سەرەکی » ئابووری » ئابووری نیشتمانیی

ئابووری نیشتمانیی

ن: زانیار ئیبراهیم

ئابووری نیشتیمانی، بریتییە لە سەرچاوە داراییەكانی وڵات چ لەڕووی بەرهەمهێنانەوە بێت وەك بەرهەمی كشتوكاڵ و پیشەسازی و سامانە سروشتیەكان، چ لە رووی سامانی مرۆییەوە بێت، كە سەرمایەی مرۆیی بریتییە لە دەستی كاری شارەزاو پسپۆڕ لە وڵاتدا.

لە رووی سامانی مرۆییەوە هەژارن
هەمیشە سامانی مرۆیی لە بواری زانست و شارەزاییدا رۆڵی هەبووە لە گەشەپێدانی ئابووری نیشتمانی و ئیدارەكردنی. سامانی مرۆیی لە ئابووری هاوچەرخدا بۆ خۆی بووەتە سامانێك كە دەتوانرێت وەك ئابوورییەكی نیشتمانی سەیر بكرێت، بۆ نموونە زۆر لە گەلانی پێشكەوتووی پیشەسازی ئەمڕۆ وەك ژاپۆن و ئەڵمانیا و چەندەها وڵاتی تر كە خاوەنی سامانی سروشتی نین بەڵام بەهۆی دەوڵەمەندی لە سامانی مرۆیدا لە ریزی پێشەوەی ئەو دەوڵەتانەن كە باشترین و بەهێزترین ئابووری نیشتمانیان هەیە لە سەر ئاستی جیهان.
ئەو ناوچانەی كە لە رووی سامانی سروشتییەوە دەوڵەمەندە، بەڵام لە رووی سامانی مرۆییەوە هەژارن، ئەوا دەبێت بەشێكی زۆری سامانە سروشتییەكانیان بەكاربهێنن بۆ دابینكردنی دەستی كاری شارەزا. نموونەی وڵاتانی نەوتی بە گشتی‌و هەرێمی كوردستانیش لەو نێوەندەدا ڕێژەیەكی زۆر لە داهات خەرج دەكات بۆ دابینكردنی دەستی كار و راكێشانی كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان.

كاریگەرییە خراپەكان لەسەر ئابووریی هەرێم
هەرێمی كوردستان بە درێژایی حوكمڕانی (20) ساڵ، نەیتوانیوە سیاسەتێكی ئابووریی گشتگیر و جێگیری هەبێت و ئابوورییەكی نیشتمانی روونی هەبێت، هەروەها ئابووریی هەرێمی كوردستان پشتی بە كەرتی نەوت بەستووە ئەمەش چەند كاریگەرییەكی نەرێنی هەبووە لەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان كە گرنگترینیان بریتین لە:
1- لە رووی ئابوورییەوە هەرێمی كوردستان ژێرخانێكی ئابووریی پتەوی نییەو بازاڕەكانی بۆتە جێی ساغكردنەوەی بەرهەمی وڵاتانی بیانی بەشێوەیەك لە (80%)ی بەرهەمی دانەوێڵەو لە (90%)ی گۆشتی سپی لە دەرەوە هاوردە دەكات.
2- دەست بەسەراگرتنی داهاتی هەرێم لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە، توێژێكی سیاسی – بازرگان دروست بوون كە ئەم توێژە كار بۆ پێشخستنی ئابووریی دەوڵەت ناكەن، بەڵكو كار بۆ بەرژەوەندی كەسی دەكەن و مەبەستیان قازانجكردنی كەسییەو بەرژەوەندی كەسییان بەلاوە گرنگە.
3- بەهۆی ئەو سیاسەتە ئابوورییەی كە پەیڕەو دەكرێت خەڵكی هەرێمی كوردستان دووركەوتونەتەوە لەكاری بەرهەمهێنان، ئەویش بەهۆی سیاسەتی بە مووچەخۆركردنی خەڵك، بەمەش بەرهەمهێنان كەم بۆتەوەو خەڵك چاوەڕێی دەستی حكومەت دەكات بۆ ئەوەی پێداویستی ژیانی خۆی دابین بكات. حكومەتیش پشتی بە تەنها بە نەوت بەستووە و كەرتەكانی تری ئابووری پشتگوی خستووە.
4- یەكێكی تر لەو كێشانەی كە رووبەڕووی هەرێم بۆتەوە لاوازی دەستی كاری گەنجە لەوڵاتدا بەهۆی كۆچكردنی رێژەیەك لە گەنجەكان بۆ دەرەوەو هێنانی كرێكاری بیانی بۆ پڕكردنەوەی پێویستی دەستی كار كە بە هۆی هێنانی دەستی كار لە دەرەوە رێژەیەكی زۆر لە سەرمایە دەچێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
5- بەهۆی سیاسەتی ئابووری هەڵەو خزمەت نەكردنی گوندەكان خەڵكێكی زۆری گوندەكان كۆچیان كردوە بۆ شارەكان و بەمەش بەرهەمی كشتوكاڵی بەرەو كەم بوونەوە دەڕوات.

كەرتەكانی تر پشتگوێخراون
هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی سیاسەتێكی ئابووریی روونی نییە تائێستا نەیتوانیەوە ئابوورییەكی پتەو و ژێرخانێكی ئابووریی بەهێزی هەبێت. لە لایەك لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوەوە تا ئێستا خەڵكێكی زۆری كردووە بە موچەخۆر و كە ئەمەش بۆتە هۆی كەم بونەوەی بەرهەمی خۆماڵی و كۆچكردنی جوتیارو بەرهەمهێنەرەكان بۆ شارەكان لەلایەكی ترەوە بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان تەنها پشتی بە یەك جۆر سەرچاوەی داهات بەستووە كە ئەویش نەوتە بەردەوام كێشەی ئابووریی هەیەو ناتوانێت پێداویستییەكانی كۆمەڵگە لە بودجەو مووچە دابین بكات و كەرتەكانی تری وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی پشتگوێخستوە.

 581 جار بینراوە