کورتەچیرۆک

بۆنی خوێن

عومه‌ر حاجی

ئه‌م ئێواره‌یه‌ زۆر جیاوازبوو له‌ ئێواره‌كانیتر، مۆنی و تاڵییه‌ك روخساری داگرتبوو، ده‌تگوت شانۆكاره‌ و ده‌وری كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌بینێ كه‌ له‌ ئاست كێشه‌كاندا ده‌سته‌وه‌ستانه‌، كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ سه‌یرم كرد له‌ باوكی به‌یانی و نیوه‌ڕۆ نه‌ده‌چوو، له‌ ژوورێكدا به‌ته‌نیا پیاسه‌ی ده‌كرد به‌خێرایی له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری ژووره‌كه‌ ده‌هات و ده‌چوو، خۆی مۆڕ ده‌كرده‌وه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كرد له‌خۆیه‌وه‌ ده‌سته‌كانی راده‌وه‌شاند، هه‌ندێ جاریش له‌ جێگای خۆی ده‌وه‌ستا، وه‌ك ئه‌وه‌ی بییه‌وێ قسه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تردا بكات.
هه‌ر كه‌ هه‌ستی به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی من كرد، ژووری ته‌نیاییه‌كه‌ی جێهێشت و به‌ره‌و رووم هات و گوتی: تۆ چۆن كوڕێكی قسه‌ی من ده‌شكێنی، یه‌كێك له‌ نزیكترین هاوڕێكانم كچه‌كه‌یم پێشكه‌ش بكات له‌ تۆ رانه‌بینم پێی بڵێم سوپاس، خۆشت ده‌زانی ئه‌وه‌ دووجاره‌ ئه‌و بابه‌ته‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌مه‌وه‌، له‌سه‌ر قسه‌ی تۆ وه‌ستاوم، ئه‌گه‌رنا بیرێكی ترم لێكردۆته‌وه‌، دڵم خۆش بوو وامزانی كه‌سێك به‌ قاسید ده‌نێرێ و ده‌ڵێت ئه‌و هه‌تیوه‌ قورمه‌ساغه‌ رازی نه‌بوو، نه‌مزانی بیری له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌خاته‌ سه‌رسه‌ری و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی خۆی ده‌كات، به‌جۆرێك هاواری ده‌كرد، «خۆم بكوژم یان قسه‌م ده‌شكێنی؟ « چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ده‌ست به‌جێی لێده‌كردم، ده‌مزانی كاره‌سات ده‌قه‌ومێ، به‌ ناچاری سه‌ری ره‌زامه‌ندیم له‌قاند.
ئێستا دوای ساڵێك لێكجیابوونه‌وه‌ هه‌موو جارێ كه‌ ده‌یبینم خه‌م یه‌ك پارچه‌ دڵم ده‌كات به‌ پایته‌ختی نامورادی، ناتوانم سه‌یری نه‌كه‌م، خه‌می نه‌خۆم، ئاوڕی لێنه‌ده‌مه‌وه‌، له‌ جێگه‌ی خۆم ده‌وه‌ستم تا هه‌نگاوه‌كانی ونی ده‌كه‌ن، ونم ده‌كه‌ن. سه‌یره‌ من هه‌میشه‌ وه‌ك تاوانبارێك خۆم ده‌بینم كه‌چی تاوانباریش نیم، وه‌ك دوژمن سه‌یرم ده‌كات كه‌چی من دوژمن نیم. نازانم بوو به‌ ساڵێك كه‌چی له‌ بازنه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كان ده‌رباز نابم، خه‌یاڵێك به‌لایه‌كی ترمدا نابات، هه‌میشه‌ له‌ زه‌خره‌فه‌یه‌كدا بیرده‌كه‌مه‌وه‌ «تاوانبارم یان تاوانبار نیم؟» ئه‌وه‌ هاوكێشه‌یه‌كه‌ شه‌وه‌های شه‌و له‌سه‌ر جێگایه‌كه‌م خه‌ریكم كه‌چی بێهوده‌م. ئه‌و شه‌وه‌ی كه‌ یه‌كتریمان تێدا ناسی شه‌وی بووكێنی بوو، دوو كه‌سی شه‌رمن له‌ شه‌وێكی شه‌رمندا یه‌كتریان ناسی. بیرمه‌ تا دره‌نگی شه‌و ته‌نها سه‌یری یه‌كتریمان ده‌كرد، چونكه‌ یه‌كه‌م جارمان بوو روخساری یه‌كتری وا به‌باشی ببینین، ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ مه‌لا ماره‌ی بڕین ئه‌و له‌به‌ر شه‌رمنی نه‌یتوانی سه‌یرم بكاو منیش له‌به‌ر له‌چكه‌كه‌ی كه‌ نیوه‌ی روخساری داپۆشیبوو نه‌متوانی روخساری باش ببینم، به‌م هۆیه‌وه‌ هه‌ردووكمان به‌یه‌كتری غه‌ریب بووین، كه‌ سه‌یرم ده‌كرد به‌شه‌رمێكی جوانه‌وه‌ سه‌ری نه‌وی ده‌كرد، كه‌ ئه‌ویش سه‌یری منی ده‌كرد چاوه‌كانم نه‌ده‌تروكاند له‌ جوانی روخساری ورد ده‌بوومه‌وه‌، له‌و جوانانه‌ نه‌بوو هه‌تا هه‌موو لایه‌نه‌كانی تری ژیانی بۆ فه‌رامۆش بكه‌م، دواجار سه‌یرم كرد ئه‌ویش له‌ ژێره‌وه‌ به‌ نیگایه‌كی نه‌رم له‌ منی ده‌ڕوانی، ره‌نگه‌ سیمای منیش به‌ دڵی ئه‌و نه‌بێت، من گه‌نم ره‌نگم، ئه‌و ره‌نگه‌ حه‌زی له‌ ئه‌سمه‌ر بێ و سه‌دان خه‌ونیشی به‌ پیاوێكی ئه‌سمه‌ره‌وه‌ بینیبێ، نازانم چۆن چۆنی نیگاكانی بخوێنمه‌وه‌ .
به‌شه‌رمنی دانیشتین و هیچمان قسه‌یه‌كمان نه‌ده‌كرد، ده‌تگوت دوو كه‌ڕ و ڵاڵین هیچمان جه‌ساره‌تمان نه‌ده‌كرد ده‌م بكه‌ینه‌وه‌ بۆ قسه‌یه‌ك… شه‌و هه‌ر ده‌كشا… بێده‌نگییه‌كیش ژووره‌كه‌ی داگرتبوو نه‌مده‌زانی دونیا هه‌رخۆی بێده‌نگه‌ یان له‌ بێده‌نگی ئێمه‌دا ئه‌و كه‌ش و هه‌وایه‌ دروستبووه‌، به‌ شه‌رمنی هه‌ستام گڵۆپه‌كانم كوژاندنه‌وه‌، ئه‌و زه‌وقه‌ سزه‌ی من نازانم له‌ چ ئان و ساتێكدا كاره‌ساتی خوێنڕشتنی خوڵقاند، خوێنێك بۆنێكی زۆری لێده‌هات، ده‌تگوت ئه‌م ژووره‌ ده‌ كه‌سی تێدا كوژراوه‌، من له‌ نهێنی بۆنی ئه‌و خوێنه‌ نه‌گه‌یشتم، له‌به‌رخۆمه‌وه‌ ده‌مگوت ده‌بێت بۆنی خوێنڕژانی یه‌كه‌م شه‌وی هه‌موو بووكه‌كان ئاوا ناخۆش بێ؟ نا باوه‌ڕناكه‌م بۆنی خوێنی عاشقان وابێ، عاشقان خوێنه‌كه‌یان پڕه‌ له‌ ماچ پڕه‌ له‌ خه‌نده‌ و پێكه‌نین، لێوان لێوه‌ له‌ بۆنی گوڵ، تێگه‌یشتم من به‌عیشقه‌وه‌ خوێنم نه‌ڕشتوه‌، له‌م شه‌وه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌م ورده‌ ورده‌ بۆنی خوێن له‌ ژووره‌كه‌مدا كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام وێنه‌ی ئه‌م خوێنه‌ گه‌شه‌ هه‌رگیزا و هه‌رگیز له‌ چاوانمدا كاڵنابێته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*