سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » من شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێدرا یه‌كێك له‌ رۆمانه‌كانی…

عه‌بدولكه‌ریم شێخانی:

من شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێدرا یه‌كێك له‌ رۆمانه‌كانی…

من شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێدرا یه‌كێك له‌ رۆمانه‌كانی گه‌لاوێژخان بكه‌م به‌ عه‌ره‌بی به‌ ناوی رێبوارێكی سه‌رگه‌ردان

مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم شێخانی باس له‌ ئه‌ده‌بیاتی گه‌لاوێژو جیهانبێژی گه‌لاوێژخان ده‌كات له‌بواری هونه‌رو رۆمان و شاكاره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی:
 مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم شێخانی سه‌باره‌ت به‌ گه‌لاوێژخان ده‌ڵێت: له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ لێهاتووه‌، زۆر كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری خاڵی خوالێخۆشبوو مامۆستا هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا كه‌ یه‌كێكبووه‌ له‌ پیاوه‌ هه‌ره‌ به‌رزو تێكۆشه‌رو خه‌باتگێڕه‌كانی كورد، هه‌موو ژیانی خۆی له‌ ده‌ربه‌ده‌ری و خۆشاردنه‌وه‌دا بردوه‌ته‌سه‌رو له‌پێناوی كوردایه‌تیدا خۆی به‌ختكرد.. ئه‌وان هه‌موو خێزانه‌كه‌یان توشی ده‌ربه‌ده‌ری ده‌بن، وه‌كو پیشه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستانی عه‌ره‌ب له‌ عیراق زۆركات كه‌سانی لێهاتوو و پێشكه‌وتویان له‌ زێدی خۆیان دوورخستووه‌ته‌وه‌و وه‌كو بڵێین نه‌فیان كردوون بۆ ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراق. ئه‌مانیش به‌ر ئه‌و شاڵاوی نه‌فیكردنه‌ كه‌وتوون. سه‌ره‌تا ده‌یاننێرن بۆ قه‌زای عه‌فك له‌ دیوانیه‌و له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌، له‌وكاته‌دا گه‌لاوێژخان ته‌مه‌نی 5 ساڵان بووه‌، دواتر له‌ ساڵی 1947 شوو به‌ مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌كات.
ده‌شڵێت: گه‌لاوێژخان هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ی خوێندنی كه‌م بووه‌، به‌ڵام خۆی پێگه‌یاندووه‌، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی ئه‌و وانه‌ی تێدا خوێندووه‌ زۆرجار له‌ قوتابخانه‌كانی تر پێشكه‌وتووترو باشتربووه‌. مامۆستا ئیبراهیمیش كه‌ خۆی پیاوێكی خوێنده‌وارو رۆشنبیرو سیاسی و مافناس بووه‌، زۆر پشتیوانی كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌لاوێژخان كه‌وته‌به‌ر كاریگه‌ری مامۆستا ئیبراهیمیش. له‌و ماوه‌یه‌ی هاوسه‌رگیری كردووه‌، مامۆستا ئیبراهیم توشی چه‌ندین ده‌رده‌سه‌ری بووه‌، گه‌لاوێژخانیش له‌هه‌موو خۆشی و ناخۆشییه‌كانیدا له‌گه‌ڵیدا بووه‌. هه‌روه‌ها له‌پێشترو كاتی هاوسه‌رگیریشدا حه‌زی به‌ نووسین كردووه‌و په‌یوه‌ندی كردوه‌ به‌ چه‌ند گۆڤارێكی میسرییه‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ مجله‌ كواكب بووه‌، پاشان ده‌ستیكردووه‌ به‌ نووسین و ئه‌وه‌ی له‌ ژیانیدا بینیویه‌تی له‌ نووسینه‌كانیدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌. توانیویه‌تی به‌ زمانێكی پاراو ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت ده‌ریببڕێت.
مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم شێخانی ده‌شڵێت: من شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێدرا یه‌كێك له‌ رۆمانه‌كانی گه‌لاوێژخان بكه‌م به‌ عه‌ره‌بی به‌ناوی رێبوارێكی سه‌رگه‌ردان، كه‌ باسی ژیانی كچێك ده‌كات و توشی چه‌رمه‌سه‌ری و ناخۆشی ده‌بێت.
ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات: ئه‌و ده‌ربه‌ده‌ریانه‌ی بینیویه‌تی له‌گه‌ڵ مامۆستا ئیبراهیم به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلول، كه‌ چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌موو شووچێكی كوردستان گه‌ڕاون و ئه‌وه‌ی كه‌ بینیویه‌تی نووسیویه‌تیه‌وه‌و له‌شێوه‌ی رۆمان بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌. بۆنموونه‌ رۆمانی به‌ره‌و ئه‌شكه‌وتی دلێران. دواتریش كه‌ ده‌ربه‌ده‌ربوون و ده‌چنه‌ به‌ریتانیا، له‌وێش وازی له‌ نووسین نه‌هێناوه‌و مامۆستا ئیبراهیم پشتگیری كردووه‌و هانیداوه‌ به‌رده‌وام بێت.
روونیشیده‌كاته‌وه‌: ئێمه‌ی كورد نووسه‌ری ژنمان كه‌مه‌، به‌تایبه‌ت رۆماننووس، ده‌توانم بڵێم گه‌لاوێژخان یه‌كه‌مین ژنه‌ كه‌ له‌و مه‌یدانه‌دا هه‌وڵیداوه‌و چه‌ند رۆمانێكی هه‌یه‌، بڕواناكه‌م كه‌سی تر هه‌بێت بتوانێت وه‌كو گه‌لاوێژخان ئه‌وه‌نده‌ به‌رهه‌می زۆر هه‌بێت، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی لێهاتوویی و توانای خۆیه‌تی.

 27 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*