكردنی كردبوو، وێڕای هەڕەشەی سەپاندنی سزاكانی وڵاتەكەی لەدژی توركیا. لەبەرانبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاندبوو» ئەمریكا ناتوانێت توركیا ناچار بكات مل بۆ سزاكانی دابدات».
هەر لەو دەمەدا ئیبراهیم قالن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاندبوو»هەڕەشەكانی ئەمریكا بە تەواوەتی رەتدەكرێنەوە، گەر ولایەتە یەكگرتووەكانیش ئەو هەڕەشانەی جێبەجێ‌ بكات بۆ سەپاندنی سزاكانی، ئەنقەرە وەڵامدانەوەی دەبێت و رێوشوێنی پێچەوانە دەگرێتەبەر».
قالن وردەكاریی زیاتری لەو بارەیەوە نەخستبووەڕوو، بەڵام بەپێویستی زانیبوو تەنگژەكانی ئێستای نێوان هەردوو وڵات، كاریگەریی لەسەر ئەو دەورویانە دروست نەكەن كە هێزەكانی توركیا و ئەمریكا بە هاوبەشی لە شاری منبەجی باكووری سوریا ئەنجامی دەدەن.
لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژی سەرۆكایەی كۆماری توركیا رایگەیاندبوو، هەڕەشەكانی ئەمریكا مایەی قبوڵكردن نییە.
بەهۆی دەستگیركردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆنی ئەمریكایی لەلایەن توركیاوە، پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاڵۆزی تێكەوت، بەشێوەیەك توركیا هۆشداری دابووە ئەمریكا سەبارەت بەوەی رێكەوتنەكانی نێوانیان لە لێواری هەڵوەشانەوەدان.
ئاژانسی «ئانادۆڵ» لە زاری ، ئیبراهیم قاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بڵاویكردبۆوە، توركیا وڵاتێك نییە بەئاسانی لەبەرچاوان ون ببێت، با هەموو كەسێك بزانێت، و با “F-35”ی نەبێت یاخود سیستمی بەرگری ئاسمانی ، توركیا وڵاتێك نییە نەتوانێت جیگرەوە بدۆزێتەوە.
لەو دەمەدا قالن رایگەیاندبوو» با هەموو لایەك رێز لە قۆناغی دادگایی كردنی قەشە برانسۆن بگرن كە هێشتا بەردەوامە».

هەڵوێستی ئەمریكا
بەهۆی دەستبەسەركردنی قەشە برانسۆن كە قەشەیەكی ئەمریكاییە لەلایەن توركیاوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، هەڕەشەی سەپاندنی سزاكانی بەسەر ئەنقەرەدا كردبوو.
لە 27ی تەمموزی 2018، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی «تویتەر» رایگەیاندبوو، ولایەتە یەكگرتووەكان لێپێچینەوە لەگەڵ توركیا دەكات سەبارەت ئەوەی كە برانسۆنی بۆ ماوەیەكی زۆرە دەستبەسەركردووە، قەشە ئەمریكاییەكەشی بە «مەسییحییەكی مەزن و مرۆڤێكی گەورە»وەسفكردبوو.
سەرۆكی ئەمریكا لە تویتەكەیدا داوای لە ئەنقەرە كردبوو، دەستبەجێ‌ قەشە برانسۆن ئازاد بكات كە بە»پیاوێكی بێتاوان و خاوەن ئیمان» لەقەڵەمیدابوو.
ئاندرۆ برانسۆن قەشەیەكی ئەمریكاییە و نزیكەی دوو ساڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوكاری بزووتنەوەكەی فەتحوڵڵا گیولەن دەستگیركرابوو، داواش كرابوو سزای زیندانی 35 ساڵی بەسەریدا بسەپێنرێت.
برانسۆن لەم ماوەیەی پێشوودا بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی، لە زیندانی گشتییەوە گواسترابۆوە بۆ ماڵەكەی و لەژێر چاودی هێزە ئەمنییەكانی توركیادا بوو.

ناكۆكییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن
وێڕای ناكۆكییەكان لەسەر قەشە برانسۆن كە لەم ماوەیەدا بەشێوەیەكی زەق لە میدیاكاندا رەنگیدایەوە، چەندان دۆسێ‌ هەن كە بونەتە مایەی لەیەكتردوورخستنەوەی توركیا و ئەمریكا، دەركەوتووترینییان، پشتیوانی واشنتۆنە لە یەكینەكانی پاراستی گەلی كورد «یەپەگە» كە شەڕ لە دژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی «داعش» دەكات، لەگەڵ رەتكردنەوەی دادوەریی ئەمریكایی بۆ رادەستكردنی فەتحوڵڵا گیولەنی بانگخوازی توركی كە ئێستا لە بنسلڤانیا نیشتەجێیە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، نزیكبوونەوەی ئەم دواییەی ئەنقەرە لە مۆسكۆ لەڕووی هەماهەنگی سەربازی، ئەمریكاییەكانی توڕەكردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی توركیا گرێبەستی كڕینی سیستمی بەرگری (ئێس-400)ی لەگەڵ كرملیندا ئیمزاكرد.

