سەرەکی » دۆسێ » تەنگژە دەكەوێتە پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئەمریكا

خاشقچی هۆكارە

تەنگژە دەكەوێتە پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئەمریكا

لە بڕوای كەسدا نەبوو لە پاش 18 مانگ لە نیشتنەوەی فڕۆكە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا لە ریاز كە پێشوازییەكی گەرمی لێكرا، پەیوەندییەكانی نێوان شانشینی عەرەبی سعودیە و ولایەتە یەكگرتووەكان ساردو سڕی بەخۆوەبینن.
كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، سعودیەی هەڵبژارد وەك یەكەم وێستگەی گەشتە دەرەكییە فەرمییەكانی لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، زۆربەی سعودییەكان خۆشحاڵبوون بەو هەلبژاردنە. زۆربەی سعودییەكان لەو دەمەدا باراك ئۆباما سەرۆكی پێشوویان پشتگوێخست، بەو پێیەی ئۆباما رۆژێك لەرۆژان بایەخێكی گەورەی بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەداوە وەك ئەوان لێكدانەوەی بۆدەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا رێكەوتنی ئەتۆمی نێوان هێزە خۆرئاواییەكان و ئێرانیان بە خراپ دادەنا.
لەبەرانبەردا پێیانوابوو، ترەمپ ئەو كەسەیە كە دەكرێت گرێبەستەكانی لەگەڵ ببەسترێت. سەرۆكی ئێستای ئەمریكا، ئەو كۆتوپێوەدانەی هەڵگرت كە لە سەردەمی ئۆبامادا بەسەر فرۆشتنی چەكدا سەپێنرابوو، ئەمەش یاریدەدەر بوو بۆ ریاز لە جەنگی یەمەن، دەستی لەو گلەیی و گازندانەش هەڵگرت كە لە بواری مافی مرۆڤدا لەسەر وڵاتەكە هەبوو، لەگەڵ خۆشحاڵبوونی بە كاركردنی نێوان جارید كۆشنەری زاوای و محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانەی سعودیە كە بووە بەهێزترین پیاوانی سعودیە.
لەپاش ئەم سەردانە، جێنشینی شاهانەی سعودیەش سەردانی كۆشكی سپی و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن)، و هۆلیۆود كرد.
وێڕای ئەو ناڕەزاییانەی لە دژی رێكخرا بەو پێیەی پێیانوابوو دەستوەردانی سەربازی وڵاتەكەی لە یەمەن نەهامەتی مرۆیی زیاتری لێدەكەوێتەوە، بن سەلمان بەشێوەیەكی رەسمی لە لەندەن پێشوازی لێكرا.
لەنێو سعودیەش، دیپلۆماتكارانی خۆرئاوا ستایشی ئەو چاكسازیانەیان دەكرد كە بن سەلمان ئەنجامی دەدان، بەو پێیەی بە بوارێك بۆ هەناسەدان لێكدانەوەیان بۆ دەكرد. بوار بە ژنان درا شۆفێری بكەن كە لە رابردوودا قەدەغەبوو، شوێنە گشتییەكان بۆ كاتبەسەربردن كرانەوە، دەسەڵاتەكانی دەزگای فەرمانكردن بە چاكە و نەهیكردن لە خراپەش سنورداركران.
لە هەمان كاتدا، بن سەلمان بن سەلمان پلانەكانی خۆی راگەیاند كە بە پرۆژەیەكی چاكسازی گەورە وەسفكران و وەك هەوڵێك بۆ كۆتایی هێنان بە سەردەمی پشتبەستی سعودیە بە داهاتەكانی نەوت لێكدانەوەی بۆ كرا، ئەمەش لەڕێی دامەزراندنی شاری ئایندەوە، كە ناوچەیەكی وەبەرهێنانی بازرگانی پیشەسازییە بە تێچووی 500 ملیار دۆلار لە بیاباندا.
