سەرەکی » کەلتوور » وێبسایته‌كان و ڕۆڵیان له‌ ناساندنی وشه‌دا

وێبسایته‌كان و ڕۆڵیان له‌ ناساندنی وشه‌دا

كاروان ئەنوەر
سه‌رده‌مانێك بوو ده‌بوایه‌ ته‌نها كتێبه‌كان و پارچه‌ كاغه‌زه‌كان كۆكه‌ره‌وه‌ی بیرو بۆچوونه‌كان ببونایه‌، بۆنی كاغه‌زو مه‌ره‌كه‌ب، بۆنی ماڵی كه‌سه‌ رۆشنبیرو خوێنده‌واره‌كان بوو، چه‌كمه‌جه‌كان و ره‌فی كتێبخانه‌كان هه‌ڵگری بیری رۆشنبیری بوون، رێكدانانی كتێبه‌كان و بۆنی كاغه‌زی كۆن، تابلۆیه‌كی جوانیان به‌ ره‌ونه‌قی ماڵه‌كان ده‌به‌خشی..
ئه‌مڕۆ خه‌ریكه‌ بۆنی كتێب له‌ لووتی كه‌سدا نامێنێت، به‌ ده‌گمه‌ن له‌ ماڵه‌كاندا كتێبخانه‌ ده‌بینرێن، مناڵه‌كان ته‌نها به‌ كتێبه‌كانی قوتابخانه‌ ئاشنان، ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ لێره‌و له‌وێ له‌ مایه‌ پوچبووندان، خه‌ریكه‌ كتێب ته‌نها بۆ قوتابخانه‌ به‌ كاردێت ..
له‌ناوه‌ندی بۆشایی كتێب و كتێبخانه‌كاندا ده‌شێت ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆكتێب و ئه‌رشیفكردن و دۆكۆمێنتاری دۆزرابێته‌وه‌.. بێگومان وێب سایته‌كان ئێستا ئه‌و رۆڵه‌ ده‌بینن، له‌ ڕێگای هه‌ڵگرتن و بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ ده‌نگ و ڕه‌نگ و نووسراو، ڕۆڵێكی باش ده‌بینن بۆ پاراستنی ده‌ستنوسه‌كان ..
به‌ پێشكه‌وتنی هۆكاره‌كانی گه‌یاندن، ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی فیكر به‌ بواری نووسین هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌، كاتێك كه‌ ته‌نها رۆژنامه‌كان هۆكاربوون، بواری ئه‌رشیف و كۆكیۆمێنت كردن سنوورداربوو، پاشان به‌ سه‌رهه‌ڵدانی مایكروفیلم و رادیۆو تیڤیه‌كان، بابه‌ته‌كان له‌ڕه‌فه‌كانه‌وه‌ گوازرانه‌وه‌ بۆ ناو كاسێت و مایكرۆفیلمه‌كان و له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ردوو جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌مدا، ئه‌م هۆكارانه‌ زیاتر كاریان بۆ ده‌سته‌به‌ركراو گه‌یشتنه‌ ترۆپكی هه‌ڵگرتنی بیری مرۆڤایه‌تی، له‌ به‌سه‌رهات و ئه‌ده‌ب و هونه‌رو تۆماركردنی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی هه‌ساره‌ی زه‌وی..
ئه‌مڕۆی جیهانگیری و بچووككردنه‌وه‌ دۆكیۆمێنته‌كان له‌میمۆریه‌كاندا، ته‌واو هاوكارن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نووسراو به‌سه‌رهات و كرۆكی بیری مرۆڤ بخرێنه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵگرتن و به‌كارهێنانه‌وه‌ی بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو، ئه‌مڕۆش ئێمه‌ی كورد له‌م ته‌كنه‌لۆژیایه‌ بێبه‌ش نین، تونراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی فراوان سوود له‌ ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ربگرین، ئه‌م سوود وه‌رگرتنه‌ش بواری نووسین و رۆمان و ئه‌ده‌ب و شیعرو چیرۆك و سه‌رجه‌م هونه‌ره‌كانی تریشی گرتوه‌ته‌وه‌..
