سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » سینارێۆكانی پاش كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا

دەر و دراوسێ

سینارێۆكانی پاش كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا

سیناریۆكان زۆرن لە پاش بڕیارە كتوپڕ و بێ لێكدانەوەكەی سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بە كشانەوەی هێزەكانی لە باكووری سوریا كە ژمارەیان زیاتر لە دوو هەزار كەسە ڕەنگدانەوەو كاردانەوەی زۆری لێكەوتووەتەوە و لێدەكەوێتەوە لە ئایندەدا كارئەكتەرەكانی سەر شانۆی ڕووداوەكانی سوریا چ ناوخۆیی و چ دەرەكی هەر لە كوردەكانی سوریاوە بگرە تا شام و ئەنقەرە و تاران و مۆسكۆش.
كوردەكانی سوریا دەبنە قۆچی قوربانی ؟
ئەوەی مەترسی گەورەی لەسەرە لە پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا پێدەچێت كورد بێت، هەرچەندە كورد كە سەرەتا شۆڕشیان دەست پێكرد پشتئەستوور بوون بە توانا و خواست خۆیان و مۆڵەتیان لە كەس وەرنەگرت بۆ ئەو بزاڤە كە وەڵامدانەوەیەكی گونجاو بوو بۆ ئەو بارودۆخەی تێیدا ئەژیان، هەر لە پێنەدانی ڕەگەزنامەی سوری بۆ توێژێكی زۆر لە كوردی نیشتەجێی ئەو وڵاتە نكووڵی كردن لە مافەكانیان هەر لە خوێندن بە زمانی دایك تا دەگاتە مافی كولتووری و سیاسی،بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی ڕووداوەكانی شۆڕشی سوریا و سەرهەڵدانی ڕەوت و تاقمی تیرۆریستی جۆراوجۆر لەوانە «داعش»، هەروەها دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزانی جیهان «ئەمریكا و روسیا» لە سوریا ، كوردەكانی سوریا كەوتنە خانەی ئەمریكا و هێزەكانیان واتە( هەسەدە ) بووە بەشێكی گرنگ و دیاری شەڕی دژی تیرۆر و سەرنجی هەموو وڵاتانی پەیوەست بەو شەڕەی بۆ خۆی ڕاكێشا.
بۆیە ئێستا لە دوای بڕیارەكەی سەرۆك ترەمپ لە 19/12/2018 بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریکا لە سوریا مەترسی گەورەو ڕاستەوخۆ لە سەر هێزەكانی كوردە لە باكوری سوریا بەو پێیەی بڕبڕەی پشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتن ( هەسەدە) كە توركیا بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستانیان دەزانێت و ئەوانیش بە هێزی تیرۆریست ناوەزەند دەكات و جیاوازی نابینێت لە نێوان ئەوان و داعشدا بە تایبەتی هەر لەم ساڵی 2018 دا كانتۆنی عەفرینیان داگیركرد، ئێستاش هەڕەشەی ئاگراوی توندو تۆڵە ئامێزیان لێدەكەن و بە تایبەتی لێدوانەكانی ئەم دواییەی خلوسی ئاكاری وەزیری بەرگری توركیا لە هەسەدە كە وتی: سەنگەرەكانیان دەكەین بە گۆڕ بۆیان. بە پێشچاوی هەموو جیهانەوە هەروەها كۆكردنەوەی هێزی سەربازی لە سەر سنوورەكانی سوریا بەتایبەتی نزیك لە شارۆچكەی مەنبج و هەڕەشەی بەردەوام لە كورد ئاماژەی ترسناكن بۆ سەر ئایندەی كورد لە سوریا و هەروەها كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا وەكو داگیرسانی گڵۆپی سەوزی ئەمریكایە بۆ توركیا لە لایەن ئەمریكاوە .
چارەنووسی كوردی ڕۆژئاوا
هەرچەندە كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی (پەیەدە) هەر لە سەرەتای شۆڕشی سوریا و كشانەوەی هێزەكانی ڕژێم لە ناوچە كوردنشینەكان ئیدارەی خۆسەریان ڕاگەیاند و جۆرێك لە هەماهەنگیان لەگەڵ شامدا هەبوو، بەڵام دەستوەردان و هاتنەناوەوی ئەمریكیەكان بارودۆخەكەی بۆ ئاڵۆزتركردن و كشانەوەی ئێستاشیان ئەمانی خستۆتە بەر چارەنووسێكی ترسناکەوە، چونکە یان دەبێت لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕێكبكەون كە پێشتر دوو هەڵبژاردەی خستبوونە بەردەست ئەویش گفتوگۆ و دیالۆگ یان یەكلاكردنەوەی سەربازی، كە ئەمەیان پێدەچێت گونجاوترین ڕێگا بێت بە وتووێژ و دان و سان بگەنە چارەیەك بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە كوردیەكان، چونكە بە پێچەوانەی ئەمە و بەرەنگاربوونەوەی سوپای توركیایە كە لەسەر سنوورەكان خۆی مەڵاس داوە.
هەرچەندە بڕیارەكە ترەمپ ڕۆڵی كوردی زۆر لاواز كرد سەرەڕای ئەوەی نزیكەی 30% خاكی سوریایان لە بندەستە ، هەروەها بەشێکی زۆریی سەرچاوەكانی «نەوت و گاز و ئاویش» لەم ناوچانەدایە .
پێگەی ئێران لە سوریا
ئەم بڕیارەی ترەمپ ڕێخۆشكەرە بۆ ئەوەی ئێران ببێتە خاوەنی ڕێڕەوێك بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست ئەو خەونەیان بەدی بێت كە ساڵانێكە خەوی پێوە دەبینن و ئەمریكیەكان ڕێگر بوون، لەلایەكی ترەوە پێدەچێت توركیا و ڕژێمی سوریا ئەو ناوچانەی لە بندەستی كوردان، لە نێوان خۆیاندا دابەشیبكەن بە شێوەیەك شارەكانی ڕەقە و دێرزۆر كە سەرچاوەی نەوت و وزەن بۆ ڕژێمی سوریا و ناوچە سنووریەكانیش بۆ توركیا.
چارەنووسی تاقم و گروهەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا
مەبەست لەو تاقم گروپانەیە كە لە ئیدلبن و لە ژێر هەژموونی توركیادان، ئەمەش پێدەچێت بە ڕێكەوتنێك لە نێوان ئەنقەرەومۆسكۆ كۆتایی پێبێت و هێزەكانی سوریا بچنەوە ئەدلب بەرامبەر پێشڕەوی هێزەكانی توركیا و گروهە وابەستەكانیان لە ناوچە كوردییەكاندا.
ئەی داعش چی لێدێت ؟
هەرچەندە ترەمپ وتی: داعشمان تەواو كردوو كۆتاییمان پێهێناوە، بەڵام تا ئێستاش لە شەڕێكی سەختدان لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی سوریا لە گەڵ هەسەدە، بۆیە دوور نیە بەم بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا سەرلە نوێ‌ خۆیان ڕێكبخەنەوەو پەلاماری تر بددەنەوە، بە تایبەتی لە كاتێكدا هەسەدە هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر سوپای توركیا پەلاماری ناوچەكانیان بددەن، ئەوا ئەمان لە شەڕی داعش دەكشێنەوەو بەرەڤانی لە ناوچەكانی خۆیان دەكەن.

 376 جار بینراوە