سعودیە لە سایەی سەركردایەتی بن سەلمان، هەنگاوی گەورە بەرەو پێشكەوتنێكی فراوان هەڵدەنێت، هەر لەم ماوەیەی ساڵی رابردوو، وڵاتانی جیهان پێشبڕكێیان دەكرد بۆ ئامادەبوون لە كردنەوەی «دەستپێشخەریی ئایندەی وەبەرهێنان» لە ریاز.
بەڵام زۆرێك لە كاروبارەكان گۆڕانكارییان بەسەرداهات. دەستەواژەكانی ئاگاداركردنەوە دەركەوتن سەبارەت بن سەلمانی ریفۆرمخوازی لیبراڵی كە خۆرئاوا بەمشێوەیە تەماشای دەكرد، كاتێك دەیان میر و گەورە بازرگانی لە هۆتێلی گەورەی ریتز لە ساڵی رابردوودا دەستبەسەركرد، بەو پێیەی تۆمەتی گەندەڵی رووبەڕووكردبوونەوە. هەروەها سەعد حەریری، سەرۆك وەزیرانی لوبنانی بۆ ماوەیەكی كەم دەستبەسەر كرد كە دەگوترا وەك هەوڵێك بووە تا تاچاری بكات دەستلەكاتربكێشێتەوە. فەرمانیشی كردبوو هەموو ئەوانە دەستگیربكرێن كە جورئەت دەكەن دژایەتی ئەو ئەجێندا چاكسازییەی بكەن كە رایگەیاندبوو، تەنانەت گەر ئەو كارە لەڕێی تویتێكیشەوە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر.
هەموو ئەمانە نەگەیشتە ئاستی دیارنەمانی گوماناوی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودیە لەنێو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ لە 2ی تشرینی یەكەمی 2018، كە لە دەركەوتووترین رەخنەگرانی بن سەلمان بوو، ئەمەش وای لە دەركەوتووترین هاوپەیمانی كرد كە ترەمپە، قسە لەبارەی «سزایەكی توند» بكات گەر سەلمێنرا حكومەتی سعودیە دەستی لە كارەكەدا هەیە.
دوای ماوەیەش سعودیە هەڵوێستی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بە تواناكانی وڵاتەكەی كرد بۆ وەڵامدانەوە، سەرنجی جیهانیشی بەلای خۆیدا راكێشا سەبارەت بە رۆڵی یەكلاكەرەوەی وڵاتەكەی لە بازاڕەكانی نەوت.
زۆرێك لە سعودییەكان لە پشت سەركردەكانیانەوە راوەستان، ئەمەش لەنێوەندی هاندانی میدیاكانی وڵاتەكە كە لەلایەن دەوڵەوە دەستییان بەسەرداگیراوە. تەنانەت پڕوپاگەندەیەكی وەهاش بڵاوبۆتەوە كە گوایە ئەوەی لە ئیستەنبوڵ رویدا، پیلانێكی قەتەر و توركیا بۆ زڕاندنی ناوبانگی شانشینی سعودیە. بەڵام بەشێوەیەكی نهێنی، ئەوانی تر دەپرسن لەوەی كە ئاخۆ بن سەلمانی تەمەن 33 ساڵ، زیادڕۆیی نەكردبێت لەو كارانەی ئەنجامیان دەدات، ئەو پیاوەی كە رۆژێك لە رۆژانە وەك رزگاركەر و خاوەنی دیدی ئایندە، تەماشا دەكرا.
ئەو پیاوە وڵاتەكەی گیرۆدەی جەنگێكی گرانبەها و قورس كرد لە یەمەن كە پێناچێت قازانجی لێبكات.
هەروەها وڵاتەكەی لە ناكۆكییەكی زیانبەخش تێوەگرن لەگەڵ قەتەری دراوسێی، وێڕای ناكۆكییەكان لەگەڵ كەنەدا لە بارەی مافی مرۆڤ، و دەستگیركردنی دەیان خۆپیشاندەری مەدەنی، لەگەڵ پەراوێزخستنی ژمارەیەك لە ئەندامانی خانەوادەی فەرمانڕەوا و گەورە بازرگانانی وڵاتەكەی. رەنگە ئەمەش وا لە زۆرێك لە سعودیە موحافیزكارەكان بكات، سۆزیان بۆ ئەو كاتانە هەبێت كە لە مێژووی وڵاتەكەیاندا، رەوشەكە زیاتر هێمن و ئارام بوو.

 327 جار بینراوە