 ئه‌گه‌ر باس له‌چه‌ند نموونه‌یه‌ك بكه‌ین كه‌ ته‌كنه‌لۆژیا هاوكاری بڵاوكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌كان بووبێت و له‌فه‌وتان پاراستبێتی، ده‌شێت له‌م سه‌روبه‌نده‌دا باس له‌ بابه‌ته‌كانی یه‌ك له‌ ژنه‌ نووسه‌ره‌كانی كوردستان بكه‌ین كه‌ نووسینه‌كانی مۆركێكی تایبه‌تی و ده‌ست و په‌نجه‌ی ژنه‌ نووسه‌رێكیان پێوه‌ دیاره‌ كه‌ له‌ مۆركی هیچ نووسه‌رێكی تر ناچێت ..
ئه‌م ژنه‌ نووسه‌ره‌ چه‌ندین چیرۆك و چیرۆكی درێژو رۆمانی نوسیوه‌ و له‌ هه‌ندێكیاندا ئه‌فراندنی كردووه‌، چه‌ندین بابه‌تی وه‌رگێڕاون بۆ زمانه‌كانی تر، له‌ بابه‌ته‌كانیدا به‌سه‌رهات و گوزه‌شته‌ی سه‌رده‌مانێكی تۆماركردووه‌ كه‌ ده‌كرێت بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌كی تۆماركراو بخرێنه‌ ڕوو، بخوێنرێنه‌وه‌، چاپ بكرێنه‌وه‌..
هه‌ڵگرتن و ئه‌رشیف كردنی ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌ دوو توێی وێب سایتێكدا كارێكی پرۆفیشناڵانه‌ی ده‌وێت، ده‌كرێت له‌شێوازی كتێبخانه‌یه‌كی ئه‌لكترۆنیدا وه‌ك ئه‌زمونێكی نوێ سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كان ئاماده‌ بكرێن بۆ خوێندنه‌وه‌..
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی وێب سایتی گه‌ڵاوێژ وه‌ك ئه‌زمونێكی نوێ ده‌شێت سه‌رجه‌م نووسه‌ران و ئه‌دیبان چاو له‌م دیارده‌یه‌ بكه‌ن ..
ئه‌گه‌ر كه‌ڵچه‌ری ئه‌رشیفكردن و هه‌ڵگرتن بێته‌ خویه‌ك لای نووسه‌رانمان، بێگومان ده‌بنه‌ هۆكارێكی باش بۆ زیاتر بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری له‌سه‌ر ئاستی فراواندا، ئه‌وه‌ش به‌ده‌ر له‌ به‌كارهێنانی ڕه‌فه‌ی كتێبخانه‌كان، وێب سایته‌كانی ده‌بنه‌ كانگای خۆ رۆشنبیركردن و به‌رده‌وام بوونی ڕه‌وتی خوێندنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌ڵچه‌ره‌ له‌لاپه‌ڕه‌ كاغه‌زیه‌كانه‌وه‌ بۆ ناو سكرین و سمارت فۆن و وێب سایت و په‌یجه‌كان، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌وتی خۆ رۆشنبیركردن و خوێندنه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت و هه‌رده‌م له‌ گه‌ڵ گۆڕان و پێشكه‌وتنی هۆكاره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا،  ئێمه‌ش شان به‌ شانی ئه‌م ڕه‌وته‌ به‌رده‌وام بین و له‌ كاروانی به‌رده‌وامی نووسین و خوێندنه‌وه‌ دانه‌بڕێین..
 ئه‌م نموونه‌یه‌ی سایتی گه‌لاوێژ یه‌ك له‌و نمونانه‌یه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌زموون لێی بڕوانین و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ش بگوازینه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م نووسه‌رو هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسانی تری كوردستان..
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*