سەرەکی » ئابووری » پلانی ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان‌و چارەسه‌رکردن

پلانی ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان‌و چارەسه‌رکردن

یەکەی ئابووری

كۆنفرانسی ئابووری نێوان شاری سلێمانی‌و شاری سنە دەستیپێکرد بەمەبەستی ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان‌و کۆتاییپێهێنانیان.

ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدرێت
بەسپۆنسەری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و لەژێر دروشمی «ئێمە پلان بەستراتیژیانە بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانە ھاوچەرخەکان دادەڕێژین»، دووھەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ھاوبەشی پارێزگای سنەو سلێمانی بەڕێوەچوو کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رێکیخستبوو.
یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کە بەشداری لەپانێڵی تایبەت بەڕەوشی ئابووری کرد، وتی: «ژووری بازرگانی و پیشەسازی لەماوەی رابردوودا یەکەم ژووربوو کە پرۆتۆکۆڵی کاری ھاوبەشی لەگەڵ شاری سنەی کۆماری ئیسلامی ئێران واژۆکردوە لەئێستاشدا لەگەڵ زۆربەی شارەکانی تری ئێراندا پرۆتۆکۆڵی کاری ھاوبەشیان ھەیە».
وتیشی: «گرنگی ئەم کۆنفرانسە بۆ زیاتر ئاگاداربوونە لەو کێشەو گرفتانەی کە ھەیە لەنێوان ھەردوو پارێزگادا تا بتواندرێت پێکەوە ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدرێت یان ئەو گرفتانەی ھەیە لەڕووی ئابوورییەوە پێکەوە بتوانین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە».

تا بتوانرێت بەرھەمەکانی زیاد بکات
ئاماژەی بەوەشدا «لەم کۆبوونەوانەدا سود وەردەگرین لەھاتنی کەسانی بەرپرسی پلەباڵای حکومی کە لەکێشەکان ئاگاداربن تا خۆیان لە نزیکەوە ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدەن و بتوانن کاری بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکان بەباشی بەڕێوەبچێت».
ئەوەشی روونکردەوە، حکومەتی ئێران دەبێت کار بکات بۆ ئەوەی کارگەکانی خۆی بێنێتە ھەرێمی کوردستان بەتایبەت شاری سلێمانی تا بتوانێت بەرھەمەکانی زیادبکات، وە لەئێستادا بازرگانانی ناوخۆ ھەوڵ بۆ دروستکردنی پەیوەندی زیاتر دەدەن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بۆ ھێنانی ئەو بەھەمانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ھەناردەکردنیانی قەدەغەکردووە».
كۆنفرانسەکە بە ئامادەبونی هەردوو پارێزگاری ئوستانی کوردستان (سنە)و سلێمانی‌و بەرپرسانی حکومی ھەردوولاو پەرلەمانتاران بەڕێوەچوو.

 588 جار بینراوە