ترەمپ ئاماژە بە قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكان دەكات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای كرد كە «یاریدەدەر بوو» لە ئازادكردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن، ئەمەش دوای ئەوەی سەرلەئێوارەی رۆژی 13ی تشرینی یەكەمی 2018 بە فڕۆكەیەك بەرەو ئەڵمانیا و پاشان بەرەو ولایەتەیە یەكگرتووەكان بەڕێكەوت و دواتر لەیەن ترەمپەوە لە كۆشكی سپی بەشێوەیەكی فەرمی پێشوازیی لێكرا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای كردبوو بۆ هاوكاریی لە ئازادكردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن، ئەمەش دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر لە زینداندا بوو لە توركیا.
ترەمپ لە تویتێكیدا نوسیبوی»ئەو لەگەڵمان دەبێت لە نوسینگەی كۆشكی سپی، بە بینینی ئەو دڵشاد دەبین، ئەو مەسیحییەكی مەزنە و ئەزمونێكی زۆر قورسی بینی».
بە گوتەی ترەمپ، بڕیاری دادگای توركیا بۆ ئازادكردنی برانسۆن»دەبێتە مایەی دروستبوونی پەیوەندییەی باش و بگرە نایاب لەنێوان ولایەتە یەكگرتووەكان و توركیا».
لەبەرانبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بە ترەمپی راگەیاندبوو، بڕیاری دادگاكە بۆ ئازادكردنی قەشە ئەمریكاییەكە، بەشێوەیەكی سەربەخۆ بووە. ئەردۆغان لە تویتێكیدا نوسیبوی»جەنابی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، وەك هاوسەنگی بەردەوام لە قسەكانمان، دادوەریی توركیا بڕیارێكی سەربەخۆی دەركرد».
بە گوتەی ئەردۆغان»هیوادارین هەماهەنگی نێوان ولایەتە یەكگرتووەكان و توركیا بەجۆرێك بەردەوام بێت كە شیاوی نێوان دوو وڵاتی هاوپەیمانە»، داوای «خەباتێكی هاوبەشی» كردبوو لە دژی گروپە تیرۆریستەكان.
سەرلەئێوارەی 13ی تشرینی یەكەمی 2018، تۆنی بیركینز سەرۆكی رێكخراوی «فامیلی ریزرش كاونسڵ» لە تویتێكیدا ئاماژەی بە گەیشتنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن كردبوو بۆ بنكەی ئاندرۆزی ئاسمانی لە ولایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ نورینی هاوسەری.
وێنەیەكی قەشە برانسۆنیشی لەكاتی دابەزینی لە فڕۆكە، دانابوو.
لەكاتی پێشوازی برانسۆن لە كۆشكی سپی، ترەمپ خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە بڕیاری دادوەریی توركیا بۆ ئازادكردنی دەربڕیبوو، ئەو بڕیارەشی بە «هەنگاوێكی گەورە» لەبەردەم پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیادا وەسفكردبوو.
قەشە برانسۆن سوپاسی سەرۆكی ئەمریكای كردبوو لەبەرانبەر هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی كە بۆ نزیكەی دوو ساڵ بوو لە چوارچێوەی كەیسی «تیرۆر» و «سیخوڕی»لە توركیادا لە زینداندا بوو، ئەمەش تەنگژەیەكی دیپلۆماسی گەورەی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆندا دروستكردبوو.
دوای بەسەربردنی دوو ساڵ زیندانی و لە پاش بڕیاری دادگای توركیا بۆ ئازادكردنی، قەشە ئەندرۆ برانسۆن سەرلەئێوارەی 13ی تشرینی یەكەمی 2018 لەڕێی فڕۆكەیەكی تایبەتەوە لە توركیاوە بەرەو ئەڵمانیا و پاشان بەرەو ولایەتە یەكگرتووەكان بەڕێكەوت و لە دوای گەیشتنی لەلایەن سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە پێشوازی لێكرا.
ئیسماعیل جیم هالافۆرت، پارێزەری قەشە برانسۆن رایگەیاندبوو، برانسۆن كە تەنگژەیەكی دیپلۆماسی لەنێوان ئەنقەرە و واشنتۆن دروستكردبوو، بە فڕۆكەیەكی سەربازی ئەمریكایی لە فڕۆكەخانەی عەدنان مەندەریس لە ئەزمیرەوە بەرەو بنكەی رامشتاینی ئاسمانی ئەمریكایی لە ئەڵمانیا و لەوێوە بە فڕۆكەیەكی تر بەرەو وڵاتەكەی بەڕێكەوتووە.
دوابەدوای ئەوەش، كۆشكی سپی رایگەیاندبوو، برانسۆن لە دەرەوەی كایەی توركیایە، و لە كاتژمێر (16:00 بە كاتی گرێنیچ) دەگاتە بنكەی ئەندرۆزی ئاسمانی لە نزیك واشنتۆن.
سەرۆكی ئەمریكاش دەستبەجێ‌ خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە هەواڵەكە دەربڕی، و تەئكیدی لەسەر پێشوازیكردنی لەو قەشەیە كردبوو لە كۆشكی سپی لەپاش گەڕانەوەی بۆ وڵات.
ترەمپ لەگەڵ گەیشتنی بۆ سینسیناتی لە ولایەتی ئۆهایۆ بۆ بەشداریی لە گردبوونەوەیەكی هەڵبژاردن، بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو»مزگێنییەكی خۆش، قەشە برانسۆن ئێستا بە ئاسمانەوەیە، پێموایە تەندروستی باشە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە توركیادا دووچاری زیندانی و نیشتەجێی زۆرملێ‌ بۆوە».
ترەمپ ئەو هەواڵانەی رەتكردبۆوە كە لەلایەن میدیاكانی ئەمریكاوە بڵاوكرابوونەوە و ئاماژەیان بە بوونی رێكەوتنێك كردبوو لەنێوان ئەنقەرە و واشنتۆن كە لێوەی ئیدارەی ئەمریكا بەڵێنی دابێت گوشارە ئابورییەكان لەسەر توركیا سوك بكات. سەرۆكی ئەمریكا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو»لەگەڵ توركیا گفتوگۆمان كرد، بەڵام هیچ گرێبەستن و رێكەونێك نەكراوە».

 345 جار بینراوە